کورد لە عیراقی دوای فیدراڵیدا

10:54 - 2025-06-11
عوسمان ساوجی
58 خوێندراوەتەوە

عیراقی نوێ، ئەم دەستەواژەیە لەدوای پرۆسەی ئازادی خزایە ناو ئەدەبیاتی سیاسی  ئەم وڵاتەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بە هاوکاری هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان کە لایەنە کوردییەکان پێکهاتەی سەرەکییان بوون کۆتاییان بە فەرمانڕەوایی دەیان ساڵەی رژێمی داپڵۆسێنەری بەعس هێنا و کوردیش بە ئومێدی گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکانی بەشدارییەکی کارای کرد هەم لە رووخاندنی رژێمەکە و هەم لە بونیادنانەوەی ئەم دەوڵەتەدا.
ئەم قۆناغە بەناوی سەرەتایەکی نوێ و پەیڕەوی کردن لە سیستـمێکی فیدراڵی پاڵپشتی کراو بە یاسا و دەستوور، لە رووکەشدا وەک دەستپێکی قۆناغێکی نوێ هاتە بەرچاو، بەڵام لە یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنیدا، تووشی شکست بووەوە و ئیتر رۆژ بەدوای رۆژ، ئاماژەکانی پاشەکشە و لاوازبوونی دیموکراسی زیاتر دەردەکەوتن. 
پێکهاتەی عەرەبی و لەناویشیاندا شیعەکان،  هیچ دەرفەتێکیان بۆ دامەزراندنی هەرێمی تری فیدراڵی نەهێشتەوە و ئەوەیان بە مەترسی بۆ یەکپارچەیی خاکی عیراق هەژمار دەکرد، هەرچەندە ئەوە لەدەستووریشدا وەک مافێکی ئەو پارێزگایانە دانیپیادانراوە کە بە زۆرینەی دەنگ  بڕیار لەسەر پێکهێنانی هەرێمێکی فیدراڵی دەدەن، نەک هەر ئەوە، بەڵکو خودی ئەو دیموکراسییەش کە بانگەشەی بۆ دەکرا و ناونرابوو دیموکراسی بە رێککەوتن(توافقی)، جۆرێک بوو لە پاشگەز بوونەوە لە دیموکراسی و نیشانەی خواستی ئەوان بوو بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ناوەندی و سەپاندنی دەسەڵات بەسەر سەرتاسەری ئەو جوگرافیایەی ناونراوە عیراق. ئەمانە و دەیان رووداوی تری وەک جووڵاندنی هێز دژی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی کوردستان بەهۆی ریفراندۆمەوە لە ساڵی 2017 و دانانی گومرگ لەسەر ئەو کاڵا و شمەکانەی لە کوردستانەوە دەچنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور و گوشاری سوپا بۆ دەرپەڕاندنی کورد لە ناوچە زەوتکراوەکانی بەناو ماددەی 140 بەتەواوی هاوبەشیی کوردیان لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵیدا، کردە رووکەش. 
هەنگاوێکی تری حکومەتی فیدراڵ کە عیراقی بوونی هاووڵاتیانی کوردستانی پووچەڵ کردەوە، بڕینی مووچەی مووچەخۆرانی کوردستانە، دەسەڵاتدارانی حکومەتی فیدراڵ لە ململانێ سیاسییەکانیاندا لەگەڵ کوردستان هەوڵ دەدەن چەند کارتێک تێکەڵاو بکەن، ئەوەش لەپێناوی ئەوەی زۆرترین گوشاری لەسەر دروستبکەن. لەبەرئەوە ناکرێت چیتر کورد بەم شێوازەی خواستی گۆڕانکاریی لەم سیستمە پەرەبسەنێت و ببێتە خواستی شەقام و لەدەرەوەش پشتیوانیی لێبکرێت، لێرەدا گرنگترین شت بۆ کورد پەند وەرگرتنە لە ئەزموونی 20 ساڵی رابردوو، ناکرێت جارێکی تر بە سپاردنی کێشەکان بە داهاتوو، کورد بچێتە ناو هیچ هاوپەیمانێتییەک یان ئەنجومەنێکەوە کە بیانەوێت عیراق لە شکستێکی حەتمی دەرباز بکەن، یان چارەسەری هەندێک لە کێشە کوشندەکانی بۆ ماوەیەکی کاتی بکەن بە ئامانجی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم مۆدێلە خراپەی ئێستای، بۆ ئەوەش فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی کوردستان و بیرکردنەوە لە کۆنفیدراڵی کە لە بەرژەوەندیی هەردوو لادایە، ئەگەر ئەمەش جێبەجێ نەکرێت وەک کۆتا بژاردە، دامەزراندنی چەند هەرێمێکی تری فیدراڵی دەبێت مەرجی بەشداریکردنی کورد بێت لە پرۆسەی سیاسیدا.

وتارەکانی نوسەر