کێشەکانی خانوی پلاستیکی لە بازیان

09:39 - 2024-08-19
یاسین ئەحمەد خدر
123 خوێندراوەتەوە

یاسین ئەحمەد خدر



کێشەی جووتیاران بێ بازاڕیی و ساغ نەبوونەوەی بەرهەمەکەیانە، یاخود پارە ناکات و تێچووی خۆی دەرناکاتەوە



ئێستا بەرهەمەکانی خانوی پلاستیکی بازاڕی شارەکانی هەرێمی کوردستان و عیراقی پڕکردۆتەوە و جووتیاران بەوپەڕی توانایانەوە لە هەوڵدان بۆ باشترکردن و زیادکردنی بەرهەمەکانیان، لە هەمانکاتدا چاوەڕێین لەلایەن حکومەتەوە هاوکاری بکرێن بە مەبەستی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی رویان تێدەکات.
خانوی پلاستیکی شێوازی نوێی کشتوکاڵکردنە، بەهۆی چەند هۆکارێکەوە شێوازی کۆنی کشتوکاڵکردن زۆر کەمی کردووە، بەتایبەت بەهۆی کەمبوونەوەی ئاو و بێ بازاڕی و توانای زۆر و داهاتی کەمەوە، خانوی پلاستیکی لەشێوەی خانودایە کە لەناویدا رووەکەکان لەژێر بارودۆخی نیمچە کۆنترۆڵدا دەچێنرێن بۆ پاراستنیان لە تیشکی خۆر و کەشوهەوای نالەبار، ژینگەیەکی گونجاو دابین دەکات بۆ زوو گەشەکردن.
لە ناوەڕاستی ساڵانی دوو هەزارەوە خانوی پلاستیکی لە قەزای بازیان پەیدابووە، ساڵ بەساڵ زیادی کردووە و ئەمساڵ نزیکەی 700 جووتیار لە زیاتر لە 15هەزار خانوی پلاستیکدا خەریکی چاندنی بەروبوومی کشتوکاڵی بوون.
هەرچەند دەتوانرێت خانووە پلاستیکییەکان بە زۆر جۆر بەروبووم بچێنرێت، بەڵام لە قەزای بازیان بەشی هەرەزۆریان دەکرێن بە خەیار، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێك دەگەڕێتەوە، وەك: لە ساڵێکدا چەند جارێك دەتوانرێت بچێنرێت، هەفتەی چەند جارێك بەرهەمی هەیە، ئاسانتر و زووتر لە بازاڕدا ساغ دەکرێتەوە و خواستی لەسەرە.
ئەمساڵ ئەو جووتیارانەی لە خانووە پلاستیکییەکاندا خەیاریان چاندووە لە قەزای بازیان رووبەڕووی چەند کێشەیەك بوونەتەوە، بەشێکی کێشەکان درێژکراوەی ساڵانی رابردووە و بەردەوامییان هەیە، لەوانە: کاری ئەم جۆرە کشتوکاڵە سەرباری ناڕەحەتی و ماندوبوونی زۆر و بەردەوام، بەڵام بەشێکیان لە کۆتاییدا تەنها هیلاکییەکەیان بۆ دەمێنێتەوە و هیچ قازانجێك ناکەن، گرانبوونی نرخی دەرمانە کیمیاییەکان دوو بەرامبەر بەراورد بە ساڵی رابردوو لە کێشە گەورەکانیانە، جگە لەوەی بەهۆی زیادبوونی نەخۆشی رووەکی و مێرووی زیان بەخشەوە، دەبێت دەرمانی زیاتر بەکاربهێنن، سەرئەنجام تێچووی کارەکەیان زۆر زیاتر بووە و دەبێت لە کۆتاییدا بەشی زۆری داهاتەکەی بدەنەوە بە بازرگانانی دەرمان، گرانبوونی نرخی کرێکار و گواستنەوە و داگرتن و باجی عەلوە چەند کێشەیەکی دیکەی جووتیارانە و داوادەکەن ئەو باجەی لێیان وەردەگیرێت نەمێنێت.
کێشەی گەورەی جووتیاران بێ بازاڕیی و ساغنەبونەوەی بەرهەمەکەیانە یاخود پارە ناکات و تێچووی خۆی دەرناکاتەوە، پڕبوونی بازاڕەکانی کوردستان و عێراق لە خەیاری ئێرانی هۆکاری سەرەکییە، هەرچەندە حکومەتی هەرێم رێگری کردووە لە هێنانی خەیار بۆ بازاڕەکانی هەرێم، بەڵام بەشی زۆری خەیاری بازیان دەچێت بۆ باشووری عیراق، چونکە زیادە لە بەکارهێنانی ناوخۆ و لەوێش ناتوانێت بەربەرەکانی بکات لەگەڵ خەیاری هەرزانی ئێرانی.
هاوکاریکردنی جووتیاران لەلایەن حکومەتەوە بە دابینکردنی کەرەستەکان و دەرمانی کیمیایی بە نرخی هەرزانتر لە بازاڕ و نەهێشتنی باج و دۆزینەوەی بازاڕ لە داواکارییە سەرەکییەکانی جووتیارانی بازیانە، بۆئەوەی بەردەوام بن لە کارەکەیان و گەشەی زیاتری پێبدەن.

وتارەکانی نوسەر