جەنگ بریتیە لە یەکلاکردنەوەی ململانێکان لە رێگەی هێزەوە، کاتێک گفتوگۆ و رێگەچارەکانی ئاشتییانە بە بنبەست دەگەن و لایەنە ناکۆکەکان سازش بۆ یەکتر ناکەن، ئەوا بژاردەی جەنگ دێتە گۆڕێ، بەتایبەتی کە لایەنێک یان بەرەیەکی بەشدار لەو پرسەی ناکۆکی لەسەرە، دەیەوێت خۆی بسەپێنێت و پشکی زیاتر لەوەی شایەنیەتی بۆ خۆی بە رەوا دەبینێت و هەوڵدەدات ئەوانیتر بێبەش بکات یان بە کەمتر لەوەی پێیاندەبڕێت رازی بکات.
جەنگ دیاردەیەکی نامۆ نییە بە کۆمەڵگەی مرۆیی و هاوشان لەگەڵ پێشکەوتنی بوارەکانی ژیاندا پلان و نەخشە و ئامانج و ئامڕازەکانی جەنگیش گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و لە سەردەمی ئەمڕۆشدا ئەو پێشکەوتنانە گەیشتوونەتە لووتکە، بەجۆرێک کە قەوارە سیاسییەکانی وەک دەوڵەت بەشێکی بەرچاوی کۆی گشتی داهاتیان بۆ کڕین و دروستکردن و داهێنان لە کەرەستەی سەربازی و بواری چەکسازیدا خەرج دەکەن.
رەنگە جەنگ لەقۆناغەکانی کورت و مامناوەنددا هیچ ئاماژەیەک بۆ هەڵگیرسانی لە ئارادا نەبێت، بەڵام هێشتاش بەهۆی ئەوەی قەوارە سیاسییەکان ناتوانن گرەنتی سەداسەدی ئاسایشی خۆیان بکەن و چاوەڕوانی رووداو یان پێشهاتی لە ناکاو نەبن، ئەوە بەناچاری بە پێویستی دەزانن لایەنی هێزی سەربازیی یان تەکنۆلۆژیای سەربازی فەرامۆش نەکەن، لێرەدا دەمانەوێت بەکورتی چەند جیاوازییەکی قۆناغەکانی رابردوو لەگەڵ ئەم سەردەمە بەراورد بکەین لە چەند لایەنێکەوە،
1- بەشداریی هێزی مرۆیی: لە رابردوودا هێزی مرۆیی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر رۆڵی هەبووە لە یەکلاکردنەوەی ئەنجامی جەنگەکاندا، ژمارەی زۆریی سەرباز توانای بەرگەگرتنی زیاتر و هێرشی فراوانتری هەبووە، هەروەها توانای ئەوەی هەبووە کە بەرگەی زیانی زیاتر بگرێت و زیانی زیاتریش لە هێزی بەرامبەر بدات، بەوشێوەیەش ئەوەی خاوەنی هێزی زەبەلاحی مرۆیی بووە هەمیشە جگە لەچەند حاڵەتێکی دەگمەن نەبێت، براوە بووە.
2- زیانە گیانییەکان: جەنگی کلاسیک بەهۆی ئەوەی بریتیبووە لە روبەڕوبوونەوەی سەربازەکان لە گۆڕەپانی جەنگدا، ئەوە زۆرترین سووتەمەنی جەنگەکان بریتی بوون لە سەربازەکان و فەرماندە سەربازییەکان کەمتر و سەرکردە و سەرۆکەکانیش دواین کەس بوون کە مەترسی بۆسەر ژیانیان دروست بووە.
3- چەک و کەسەرەستەکانی جەنگ: چەکی کلاسیک بەوە ناسراوە کە توانای وێرانکاریی کەمتری هەبووە و مەترسیی لادان و نەپێکانی ئامانجەکانی زیاتر بووە، بەوەش زۆرجار لەجیاتی ئەو شوێن و کەسانەی بە ئامانج گیراون، شوێن و کەسانی مەدەنی بەرکەوتوون و کارەساتی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێناوە.
4- گۆڕەپانی جەنگ: جەنگی کلاسیک بەهۆی ئەوەی زیاتر هێرشی زەمینی یان کەشتیگەلی دەریایی بووە، جوگرافیایەکی دیاریکراو بووە بە گۆڕەپانی جەنگەکە، هەر ئەوەش هۆکاری ئەوە بووە کە زۆربەی جەنگە کلاسیکەکان بەناوی ئەو شوێنەوە ناونراون کە جەنگەکان تیایاندا روویانداوە.
5- پەیوەست بەسەردەمی ئەمڕۆ، جەنگەکان ئەوەندەی پشت ئەستوورن بە تەکنۆلۆژیای نوێی زیرەک ئەوەندە پێویستیان بە هێزێکی مرۆیی زەبەلاح نییە، جۆری چەکەکان لەڕووی قەبارە و زیرەکییەوە گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان دەتوانن سنووری ووڵاتان ببڕن و بە وردی ئامانجەکان بپێکن و کەمترین هەڵە دەکەن، جۆری ئامانجەکانیش لەم سەردەمەدا زیاتر فەرماندە و سەرکردە سەربازی ئەوانەن کە عەقڵی سەربازی، یان پلانداڕێژەر و بڕیار بەدەستن، هەروەها ناوەندە گرنگەکانی وەبەرهێنانی چەکی پێشکەوتوو و ژێرخانی ئابووری و ژێرخانی ژیاری وەک باڵەخانە و پرد و پاڵاوگە و کارگە و فڕۆکەخانە و رێگە سەرەکییەکان دەگرێتەوە.
سەبارەت بە زیانەکانیش، هەرچەندە دەتوانرێت بەو چەکە پێشکەوتوانە زیانی زۆری گیانی لەبەرامبەر بدرێت، بەڵام لە ئێستادا ئەوەندەی بە ئامانجی وەستاندنی ژیان و وەشاندنی گورزی توند لە ئابووری و پێشکەوتنی وڵاتەکان ئەوەندە مەبەستیان کوشتنی خەڵکی زۆر نییە و تێچووەکەشی لەم سەردەمەدا ئەوەندە زۆرە کە ناکرێت بەهیچ جۆرێک بە قۆناغەکانی رابردوو بەراورد بکرێت.
کاریگەریی چەکەکان بڕیاری یەکلاکەرەوەی جەنگەکان دەدەن