بەسەرهاتی موسڵمانبوونی کچە پێنج ساڵانەکەی میخایل یەعقوب لە 1846 لە سلێمانی

09:55 - 2024-08-18
د. سامان مستەفا رەشید
310 خوێندراوەتەوە

ئەرشیفی دەوڵەتی عوسمانی تژییە لە بەڵگەنامەی فەرمی و سەرنجڕاکێشی نەبیستراو و نەبینراوە لەمەڕ بابەتی مێژووی سیاسی، ئابووری، کەلتوری و ئایینی کۆمەڵگەی کوردی لە سەدەکانی رابردوودا، کە دۆزینەوە و ساغکرنەوەیان دەتوانێت تۆزی سەر چەندان راستەقینەی مێژوومان بۆ بتەکێنێت و چەندان گۆشەی تاریکی مێژووی چوار سەدەی رابردوومان بۆ رووناک بکاتەوە و وەڵامی چەندان پرسیاری بێ وەڵامی مێژووی کورد بداتەوە، ئەم دۆخە بەجۆرێکە، بە بڕوای من، بێ کنەوپشکنین و ساغکردنەوەی ئەو ئەرشیفە مەزنە نووسینەوەی هەر مێژوویەک بۆ چوار سەدە لەمەوبەری کورد سیخناخ دەبێت لە گومان و پڕ دەبێت لە کەموکوڕی.
مەرسومەکەی رەتکردۆتەوە
وەک وتم جیا لە تۆمارکردنی رووداوە ئاسایی و یاساییەکانی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی بەگشتی، زۆرجار چەندان رووداوی سەیر و سەرنجڕاکێشیش لە بەڵگەنامەکاندا تۆمار کراون، یەکێک لەو رووداوە سەرنج راکێشانە لە ساڵی (1262ک/ 1846) لە سلێمانی لەسەردەمی فەرمانڕەوایەتی عەبدوڵڵا پاشادا روویداوە، بەسەرهاتی موسڵمانبوونی کچێکی پێنج ساڵان بووە بە ناوی زەریفە کە لە بنەڕەتدا کچی پیاوێکی کریستیان بە ناوی (ملک سا میخایل کوڕی یەعقوب) و ژنێکی موسڵمان بوو بە ناوی (مەلکە سا / مەلقەسا) لەسەر دەستی قازی ویلایەت، وەک لە بەڵگەکاندا دەردەکەوێت، دیارە دوای موسڵمانبوونیان، بە مەرسومێکی قازی کچەکەیان لە باوکی کە ناوی میخایل کوڕی یەعقوب بووە وەرگرتۆتەوە و داویانە بە دایکی، ئەمەش بۆتە جێگەی ناڕەزایەتی میخایل یەعقوب، ناوبراو مەرسومەکەی رەتکردۆتەوە سەرەتا، شکایەتی خۆی بردۆتە لای عەبدوڵڵا پاشا، پێی راگەیاندووە نابێت کچەکەی بچێتە سەر دینی دایکی و ئەو تەبەعییەتە قبوڵکراو نییە. دیارە ئەم رووداوە بە ئاسایی تێنەپەڕیوە و قونسوڵی فەرەنساش لە بەغدا لە رووداوەکە ئاگادار بووە و والی بەغدای لە وردەکاری و ئەنجامی رووداوەکە ئاگادار کردۆتەوە، بەمەشدا دەردەکەوێت رووداوەکە لە چوارچێوەی لۆکاڵی خۆیدا چووەتە دەرەوە و بۆ بڕیاردان لەسەر رووداوەکە داوا لە دەوڵەت لە ئەستەمبوڵ کراوە بڕیاربدات. 
بابەتەکە بۆ ئەهلی خۆی بەجێهێڵراوە
ئەوەی گرنگە لێرەدا باسی لێوە بکەم، دوای ئەوەی میخایل کوڕی یەعقوب شکایەتەکەی بردۆتە لای میری میران عەبدوڵڵا پاشا، عەبدوڵلا پاشا نەهاتووە خۆی بڕیاری یەکلاکەرەوە بدات یان دەستبەڕووی کابرای کریستیانەوە بنێت، بەڵکو بابەتەکەی ئاڕاستەی کەسانی شارەزا و لێزان لە بوارەکەدا کردۆتەوە، لە نموونەی موفتی، قازی، نەقیب و مدرسە شارەزاکانی بوارەکە ئاگادار کردۆتەوە تاوەکو حوکمی رووداوەکەی لە شەرعی ئیسلامیدا بۆ روونبکەنەوە. بەوجۆرە بابەتەکە بۆ ئەهلی خۆی بەجێهێڵراوە تاوەکو هەم بڕیارێکی دروست و شەرعی لەبارەوە بدرێت، ئەمەش هەم بەڵگەیە لەسەر لەبەرچاوگرتنی مافی کەمایەتییە ئاینییەکانی شارەکە، هەمیش بۆ ئەوەی پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی دەوڵەت نەبێت و عەبدوڵلا پاشا بە تۆمەتی بڕیاری خودسەرانە لەمەڕ کەیسەکە تووشی مولاحەقەی قانونی نەبێت.

