لەشکرکێشییەکان و تێکدانی دۆخی گەشتیاری

11:00 - 2024-07-30
عوسمان ساوجی
334 خوێندراوەتەوە

هێرش و پەلاماری سوپای تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی ئەم قەوارەیە، پێشتریش هەرهەبووە بەتایبەتی دوای رێککەوتنە ئەمنییەکەی لەگەڵ حکومەتی عیراق. 

تەقینی هەر گوللەیەک زیان بە ژینگەی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت، چونکە سروشتی ئێستا وایە و بەتەواوی گژوگیا دەپەرێت و بەئاسانی گڕ دەگرێت 

ئەگەر زیاتریش بگەڕێنەوە لەهەر قۆناغێکدا بەڕوونی دەبینرێت کە تورکیا بۆ ساتێکیش درێغی نەکردووە لە لێدان لەهەر جووڵانەوە و سەرهەڵدانێکی کوردی لەهەر شوێنێک بێت. هێرشەکان دەکرێت بۆ هەر قۆناغێک چەندین پاساویان بۆ بهێننەوە کە دەکرێت هەر یەکەیان توێژینەوەیەکی لەسەر بکرێت.
سەبارەت بەدوایین هێرشی سەربازی کە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دەستیپێکردووە و ئامانج لێی تەواوکردنی هێڵی ئاسایشی سنوورەکانی تورکیایە
بەوتەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە، رووبەرێکی ئێجگار فراوانی ناوچەکانی بادینانی کردۆتە گۆڕەپانی شەڕی راستەوخۆ، هەروەها چەندین ناوچەی تریش کەوتوونەتە بەر هێرشی ئاسمانی فڕۆکە و درۆنەکان، لەو بارەوە  گرنگە ئاماژە بۆ دوو جیاوازیی شوێن و کات بکەین :
شوێن: زۆرینەی ئەو ناوچانەی لە هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە بەر‌هێرشە زەمینی و هەواییەکان، ناوچەی شاخاوی و کوێستانە دڵگیرەکانن کە سەرباری ئەوەی سەدان گوندی ئاوەدانیان لە خۆگرتووە و هەوارگەی ئاژەڵدارەکان بوون، ماوەیەکە ببوونە رووگەی گەشتیارانێکی زۆر، بەتایبەتی گەشتیاری ناوخۆیی کە لە ناوەڕاست و خوارووی عیراقەوە دەهاتن.
کات: هەرچەندە بە درێژایی ساڵ تورکیا بەردەوامیی بەو هێرشانە دەدات، بەڵام قورسایی هێرشەکان دەکەوێتە کۆتایی بەهار و هاوین، ئەوەش ئەگەر لەڕووی پلانی سەربازییەوە بۆ لەباریی کەش و هەوا بێت بۆ جموجۆڵی زەمینی و دەست نیشان کردنی ئامانجەکان بەشێوازێکی وردتر، ئەوا خاڵێکی گرنگ و ئاماژە بۆ نەکراوی بریتیە لەو زیانە گەورەیەی کە تەقینی هەر گوللەیەک زیان بە ژینگەی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت، چونکە سروشتی ئێستا وایە و بەتەواوی گژوگیا دەپەرێت و بەئاسانی گڕ دەگرێت کە ئەوەش مەترسی گەورە بۆ سەر رەز و باخ و دارودرەخت و ژیانی کێوی ئەو ناوچانە دروستدەکات.
لێرەوە دەمانەوێت بڵێین هێرشەکانی تورکیا لەپاڵ ئامانجە سەربازی و ئەمنی و سیاسییەکان کە سەرجەمیان زیانی زۆری مرۆیی و ئابووری و ئاوەدانییان لێکەوتۆتەوە، هەڕەشەیەکی گەورەشیان بۆ سەر ژینگەی کوردستان هەبووە، بەتایبەتی ناوچە کوێستانییەکان بەدرێژایی سنووری هەرێم لەگەڵ تورکیا و ئێران لە زاخۆوە تا پێنجوێن.
ئەوەش بۆ رێگریکردن لە بوژاندنەوەی ئەو ناوچانە لەڕووی گەشتیارییەوە کە ئەگەر کاری جدیان بۆ بکرێت لە ئایندەیەکی مامناوەندا جێگرەوەیەکی باش دەبن بۆ گەشتیارانی عیراق و ناوچەکە بۆ گەشتی تورکیا و کاریگەریشی لەسەر ئابووریی هەرێم دەبێت، ئەوەش بەهۆی تایبەتمەندییەکانی سروشتی ئەو ناوچانە کە گەشتیاران بۆ گەشتەکەیان تێچوویەکی زۆر کەمیان دەوێت و پێویستیان بە رێکارەکانی گەشتکردن وەک ڤیزا و بلیت نابێت، لەسەروو هەمووشییەوە، بەهیچ شێوەیەک لە کوردستان رووبەڕووی هەڵسوکەوتی رەگەزپەرستی و پەلامار و سووکایەتی پێکردن نابنەوە کە ساڵانێکە کەرتی گەشتیاری تورکیا بەدەستییەوە دەناڵێنێت و ئەمساڵ گەیشتە ئاستێکی بەرز.

وتارەکانی نوسەر