بەگوێرەی تیۆری واقیعی بوایە، کاراکتەری سەرەکیی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکاندا دەوڵەتانن و ئەوان دەتوانن بڕیاری کۆتایی لەو کەشە بدەن کە جیهان پیایدا گوزەر دەکات.
تیۆرەکانیش، هەرچەندە داڕێژەرانی شارەزا و لێهاتوو، بیریان لە رەهەندەکانی کردبێتەوە، بەڵام هێشتا لە رەخنە و دەرکەوتنی خاڵی لاواز بەدەرنین، بەتایبەتی کە ئەم بوارە مرۆڤ تیایدا رۆڵی سەرەکی دەگێڕێت و شێوازی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و بڕیاردانی مرۆڤیش لەهەر سەردەمێکدا بەشێوەکی بنچینەیی یان رێژەیی گۆڕانی بەسەردادێت و بەشێک لەو بیرکردنەوەیەی پێشتر وەک باوەڕێکی رەها دەیبینی، دەبێتە بابەتێکی فەرامۆشکراو و هەندێکجار گاڵتەجار، لەبەرئەوە لە قۆناغەکانی دواتردا چەند تیۆری تر لەگەڵ شوێنکەوتوانی واقیعی کەوتنە ململانێ و بە دیدگایەکی فراوانترەوە لە پرسەکەیان روانی و کاراکتەری دیکەیان بۆ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەستنیشان کرد.
هەڵبەت دەبێ ئەوەش بوترێت کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەمیشە لە بارێکی جێگیردا نین و بەگوێرەی دید و تێڕوانین و دنیابینی لایەنە بەشداربووەکان، پەیوەندییەکانیش گرژبوون و خاوبوونەوەیان بەسەردا دێت.
کورد لەو نەخشە دروستکراوەی رێککەوتننامەی سایکس بیکۆ بۆ خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشکردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی دایڕشت، کرا بە پارسەنگ بۆ دروستکردنی چوار دەوڵەت کە هیچ مۆرکێکی ئەم نەتەوەیە لەسەر بونیاد و دەمەزراوە و سیستمی سیاسی و ئاڵاکەیان نەبوو. بە تێپەڕینی زیاتر لە 100 ساڵ، کورد نەیتوانی رۆڵی هەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی دەوڵەتانی ئیقلیمی وەک بکەر (سابجێکت) و کاریگەریی راستەوخۆشی نەبوو لە ئاڕاستەی رووداوەکان و ئەوەشی کە کراوە پەیوەندیدار بووە بە سیاسەت و بەرژەوەندیی دەوڵەتانی ئیقلیمی و زلهێزەکانەوە، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەبووە کە بەشێک لە نووسەران و شارەزایانی کورد ناویان ناوە قۆناغی 100 ساڵەی کورد لەدەرەوەی مێژوو.
ئێستا کە دۆخەکە گۆڕانێکی راستەقینەی بەخۆیەوە بینیوە و جارێکی تر ناوچەکە ژانی لەدایکبوونی نەخشەیەکی نوێ گرتوویەتی، ئایا دەکرێت کورد بەناوی بێلایەنی و ترس لە قڕکردن و تۆڵەسەندنەوەی لایەنە دۆڕاوەکان دەستەوستان دابنیشێت و چاوەڕێی دەستی لایەنە ناکۆکەکان بێت پشکێک مافی بەخێر پێبدەن؟
زیاتر لە 20 ساڵە سەرزەمینی کوردستان بووە بە گۆڕەپانی ململانێ نێودەوڵەتییەکان و هەرلایەک بەوپەڕی توانای خۆیەوە هەوڵی پچڕینی زۆرترین بەش دەدات و ئەوانەی تریش کە توانای تەواویان نییە بۆ چوونە نێو ململانێکان پارێزگاری کردن لەخۆیان بووە بە کاری لە پێشینەیان، دەستەبژێری رۆشنبیرانی کورد تا ئێستا نەیانتوانیوە نەک بە کرداری، بەڵکو بە تیۆریش ئەوە روون بکەنەوە کە پێویستە کورد چی بکات؟ زۆرینەیان هێشتا سوورن لەسەر ئەوەی کە ململانێکان پەیوەندییان بە کوردەوە نییە و نابێت هیچ بەشدارییەک لەو پرسەدا بکات. لەبەرئەوەی ئەم بیرکردنەوەیە هی قۆناغی جەنگی یەکەمی جیهانییە، ئەوە ئەنجامەکەشی هەرئەوە یان بەکەمێک جیاوازییەوە دووبارە دەبێتەوە.
لەکاتێکدا دوای هەرەسهێنانی دەوڵەتی عوسمانی، زۆرێک لە گەلانی ژێردەستەی ئەوان، بە کەمتر لە سەربەخۆیی ئامادەی دانوستان و سازش نەبوون، کەچی داواکاریی کورد لە بازنەی مافە سەرەتاییەکانی وەک مافی فەرهەنگی تێنەپەڕیوە.