كوردەوان محەمەد سەعید
مرۆڤ لەوكاتەوەی بۆتە گیاندارێكی خاوەن ئاوەز زۆر شتی دۆزیوەتەوە لە دەوروبەری خۆی و سوودی لێوەرگرتووە، دوای زانین و ناسینیش هەوڵیداوە داهێنان لە بەكارهێنانیدا بكات
مرۆڤ بە سروشتی خۆی ئەو خولیایەی تێدایە كە حەز بە دۆزینەوە و زانین و ناسینی شتەكانی دەوروبەری دەكات، لەو كاتەشەوە كە بۆتە گیاندارێكی خاوەن ئاوەز زۆر شتی دۆزیوەتەوە لە دەوروبەری خۆی و سوودی لێوەرگرتووە، دوای زانین و ناسینی شتەكانیش هەوڵیداوە داهێنان لە بەكارهێنانی ئەو شتانەدا بكات. لێرەوە تێدەگەین كە دۆزینەوە و داهێنان دوو شتی جیاوازن، یەكەمیان ناسینی شتێكە، كە خۆی هەیە، بەڵام دووەمیان پێشتر نەبووە و لە داهێنانی مرۆڤ خۆیەتی.
مرۆڤ لەوەتەی فێری داهێنانیش بووە، هەر داهێنانێكی دیوێكی باشە و دیوێكی خراپەی هەیە، ئۆتۆمبێلی داهێنا مەودای پێ كورت كردەوە، باروتی داهێنا، سەرەتا بۆ یاری و تەقاندنی فیشەكە شێتە بوو، بەڵام دواتر بۆ كوشتن بەكاری هێنا، پارەی داهێنا، بۆ ئاسانكاریی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، بەڵام دواتر بۆ ململانێ بەكاری هێنا، مانگی دەستكردی داهێنا، بیانووەكە خزمەت بوو بە مرۆڤایەتی دواتر بوو بە ئامڕازێك بۆ سیخوڕی بەسەر یەكترەوە، دواهەمین داهێنانیشی پێش زیرەكی دەستكرد، مۆبایلی داهێنا، كە دەنگ و رەنگی مرۆڤ لە مەودای دوورەوە بە یەكتر دەگەیەنێت، بەڵام ئەویش بێ زیان نییە.
داهێنانی مۆبایل بازێكی گەورە بوو لە بواری پەیوەندیكردندا، بۆ ئەوەی مۆبایل دەنگ و رەنگ بەباشی بگەیەنێت، پێویستی دانانی ژمارەیەكی زۆر تاوەر هەیە شەپۆلەكان بگوازێتەوە و كەمیی، یان نەبوونی تاوەر لە ناوچەیەك وا دەكات بەكاربەری مۆبایل لەو ناوچەیە سیگناڵی نەبێت، بەڵام بوونی تاوەر لە هەر ناوچەیەكیش دەبێتە هۆی بڕێكی زۆر شەپۆلی كەهرۆموگناتیسی.
كەواتە دەبێ تاوەرەكان زۆربن، زۆریی تاوەریش واتە بڕێكی زیاتر لە شەپۆلی كەهرۆموگناتیسی بەر مرۆڤ دەكەوێت، پسپۆڕانی بواری تەندروستیش پێیان وایە بەركەوتنی مرۆڤ و ئەو شەپۆلە كێشەی تەندروستی و ژینگەیی دروست دەكات، دەبێتە هۆی لاوازبوونی یادگە و ئاڵۆزیی دەروونی و لە هەمووشی خراپتر ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەكات.
لەبەرئەوەی ناكرێ دەستبەرداری مۆبایل و سوودەكانی بین، ناچار دەبێ بوونی ژمارەیەكی زۆر لەو تاوەرانە قبووڵ بكەین كە لە دەوروبەرمان هەن، بەڵام بۆ ئەوەی لە زیانەكانی بەدوور بین، یان وا بكەین كەمترین زیانمان پێ بگەیەنێت، شارەزایانی ئەو بوارە پێیان باشە هەر تاوەرێك كە دادەنرێت، دەبێت لانیكەم 500 مەتر لە مرۆڤەوە دوور بێت.