 

 نووسراوەکە نێردراوە بۆ کەسانی شارەزای بواری شەرع لە سلێمانی لە نموونەی موفتی، نائبی قازی، نەقیب و مودەریسەکانی سلێمانی و ئەوانیش پەسن و پەسەندی و مۆری خۆیان خستۆتەسەر

 

ئامادەکردنی پاساوە شەرعییەکان
کەیسەکە لەسەر ئاستی لۆکاڵی واتە لە ناو سلێمانی دەخرێتە بەردەم شارەزایان و لایەنی پەیوەندیدار، لایەنی پەیوەندیداریش بە نووسراوێکی درێژ کە بە زمانی عەرەبی لە بەرواری (7/ محرم/ 1263 بەرامبەر بە  26 کانونی یەکەم 1846) لەلایەن کەسێک بە ناوی رەسوڵی کوڕی محەمەدی بەرزنجی ئەلحوسەینی ئەلشافعی ئەلئەشعەری ئەلقادری لە مەحروسەی سلێمانی ئامادە کراوە، تێیدا بە وردی و بە بەڵگەی جۆراوجۆر لە فیقهی شافیعیدا و بەناو هێنانی کتێب و سەرچاوەکان، ئەوەی وەڵامداوەتەوە کە ئاساییە ئەو کچە تەبەعیەتی دایکی بگرێت و موسڵمان بێت و رایگەیاندووە گرفت و ئاستەنگێکی شەرعی لە کەیسەکەدا بوونی نییە. هەڵبەت دوای هێنانەوەی بەڵگەکان و ئامادەکردنی پاساوە شەرعییەکان، وەک ئاماژەمان پێکرد نووسراوەکە نێردراوە بۆ کەسانی شارەزای بواری شەرع لە سلێمانی لە نموونەی موفتی، نائبی قازی، نەقیب و مودەریسەکانی سلێمانی و ئەوانیش پەسن و پەسەندی و مۆری خۆیان خستۆتەسەر نووسراوەکە بەم جۆرەی خوارەوە: 
• ئەم نووسراوە هێچ گومانێکی تێدا نییە، من ئاگاداری هەموو وردەکارییەکانم و هیچ پوچی و ناڕێکییەکی تێدا نییە. (المدرس المفتي بمحروسة سلیمانیة....مۆری عبدالرحمن).
• هیچ گومانێک لەم نووسراوەیەدا نییە. (منی هەژار سەید ئەحمەد بەرزنجی نەقیب ئەشراف سلێمانی).   
• فەرمان بە ئیسلام کراوە و هاوئاهەنگە لەگەڵ ئەوەی ئیمامەکان فەرموویانە. (منی هەژار سەید حسین ئەلحوسیەنی بەرزنجی نائبی قازی لە محروسەی سلیمانیە).
• بۆ ڕاستی ئەم بابەتە پشت بە زاناکان بەستراوە و هیچ گومانێکی تێدا نییە. (منی هەژار سەید حەسەن ئەلبەرزنجی ئەلقادری، مودەریس لە سلێمانی). 
• ئاگاییم هەیە لەسەر ئەوەی هیچ گومان و کەموکوڕییەک لە بەڵگەکانی ناو ئەم نووسراوەیەدا نییە. (کەمترینی بەندەکان، مۆری سەید عبدالرحمن، ئەلنەقشبەندی ئەلقادری ئەلحوسەینی  مدرس لە سلێمانی).  
• بەلای منەوە ئەو تۆمارە هاوتەریبی شەرعی موبینە. (منی هەژاری تۆبەکار لە زانا کۆنەکان رەسوڵ ئەلحاج مدرس). 
• لە ناوەڕۆکی ئەو نووسراوەیە ئاگادارم. (عبدالقادر، مدرس لە سلێمانی). 
• بە لێوردبوونەوەیەکی ورد لەو بابەتە وردبوومەتەوە و بۆم دەرکەوتووە راست و پشت پێ بەسراوە. (منی هەژار، مدرس لە سلێمانی، محمد الکردي، الاکرادیة).
دوای ئەم وەڵامە
