چاپخانەی تەرەقی – ماجدیە

یەكەمین چاپخانەی ئەهلی لە مەككە لەلایەن كوردێكەوە دامەزراوە

10:58 - 2024-05-21
د. سامان مستەفا رەشید
448 خوێندراوەتەوە

چاپخانەی « تەرەقی» كە بە چاپخانەی تەرەقی ماجدیەش ناسراوە، یەكێك لە دێرینترین چاپخانەكانی حیجاز و یەكەمین چاپخانەی ئەهلی بووە لە شاری مەككە دوای وەرگرتنی مۆڵەت لە شوباتی 1909 لە وەزارەتی ناوخۆ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاپەمەنییەكانی دەوڵەتی عوسمانی لەلایەن كەسایەتییەكی كوردی شاری مەككەوە بەناوی (محەمەد ماجد كوردی)یەوە دامەزراوە. 
لەگەڵ ئەوەی دامەزراندنی ئەم چاپخانە دامەزرێنەرەكەی كردۆتە پێشەنگ لە بواری دامەزراندنی چاپخانەی ئەهلی لە هەموو حیجاز بەگشتی و شاری مەككە بە تایبەتی، چاپخانەكەش رۆڵێكی گرنگی هەبووە لە برەودان بە بواری رۆشنبیری و كەلتوری و پێشخستنی هونەری چاپ و بڵاوكردنەوە. 
خزمەت و بەخشینەكانی محەمەد ماجد كوردی لە بواری چاپ و بڵاوكردنەوە و پەڕتوك و زانست و زانیاری كارێكی كردووە ناوبرا ببێتە ناوێكی ناسراوی ناوكایەی رۆشنبیری و كەلتوری وڵاتی حیجاز. 
ئەم وتارە بۆیەكەمینجار تەپوتۆزی سەر ئەو لاپەڕە پرشنگدارانەی ژیاننامە و رۆڵ و خزمەتەكانی ئەو كەسایەتییە كوردە و چاپخانەكەی دەتەكێنێت و دەیخاتە بەر ڕۆشنایی دیدی خوێنەوارانی كوردزمان.

محەمەد ماجد رۆڵێكی گەورەی لە بزووتنەوەی رۆشنبیری لە حیجاز بەگشتی و مەككە بەتایبەت بینیووە

1-محەمەد ماجد كوردی 
محەمەد ماجد كوردی كوڕی محمد ساڵەحی كوڕی شێخ فەیزوڵلا كوردییە لە ساڵی 1877 لە مەككە لە دایكبووە، سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە باپیری محەمەد ماجد لە سەدەی سیازدەی كۆچی- نۆزدەهەمی زاینییدا لە وڵاتی كوردانەوە كۆچی كردووە بۆ مەككە، محەمەد ماجد لە مەككە لەدایكبووە و تێیدا بەخۆشەویستی زانست و پەرۆشی بۆ فێربوون گەورەبووە، ناوبراو لەسەر دەستی زانایانی شاری مەككە زانستی وەرگرتووە و قورئانی پیرۆزی لەبەركردووە و لەتەمەنێكی گەنجییەوە حەز و خۆشەویستی بۆ دەستنووس و پەرتوك و پەرتوكخانە لا دروست بووە، دواتر لەو بوارەدا شارەزاییەكی باشی پەیداكردووە. 

شێخ محەمەد ماجید كوردی

محەمەد ماجد كوردی پەرتوكخانەیەكی گەورەی دروستكردووە، بە (پەرتوكخانەی ماجدیە) ناسراو بووە، لەو سەردەمەدا یەكێك بووە گەورەترین پەرتوكخانەكان لە(باب السلام) لە حەرەمی مەككە دا، پەرتووكخانەی ناوبراو بە جۆراوجۆری پێكهاتەكەی ناسراوبووە، چەندین پەرتووك و سەرچاوەی بەنرخی لەبارەی: تەفسیر، فەرموودە، فیقە، زمان، ئەدەب و دیوانی شیعری لەخۆگرتووە، پەیوەندی باشی محەمەد ماجد لەگەڵ خاوەن پەرتوكخانە و ئەو كەسانەی گرنگیان بە پەرتووك داوە لە تەواوی جیهانی ئیسلامیدا یارمەتی داوە بۆ دەستخستنی زۆرترین پەڕتووك و دەستنووسی دەگمەن لە بوارە جیاجیاكاندا.
 باس لەوە دەكرێت كە پەرتوكخانەكەی محەمەد ماجد كوردی شەش هەزار بەرگ كتێبی لەخۆگرتووە، بە چەشنێك جیا لەو پەرتوكانەی لە وڵاتە عەرەبییەكانی وەك میسر، شام، مەغریب و عیراق چاپكراون پەرتوكی چاپكراوی لە وڵاتە ئەوروپییەكانی وەكو: هۆڵەندا، ئەمانیا، بەریتانیا و فەرەنسایشی تێدا بووە، سەرچاوەكان ئاماژەیان بەوەكردووە محەمەد ماجد كوردی بەڕادەیەك عاشقی پەرتوك بووە ئامادەبووە بڕێكی زۆر پارە بدات لە پێناو دەستهێنانی پەرتوكێك یان دەستنووسێكی دانسقە و دەگمەن دا. 
محەمەد ماجدی كوردی زۆری حەز بە دانیشتن لەگەڵ زانایان و خوێنەواران بووە، لەو چوارچێوەدا ماڵەكەی خۆی لە ناوچەی (بیت الكردي في قرارة) كردووە بە شوێنی كۆڕوكۆبوونەوەی زانایان، ڕاڤەكاران و قورئانخوێنان بە تایبەت لەوەرزی حەج دا بە باشترین شێوە میوانداری لێكردوون. 
سەبارەت بە دیارترین ئەو ئەرك و پلە حكومییانەی محەمەد ماجد كوردی لەژیانیدا وەریگرتووە، لە ساڵی(1346-1347) دا كراوە بە بەڕێوەبەری مەعاریف، لە سەردەمی محەمەد ماجد كوردیدا یەكەمین گروپی فێرخوازانی سعودییەی ناردۆتەدەرەوە بۆ میسر تاوەكو لەوێ لە پەیمانگاكانی ئەوێ خوێندن تەواو بكەن، دواتر كراوە بە بەڕێوەبەری گشتی ئەوقافی شاری مەككە. 
محەمەد ماجد كوردی كۆمێنتاری لەسەر زۆرێك لە پەرتوكەكانی ناو كتێبخانەكەی خۆی نوسیووە، ئەم جیا لە نووسین چەندین پەرتوك و نامیلكە، كە بەشێكی زۆریان هێشتا دەستنووسن و چاپنەكراون، لەدیارترین ئەو دانراوانەی ناوبراو دەكرێت ئاماژە بۆ ئەم دانراوانە بكەین: 
معجم كنز العمال
معجم التخامیس في الشعر
المنتخبات الماجدیة

