سوود وەرنەگرتن لە هێزی كاری ژنان، زیانی گەورەی بەدواوەیە

10:48 - 2025-01-06
كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
183 خوێندراوەتەوە

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید



راپۆرتێكی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات، كە سوود وەرنەگرتن لە ژنان وەك هێزی كار، زیانی ئابووریی گەورەی بە دواوەیە و زیانی ئەو كەمتەرخەمییە ساڵانە دەگاتە 10 تریلیۆن دۆلار، دەیان كۆمەڵگەش بێئاگان لەم راستییە و بە دەستی خۆیان لە رێگەی پەراوێزخستنی كچان و ژنانەوە زیانی گەورە بە خۆیان دەگەیەنن، بۆ نموونە حكومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان رێگە نادات كچان و ژنان فێری كار بن و بێنە مەیدانی كارەوە، ئەوەش گورزێكی كاریگەر لە هێزی كاری ژنان و كۆمەڵگە دەوەشێنێت.
راپۆرتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە مانگی ئەیلولدا ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە وڵاتانی جیهان سەركەوتوو نەبوون لە وەبەرهێنان و سوودوەرگرتن لە هێزی ژناندا، هێزی ژنانیان بە هەند وەرنەگرتووە، هەر ئەو كەمتەرخەمییەش بەرامبەر بە هێزی كاری ژنان بۆتە هۆی ئەوەی نزیكەی 10 تریلیۆن دۆلار زیان بە بازاڕی كاری جیهانیی بگەیەنێت.
راپۆرتەكەی نەتەوە یەكگرتووەكان باس لە گرنگیی بازاڕی كار دەكات و ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، لە پێنج ساڵی داهاتوودا، وڵاتانی داهات كەم و داهات مامناوەند، ئەگەر ئەو جیاوازییەی نێوان ژن و پیاو كەم نەكەنەوە، لانیكەم 500 ملیۆن دۆلار زیانی ئابوورییان پێدەگات.
بابا سیك، سەرۆكی بەشی توێژینەوە و داتاكان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەو بارەیەوە دەڵێت: تێچوونی زیانەكانی بەهەند وەرنەگرتنی تواناكانی ژنان لە كاركردندا زۆر قورسە، لە هەمان كاتدا داهاتی گرنگیپێدان پێیان زۆر لەوە زیاترە كە تا ئێستا حیسابی بۆ كراوە.
پشتگوێخستنی ژنان لەسەر ئاستی كۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئابووریی، تا ئێستاش لە وڵاتانی جیهاندا بەردەوامە و ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان دەریدەخات، ژمارەی ئەو ژنانەی ئاسایشی خۆراكیان نییە زۆر لە پیاوان زیاترە و ئەگەر بمانەوێت هەژاریی كوشندە لە نێو ژناندا نەهێڵین، ئەوا 137 ساڵی دیكەمان پێوستە.
ئەم ژمارانە زۆر مەترسیدارن، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە كەسێك نەبێت توانای تێگەیشتنی ژمارەكانی هەبێت و پەی بەو راستییە بەرێت كە ژن هیچی كەمتر نییە لە پیاو و هێزێكی راستەقینەیە لە مەیدانی كاردا.
سەرچاوە: ئێندیپێندنت

 



وتارەکانی نوسەر