مۆڵەتی کڕینی کارەباش لە دەسەڵاتی حکومەتدا نییە

09:47 - 2024-08-06
هیوا محەمەد
139 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد

گەشەی وڵات و پێشکەوتنی کۆمەڵگە روویەکی باش و هەیبەتداری پێدەدات و وادەکات درواسێکانی رێزی لێبگرن و دەست بۆ سەروەرییەکانی نەبەن

بەپێی هەواڵەکان، عیراق لە پلەی یەکەمدایە بۆ ئیحتیاتی زێڕ لە جیهاندا، واتا ئەو بڕە خەزنکراوەی عیراق هەیەتی زیاترە لەوەی هەر وڵاتێکی دیکە، کەچی ئەم وڵاتە نە زلهێزی جیهانییە و نە ئیقلیمییش، هەر ئەوەش نا بەڵکو هەموو دراوسێکانی هەژموونیان لەسەری هەیە و تەنانەت بۆ کڕینی کارەبا لە ئێرانی دراوسێ، دەبێت رەزامەندیی ئەمریکای لەسەر بێت، چونکە ئەو وڵاتە لەژێر ئابڵووقەی ئابوورییدایە، ئیتر گوێ بەوەنادەن کە ئەم دوو دراوسێیە پێویستیان بەیەکە و ئێران لەدوای داڕمانی رژێمی بەعس بۆ ئێمە گرنگە کە پەیوەندییەکانمان بۆ بنیاتنانەوەی وڵات بەردەوام بێت، بەتایبەتی کە سنوورێکی درێژمان لەگەڵیان هەیە.
یەکهەڵوێستی حکومەت لە سیاسەتی دەرەکی و بەڕێوەبردنی ناوخۆییدا، گرنگترین پایەی سەرکەوتنی حکومەتەکەیە کە ئەمەش بوو، ئەوا نێوانی حکومەت و خەڵک پتەو دەبێت و هەموو ئەو چاوەڕوانییانەی کە خەڵک هەیەتی لە حکومەت، دێنەدی و دۆخیان باش دەبێت و وڵاتیش گەشە دەکات.
گەشەی وڵات و پێشکەوتنی کۆمەڵگە روویەکی باش و هەیبەتداری پێدەدات و وادەکات درواسێکانی رێزی لێبگرن و دەست بۆ سەروەرییەکانی نەبەن.
سەروەریی وڵات لەوەدایە کە هیچ کەسێک نەتوانێت پێبخاتە ناوی بەبێ پاسپۆرت و وەرگرتنی مۆڵەتی هاتنە ناوەوە.
پێچەوانەکەشی ئەوەیە کە وڵات بێ دەروازە دەبێت و هەرلایەن و وڵاتێکی تر دەتوانێت بە ئاسانی دەستی بۆ بەرێت و رۆڵی خۆی تێدا بگێڕێت.
ئەمریکا و هاوپەیمانانی بەهۆی هاتنیان بۆ ناو عیراق و هەرێمی کوردستان لە کاتی لێدانی رژێمی بەعس و سەدامی دیکتاتۆری لەناوچوو، یەکەمین ئەو وڵاتانە بوون کە لەرێگەی هێز و بە نایاسایی هاتنە ناوەوە و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەیان دەکرد کە لەژێر دەستیاندا بوو، بەجۆرێک خۆیان دەکرد بەماڵاندا و بە بیانووی راوەدوونانی تیرۆریستان ئازار و ئەشکەنجەی ژن و منداڵیشیان دەدا، ئەمە رێچەکەی نەهێشتنی هەیبەتی دەوڵەتی عیراق بوو کە ئێستا درێژەدەرەکەی تورکیایە بە هاتنی سوپا و نەهێشتنی سەقامگیری و ئارامی لە پانتاییەکی زۆری هەرێمی کوردستان.
ئێستا ئەم وڵاتە لە هەر قۆناغێکی تر زیاتر لە پەرت و بڵاویدایە.
وا راهاتووین یان وا بۆتە باو کە لە هەر وڵاتێکدا دوو حزب یان سیان ململانێ دەکەن لەسەر بەڕێوەبردنی وڵات، هەرکامیشیان زۆرینەی هێنا ئەوە بەتەنها حکومڕانی دەکات یان بە بەشداریی حزبێکی تر، ئیتر لێرەوە چۆنێتی بەڕێوەبردن و بڕیاردان ئاسان دەبێت و تێپەڕاندنی قۆناغە سەختەکان نابێتە قەیران لەبەر دەمیان.
لە عیراقی ئێستادا زیاتر لە دە حزب نوێنەر و بەشدارییان لە حکومڕانیدا هەیە، بۆیە بە ئاسانی ناتوانن بگەنە بڕیاری کۆتا و هەریەکەشیان لەژێر کاریگەریی وڵاتێکی ئیقلیمیدایە و سیاسەتیان کردۆتە رێچکەی گەیشتن بە بەرژەوەندییەکانیان کە خۆی لە بەدەستهێنانی سەروەتدا دەبینێتەوە نەک خزمەتکردنی کۆمەڵگە.
هەرێمی کوردستانیش بەهۆی جیاوازیی هەڵوێستە سیاسییەکان لەسەر مەسەلە ستراتیژییەکان، بۆشایی یەکڕیزیی تیایدا روونە، جا لێرەوە ئێمە وەک هەرێم دەچینە بەغدا بۆ دانوستان، ئەوانەی لەگەڵمان دادەنیشن فرە ئاراستە و دیدیان هەیە بۆ ئێمە، خۆشمان شتێک بەناوی یەکڕیزیی لە هەگبەکەماندا نییە، کەواتە گەیشتنمان بە ئەنجام لەسەر کێشەیەک بە زەحمەت دێتە دی.

وتارەکانی نوسەر