هەموو ئەوانەی ناو و مۆریان لەسەر نووسراوەکەیە ئەوەیان پشتڕاستکردۆتەوە ئەو بەڵگانەی نووسەری ئەو تۆمارە لە کەیسی تەبەعییەتی کچە موسڵمانبووەکە بۆ دایکە موسڵمانەکەی لەڕووی شەرعییەوە تەواو و هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و بەڵگەکانی ناو نووسراوەکە راست و دروستن. 
دوای ئەم وەڵامە زانایان و شارەزایان لەمەڕ کەیسەکە، میری میران عەبدوڵڵا پاشا بە نامەیەکی فەرمی کە بە زمانی فارسی نووسیوێتی جیا لەوەی ئاماژەی بە وردەکاری رووداوەکە کردووە و ئەوەی راگەیاندووە کە دروستی کەیسەکە لەڕووی شەرعییەوە بە فتوا و مۆری موفتی و نائبی قازی و چەند زانا و خاوەن فەزلی دونیایی سلێمانییەوە حەواڵەی حزوری نورینی سەدارەتی دەکات. بەمجۆرە لە رێگەی والی بەغداد نەجیب پاشاوە بە نووسراوی فەرمی لە 
(19/محرم/1263ک/ 7ی کانونی دووەمی 1847) سەرەڕای راگەیاندنی ئەوەی لە سلێمانی لەمەڕ کەیسەکە کراوە بە گوێرەی بنەماکانی شەرعی ئیسلام بووە و زانایان و شارەزایانیش لەم بارەیەوە بۆچوونی خۆیان لەمەڕ دروستی بەڵگەکان خستۆتەڕوو، کەیسەکە رەوانەی سەدارەت (سەرۆکایەتی دەوڵەت) کراوە بۆ بڕیاری کۆتایی. 
هەموو کەس مافی تانەدانی هەبووە
 دەتوانین لە رێگەی ئەم بەڵگانەوە پەی بە چەند راستییەکی مێژوویی ببەین، هەموو کەس لە دەوڵەتی عوسمانییدا مافی تانەدانی هەبووە لەو بڕیارانەی لە سێکتەرەجۆراوجۆرەکانی دەوڵەتدا دراون و بۆیان هەبووە داوای دادپەروەری بکەن، رەتکردنەوە و شکایەتی ئەم کەسە کریستیانەی نیشتەجێی سلێمانی و چەندان شکایەتی تر کە لەبەردەستی مندایە بەڵگەن لەسەر ئەو راستییە. دەکرێت گەیشتنی ئەم کەیسە بە والی بەغداد و سەدارەتی دەوڵەتی عوسمانی، بەڵگە بێت لەسەر بەجدی وەرگرتن و بەدواداچوونی هەر شكایەت و ناڕەزایەتییەک کە لەلاین هاووڵاتییانەوە کرابێت. هەروەها لە رێگەی ئەم بەڵگانەوە دەتوانیین بە چەندین کەسایەتی ئیداری و دادوەری ئەو زەمەنەی مێژووی سلێمانی ئاشنا بین، لە نموونەی نەقیبی ئەشراف و نائیبی قازی و مودەریسەکانی ئەو رۆژگارەی سلێمانی کە ناو و مۆری تایبەتییان لە بەڵگەنامەکاندا هاتووە، ئەوەی جێگەی سەرنجە بەشی زۆریان بەرزنجەیین، ئەمەش نیشاندەری هەژموونی زانستی شەرعی بەرزنجییەکان لەو رۆژگارەدا بەسەر شارەکەدا نیشاندەدات، ئەمە جیا لەوەی لە رێگەی ئەم کەیسەوە ئاشنای دەستخەت و مۆری ساڵی 1864 میری میران عەبدوڵڵا پاشای بابان دەکات کە بایەخێکی مێژووی گرنگی هەیە. 

سەرچاوەکان: 
BOA. A.} MKT. 61. 38. 1.
BOA. A.} MKT. 61. 38. 2.
BOA. A.} MKT. 61. 38. 3.

*دکتۆرا لە مێژووی عوسمانیدا

وتارەکانی نوسەر