كێ دەتوانێ ئابووریی وڵات بەڕێوە بەرێت؟

11:38 - 2024-10-15
كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
321 خوێندراوەتەوە

لەوەتەی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەستی پێكردووە، لێرە و لەوێ هەندێك وتار دەخوێنمەوە باس لەوە دەكەن، ئەگەر دەنگدەر دوودڵ بێت لەوەی دەنگ بە كێ دەدات، ئەوا پێویستە هەندێك شت وەبیر خۆی بێنێتەوە، تا دڵنیا بێت كێ دەسەڵاتی خۆسەپێنە و كێش دڵسۆزی خەڵكە، راستییەكەی خەڵك بەشی ئەوەندە هۆشیارە كە بە ئاسانی چاك و خراپ لەیەك جیا دەكاتەوە و لە نێوان ئەو دوو هێزە سەرەكییەی هەرێمی كوردستاندا، دەزانێ كامیان بخاتە خانەی خۆسەپێن و شەق وەشێن و سەركوتكەری جەماوەرەوە و كامیان بخاتە خانەی خەمخۆری گەل و وڵاتەوە.

پاساوی ناوێت
هەندێك لەو نووسینانە پاساویش دەهێننەوە بۆ بەشێك لە هەڵوێست و كردەوەكانی حكومەتی هەرێم، گوایە یەكێتیش بەشداربووە لەو دەسەڵاتە خۆسەپێنەدا، لەمەشدا پێویست بە پاساو ناكات، چونكە هەموو كەس دەزانێت لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا پارتی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان بووە و یەكێتی هاوبەشێكی پاسیف بووە، دەسەڵاتی بڕیاردان و جێبەجێكردنی لە دەست پارتیدا بووە و لە دەست یەكێتیدا نەبووە، تەنانەت ئەگەر یەكێتی پرۆژەیەكیشی پێشنیاز كردبێت، رەتكراوەتەوە.

بۆچی دەڵێین دەسەڵاتی خۆسەپێن؟
هەموومان دەزانین لە هەڵبژاردنەكانی ساڵانی پێشوودا پارتی جگە 11 كورسی لە جێبدا، لەشكرێكی زۆمبیشی هەبوو زیاد لە 450 هەزار كەس دەبوون، دەنگیان بۆ پارتی دەدا و بەو شێوەیەش هیچ هەڵبژاردنێك ئەگەر لە پێشكەوتووترین وڵاتیشدا بكرێت، هیچ هاوسەنگییەكی تێدا نابێت و ئەو لایەنەش بە لەشكرە زۆمبییەكەیەوە سەركەوتنێكی نایاسایی سەردەكەوێت و دەبێتە دەسەڵاتێكی خۆسەپێن، هیچ دەسەڵاتێكی خۆسەپێنیش ناتوانێ خزمەت بە هاونیشتمانیانی خۆی بكات.
لەم هەڵبژاردنەدا كە یاسای هەڵبژاردن بە هیمەتی یەكێتی گۆڕاوە و لەشكری زۆمبی رۆڵی نەماوە و 11 كورسییەكەی جێبیش نەماوە، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: كێ دەتوانێ ئابووریی وڵات بەڕێوە بەرێت و پێشی بخات؟ من دڵنیام ئەو حزبە ناتوانێ ئابووریی وڵات پێش بخات، كە مامۆستایەك داوای مافەكەی خۆی بكات بەر شەقی بدات، حزبێك ناتوانێت ئابووریی وڵاتەكەی پێش بخات، كە بە بیانوی جیاجیا میللەتەكەی برسی بكات و حزبی لەو جۆرە ئەگەر دەسەڵاتیش بگرێتە دەست، هیچ پلانێكی نییە بۆ پێشخستنی ئابووری، حزبێك بە زەبری هێز هەر جۆرە ناڕەزاییەك لە ناهەمواریی دۆخی ئابووری سەركوت بكات و هەر كەسێك داوای نان بكات ئەو بە شەق و بە كوتەك وەڵامی بداتەوە و هێشتا پێی وابێت، كە دەبێت خەڵكی كوردستان نانێك بخۆن و 100 نان بكەن بە خێر بۆ حزبەكەی ئەو، ئەستەمە بیر لە پێشخستنی ئابووری بكاتەوە.
دەست دەخاتە بینەقاقای هاووڵاتیان
زۆر دوور نییە و هەمووی دوو سێ ساڵێك لەمەوبەر دەسەڵاتی خۆسەپێن نرخی یەك بەرمیل نەوتی سپی (كیرۆسین)ی بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ گەیاندە 270 هەزار دینار، لە كاتێكدا نرخی یەك بەرمیل نەوت لە بازاڕی جیهانیدا لە دەوروبەری 100 دۆلاردا بوو، ئاخر چ دەسەڵاتێك دوو هێندەی بازاڕی جیهانی پارە لە هاووڵاتیانی خۆی وەردەگرێت بەرامبەر بە یەك بەرمیل نەوت؟ 
ئەو ساڵە زستانێكی سارد و مووچە و داهاتی هاووڵاتیان وەك هەمیشە پڕ لە كێشە، نەوت بەو گرانییە، كارەبای نیشتمانی لە شەو و رۆژێكدا سێ سەعات هەبوو، خۆ ناكرێ خەڵكیی دار بسووتێنن بۆ خۆگەرمكردنەوە، چونكە داربڕین قەدەغەیە، كەسیش بۆی نییە ناڕەزایی دەربڕێت، بە تایبەتی لە زۆنی زەرددا یەك جار مامۆستا هاتە سەر جادە و داوای مافی خۆیكرد، بەر شەقیاندا و مامۆستایەكیشیان لە دهۆك زیاتر لە دوو ساڵ زیندانی كرد. بەم سیاسەتە دەسەڵاتی خۆسەپێن دەستی خستبووە بینەقاقای هاووڵاتیان و بە ئاشكرا دەیوت: هاووڵاتی بەڕێز بڕۆ بمرە. دەسەڵاتێكی لەو جۆرە بە ئاقاری پێشخستنی ئابووری و بوژانەوەی وڵاتدا ناچێت.

بە یەكێتی دەكرێت

كەواتە ئەوە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە كە چاوەڕوانیی ئەوەی لێدەكرێت پلانی هەبێت بۆ پێشخستنی ئابووریی وڵات و وەگەڕخستنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری و بوژانەوەی سێكتەرە سەرەكییەكانی ئابووری، خۆ ئەگەر كورتیشی هێنا و لە هەندێك هەنگاودا سەركەوتوو نەبوو، ئەوا بە سینگی فراوانەوە ئامادەیە گوێ لە رەخنە و ناڕەزایی هاووڵاتیان بێت، ئەو هەموو خۆپیشاندان و مانگرتنەش كە ساڵانە لە زۆنی سەوزدا دەكرێت، شایەتی ئەو راستییەن. بە كوردی و بە كورتی: ئەوان دەست دەخەنە بینەقاقای هاووڵاتی و پێی دەڵێن: هاووڵاتی بەڕێز بڕۆ بمرە، ئێمەش ئازادی بۆ هاووڵاتی فەراهەم دەكەین و پێی دەڵێین: هاووڵاتی بەڕێز بڕۆ دەنگ بدە.

یەك جار مامۆستا هاتە سەر جادە و داوای مافی خۆیكرد، بەر شەقیاندا 

وتارەکانی نوسەر