کەسە هەستەوەرەکان

10:07 - 2024-08-05
پرژە زاهیر جەلال
302 خوێندراوەتەوە

پرژە زاهیر جەلال 


مرۆڤ لە یەک کاتدا رووبەڕووی چەند جۆرێکی جیاواز لە هەستەوەرەکان دەبێتەوە، هەروەها هەستکردن بە دڵشکان زۆربەی کات لەگەڵ هەستی رووخاندا دێت


بێگومان مرۆڤ پێکدێت لە چەند هەستەوەرێکی دەرەکی و ناوەکی. پرۆسەی هەستکردن لای مرۆڤ لە رێگای کۆئەندامی دەمار سەرهەڵدەدات و بلیۆنان دەمارەخانە هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین هەستکردن بە سادەترین پرۆسە دەروونییەکان دەژمێردرێت، هەستکردن لە کاتی ورووژاندنی هەستەوەرەکان دەستپێدەکات بە ورووژێنەری دەرەکی یا خود ناوەکی، ئەمەش کاریگەری فسیۆلۆژی دروست دەکات و مرۆڤ ئاگاداری جیهانی دەرەوە و ناوەوە دەبێت.

هەستەوەرە دەرەکییەکان
 هەستەوەرە دەرەکییەکان ئەو هەستەوەرانە دەگرێتەوە کە روون و ئاشکران، مرۆڤ لە رێیانەوە پەیوەندیی لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا دەبەستێت،ئەوانیش بریتیین لە  هەستی بینین، هەستی بیستن، هەستی بۆنکردن، هەستی چەشتن، هەستی بەرکەوتن، هەستی جوڵە، هەستی هاوسەنگی.

 هەستەوەرە ناوەکییەکان
 هەستەوەرە ناوەکییەکان رێژەیەکی باشی کەسایەتی مرۆڤ پێکدێنن، چونکە هەر یەکێک لەم هەستەوەرانە بۆ مرۆڤێکی ئاسایی لە کاتی گونجاودا کار دەکەن، واتا کاتی و تێپەڕن وەک: ترس و گومان و شەرم، خەم و شادی، هێز و بێ هێزی، رق و دڵەڕاوکێ، دڵ شکان و ئارامی، دڵپیسی و شۆک و رووخان، قێزەونی و برسێتی و تینوێتی...هتد، وەک ترس لە تاریکی، کە تەنیا لە تاریکیدا ئەو هەستە خۆی بەرجەستە دەکات، یاخود روودانی کارەساتێکی ناخۆش، کە مرۆڤ لە یەک کاتدا رووبەڕووی چەند جۆرێکی جیاواز لە هەستەوەرەکان دەبێتەوە، هەروەها هەستکردن بە دڵشکان زۆربەی کات لەگەڵ هەستی رووخاندا دێت، تا ئێرە هەستەوەرەکان جگە لە سوود هیچ کێشەیەک دروست ناکەن بۆ مرۆڤ، بەڵام بۆ هەندێکی تر لە مرۆڤەکان ئەم هەستانە درێژخایەن و گیرۆدەکارن، چونکە ناتوانن کۆنترۆڵیان بکەن و بەسەریاندا زاڵ بن، تا ئەوەی بە پێچەوانەوە هەستەکان زاڵ دەبن و مرۆڤەکان دەبەن بەڕێوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێدا ئەم هەستەوەرانە رێژەیەکی باشی کەسایەتی پێکدێنن، ئەمەش کێشەیەکی گەورە و ترسناکە، کە زۆرجار لە ئەنجامی درێژخایەنی ئەم هەستە ناپێویستانەدا مرۆڤ دووچاری نەخۆشییە دەروونییەکان دەکاتەوە، هەمیشە ترسان لە شتێک کە نەبووە و رووینەداوە کێشەیە، رق و کینەی بێ هۆکار لە کەسانی چواردەور کێشەیە، وەک چۆن هەستی خۆ بەگەورەزانین و شەرمنی کەمییە لە کەسایەتیدا، ئاواش گومانکردنی بەردەوام بکوژی هەستی متمانەی، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ چۆن ئەم کەسانە بناسینەوە؟ دەناسرێنەوە بەوەی هیچ کاتێک خۆیان پێ هەڵە نییە و هەمیشە پەنجەی تاوان بۆ بەرامبەریان رادەکێشن، هەموو ئەو هەستانەی لە ناوەوەی خۆیاندا هەیە و پێیان کۆنترۆڵ ناکرێت هەوڵ دەدەن بۆ کەسانی چواردەوری بگوازنەوە، چونکە ئەمە ئارامیان پێدەبەخشێت و رێژەی هەستی خۆ بەکەمزانین لەم کەسانەدا زۆر بەرزە، کەواتە زۆر ئاساییە لەلایان ئەو شتانەت بە سەر بهێنن کە خۆیان ناتوانن یەک خولەک بەرگەی هەستکردنه ناخۆشەکەی بگرن. کەواتە دەکرێت زاڵ بوونی هەر یەکێک لەو هەستەوەرە ناوەکییانە ببێتە هۆی تێکچونی کەسایەتی مرۆڤ. ئاگاداری هەستەکانتان بن و بەکەم وەریان مەگرن، ئەوان تێپەڕینن و بەڕێیان بکەن، چونکە لە بچوکترین دەرفەتتدا زۆر هێشتنەوەیان دەکرێت کۆنترۆڵی تەواوی ژیانتان بگرێتە دەست، وەک چۆن مانەوەی میوانێک بۆ هەمیشە ریتم و بەرنامەی خاوەن ماڵ تێکدەدات.

وتارەکانی نوسەر