تیك تۆک (Tik Tok) خزمەتگوزارییەکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی بەشداریکردنی ڤیدیۆییە، کۆمپانیایەکی تەکنۆلۆژیی ئینتەرنێتی چینی خاوەنداریەتی دەکات، ساڵی2012 لەلایەن(ژانگ بیمینگ)ەوە دامەزراوە، بۆ دروستکردنی کورتە موزیك و ڤیدیۆ. ساڵی2017 تیك تۆك بۆ سیستمەکانی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید لە زۆربەی مارکێتەکانی دەرەوەی وڵاتی چین دەستیپێکرد، بەکارهێنەر دەتوانێت پارچە ڤیدیۆی(3چرکە) بۆ(10خولەك) بڵاوبکاتەوە.
بەهۆی کاریگەرییە کەلتوورییەکانی لەسەر ئاستی جیهان، چەندین وڵات بەکارهێنانی تیک تۆکیان سنووردار کردووە یان قەدەغەیان کردووە، ئەمەش زیاتر بەهۆکارەکانی: سەلامەتی منداڵان، رەگەزپەرستی، ناوەڕۆکی ژەهراوی، زانیاری هەڵە و تێکدانی تەندروستی دەروونی.
کوردیش بەدەر نییە لە بەکارهێنانی تیك تۆك و رۆژبەڕۆژ ژمارەی بەکارهێنەرانی زیاد دەکات، کاریگەریی بەکارهێنانی لەسەر کۆمەڵگەی کوردی لە ئێستادا دەرکەوتووە، بەتایبەت لەلای مێرمنداڵان و گەنجان کە بە شێوەیەکی فراوان لەناویاندا بڵاوبۆتەوە، کاریگەرییەکە زیاتر نەرێنییە و هۆکارێکە بۆ بەشێك لە ئاڵانگاری و کێشە کۆمەڵایەتییەکان، گۆشەگیری کۆمەڵایەتی، بەهەدەردانی کات و وزە، هەراسانکردنی سێکسی و توشبوون بە لەشفرۆشی، خەمۆکی و ئازاردانی خود، لە مەترسیدارترین کاریگەرییەکانی بەکارهێنانی تیك تۆکە.
بەشێوەیەکی بەرچاو تیك تۆك کاریگەریی هەیە لەسەر کەلتوری باوی کۆمەڵگەی کوردی، چونکە بەهۆی بەکارهێنانییەوە رەفتار و بیروباوەڕی زۆر جیاواز بە کۆمەڵگەی کوردی بڵاوبۆتەوە و هۆکارێکە بۆ پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان. بڵاوکردنەوەی ئەو پارچە ڤیدیۆییانەی کە مۆرکی توندوتیژییان پێوەیە، یاخود سوکایەتی، جنێو و قسەی ناشیرین، هاندان بۆ رق لێبوون، دیمەنی ناشایستە، جیاوازی چینایەتی و کۆمەڵایەتی، گاڵتەکردن بە کەسانی رۆشنبیر و نوخبەی کۆمەڵگە..هتد. هەموو ئەمانە هۆکارێکن بۆ زیادبوونی تاوان و توندوتیژی و دەبنە بەدیهێنانی ژینگەیەکی نائارام بۆ هەمووان.
سەرباری لایەنی نەرێنی تیک تۆک، بەڵام لایەنی ئەرێنیشی هەیە ئەگەر بەشێوەیەکی دروست بەکاربهێنرێت، وەك: فێربوون و فێرکردن لەڕێگەی بەرنامە کردارییەکانەوە، بەشداریکردنی هەندێ لەو ڤیدیۆیانەی کە ناوەڕۆکێکی ئامانجداریان هەیە، بازاڕکردنی ئەلکترۆنی و بڵاوکردنەوەی بەرهەم بۆ کڕین و فرۆشتن، تەماشاکردنی پارچە ڤیدیۆی گاڵتەئامێز بۆ کاتبەسەربردن کە مەبەستی ئامانجداری دروستی لە پشتەوەیە.
* توێژەری کۆمەڵایەتی