ئێرە پێی دەوترێت هەرێمی کوردستان، پێش راپەڕین ئێمە زۆربەمان لە چیا بووین، ئەوان (پۆستاڵ رەشەکانی بەعسییەکان) لێرە بوون، ئێمەی لاوانی شار وەک پارتیزان شەوان دەهاتینە ناو شار و گورزی بەهێزمان دەوەشاند لێیان، ئەوانیش بە رۆژ لە کۆڵان و شەقامەکان گەورەو و بچووکی خێزانەکانیان دەگرت و ئازاریان دەدا.
ئەوکات ئامانجی سەرەکی هەموو پارتیزانەکان بە ئایدیا جیاوازەکانەوە، دەرپەڕاندنی ئەو پۆستاڵ لەپێ هاوردە و سیخوڕەکانی سەر بەوان بوو، واتا دەمانویست ئەوان بەدەرنێین و حوکمی گەل بگەڕێنینەوە بۆ شارەکان کە خۆشمان نوێنەری گەل بووین.
هاتین و قوربانیمان دا و گەل بووە هەوێنی سەرکەوتنەکان و ئێمەش پێشەنگی گەل.
بۆچی واباوە کە دەڵێن کورد زوو مێژووی رابردووی خۆی لەبیردەچێتەوە و ئەو ئازار و مەینەتی و قوربانیانەی کە بە درێژایی مێژوو داویەتی لە بیریان دەکات و بە گرنگ بۆیان ناڕوانێت؟ چونکە ئەگەر واینەکردبێت، دەبوا ئێستا بەرامبەر ئەو هەموو مەینەتی و قوربانییدانە، خاوەنی پێگەیەکی گرنگ بوایە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە، کەچی بەداخەوە بۆ سادەترین شت کە مووچەی خەڵکە چاوی بڕیوەتە بەغدا، ئەمە لە کاتێکدا کە پێشتر نیمچە سەربەخۆ و خاوەن ئابوورییەکی باش بووە، بەڵام بەهۆکاری سیاسەتی هەڵە لە ئیدارەدانی هەرێم، گەڕاینەوە بۆ خاڵی دەستپێک.
سەرەتای دوای راپەڕین چەند حزبێکی سەرەکی هەبوون کە لە بەرەی کوردستانیدا کۆبووبوونەوە، ئیتر کە کەشی ئازادی باڵی کێشا بەسەر هەرێمدا و زۆنی پاراستنی هەواییمان بۆ دروستکرا، ئەگەرچی ئابڵووقەی بەغدا بۆ سەرمان کاریگەریی خراپی هەبوو، بەڵام خەڵک حەزیان لە سیاسەتکردن و دروستکردنی رێکخراو و حزب هەبوو هەریەک بە ئامانجێک.
مامەڵەکردنی هەڵە چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر شەقامی کوردی دروستکرد و متمانەی نەهێشت، بۆیە خەڵک خۆی لەبەرەی حکومەتدا نابینێتەوە و بە هی خۆی نازانێت
ئەم کەشە وایکرد لەژێر ناوی دیموکراسیدا، چەندین جۆر لەو حزبانە هاتنە مەیدان و سنگی خۆیان دەرپەڕاند و دواتر بە وشەی ئۆپۆزسیۆن ئاشنا بوون، بەڵام نەیاندەتوانی وەک ئۆپۆزسیۆنێکی بنیاتنەر مامەڵە بکەن، بۆیە بوونە روخێنەر و تێکدانی ئەوەی کە بنیات نرا بوو.
هەرچی لایەنی دووەمی دەسەڵاتی هەرێمیشە کە خۆی لە پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەبینییەوە، لەبری رازیکردنی شەقامی کوردی و مامەڵەکردن لەگەڵ دەنگە ناڕازییەکان، کەوتە بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و رێگرییکردن لێیان، تا جڵەوی دەسەڵات هەر لەدەستی خۆیاندا بمێنێتەوە.
ئەمە بووە هۆی پەرتەوازە بوونی شەقامی کوردی و هەڵوێستی هەرێم بەرامبەر بە کێشە گشتگیرەکان و ئەوانەش کە پەیوەستن بە بەغداو وڵاتانی درواسێوە.
مامەڵەکردنی هەڵە چ لە لایەن دەسەڵاتەوە و چ لەلایەن ئۆپۆزسیۆنەوە، کاریگەریی خراپی لەسەر شەقامی کوردی دروستکرد و متمانەی نەهێشت، بۆیە خەڵک خۆی لەبەرەی حکومەتدا نابینێتەوە و بە هی خۆی نازانێت.
ئێستاش تا دێت هەر رێکخراو و حزبی نوێ دروست دەبێت، هەمووشیان لە سلێمانی و ئەم دەڤەرەوە سەرهەڵدەدەن، بەڵام جێی داخە کە هەرکامیان دروستدەبێت و هێشتە لە سەر سنگ دەخشێت و پێی نەگرتووە، کەچی دژایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەکات، بەمەش دەبێتە یاریکەرێکی بریکاری نەیارەکانی یەکێتی لە ساحەی خۆیدا.
ئۆپۆزسیۆن بوون، بەو واتایە دێت کە دەبێت هەنگاو و بەرنامەی باشتری پێبێت لەوەی کە دەسەڵات پێیەتی، نەک تەنها بۆ دروستکردنی حزب و رێکخراو و خۆدەرخستن وەک قائید و کەسی یەکەمی ناویان.