محەمەد ماجد كوردی لە وەرزی حەج دا و لە كاتێكدا حاجییەكان لە عەرەفاتدا بوون و ناوبراو بە پۆشاكی سپی حەجەوە لە كاتێكدا لەوپەڕی تەندروستی خۆیدا لە خێمەكەی خۆیدا بەخێرهاتن و میوانداری حاجییەكانی كردووە، لە رۆژی 9ی زیلحجەی ساڵی 1349 كۆچی دا و لە تەمەنی پەنجاوپێنج ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.  
2-چاپخانەی تەرەقی ماجدیە
ئەگەرچی بەگوێرەی ماددەی نۆهەمی نیزامی ویلایەتی ساڵی 1864 دەبوو لە هەر ویلایەتێكدا چاپخانەیەكی میری دابمەزرێت لە ژێر سایەی بەڕێوەبەری ئیدارەی ویلایەت و لە ژێر سەرپەرشتی مەكتوبجی ویلایەتتدا كە بەرپرس بووە لە نوسراوی بابەت فەرمی و نافەرمییەكان، بەڵام دامەزراندنی چاپخانە لە حیجاز دوادەكەوێت، ئەوەش ڕەنگە هۆكارەكەی بۆ ئاسانی پەیوەندیگرتن لە نێوان حیجاز و وڵاتەكانی دەوروبەری و لە نێویشیاندا میسر بگەڕێتەوە، كە زۆرێك لە نوسەرانی حیجاز بەرهەمەكانیان لە میسر چاپكردووە.
بۆیەكەمینجار چاپخانە لە حیجاز لەلایەن والی ئەوكاتی حیجاز، عوسمان نوری پاشا لەساڵی 1882دا دامەزراوە بەناوی(چاپخانەی میرییە)ەوە. دواتر ئەو چاپخانە بە چاپخانەی حكومەت ناسراوە. لە دیارترین ئەو دانراوانەی ئەو چاپخانە چاپیكردوون، ئەكرێت ئاماژە بۆ ساڵنامەی ویلایەتی حیجاز، چاپكردنی ژمارەیەك كاری ڕۆشنبیری و ئەدەبی و دینی و كلتوری بەزمانەكانی عەرەبی وتوركی و جاوی مالاوی و ئۆردویی، لەگەڵ چاپكردنی یەكەمین رۆژنامەی (حجاز)ی هەفتانە، بكەین. 
هەرچی « چاپخانەی تەرەقی» یە بە یەكەمین چاپخانەی ئەهلی لە شاری مەككە دادەنرێت كە لەلایەن محەمەد ماجد كوردییەوە لە ساڵی 1909دا دامەزراوە. محەمەد ماجد كوردی دوای ئەوەی چاپخانەی شەمس حەقیقەتی كڕیوەتەوە ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی (فەلەق) كردۆتە چاپخانە، بەڵام بۆی دەركەوتووە ئەو چاپخانە زۆر كۆن بووە و كاركردنی لە ئاست تموحی ئەودا نەبووە بۆیە سەرەڕای سەختییەكانی بەردەمی بیری لە هێنانی چاپخانەیەكی نوێ بۆ مەككە كردۆتەوە، بوگوێرەی بەڵگەنامەیەكی ئەرشیفی عوسمانی كە بۆیەكەمینجار لەگەڵ ئەم وتارەدا بڵاویدەكەینەوە محەمەد ماجد داوا مۆڵەتی كردنەوە و دامەزراندنی چاپخانەی پێشكەشی وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی كردووە، وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی و بەڕێوەبەرایەتی چاپەمەنییەكان بە فەمانی ژمارە(1516) لە شوباتی 1909دا مۆڵەتی پێدراوە، هەر لەو نووسراوەدا هاتووە مۆڵەتنامەكە لە رێگەی ویلایەتی حیجازەوە بۆی نێردراوەتەوە داواكراوە دوای مۆركردنی لەلایەن ویلایەتی ناوبراوەوە و ورگرتنی دوو لیرە وەك خەرجی نیزام لە ناوبراو مۆڵەتنامەكە بدرێتەوە بە خاوەنەكە.    
محەمەد ماجد كوردی چاپخانەكەی لە سێ دەزگای چاپ پێكهێناوە، یەكێكیان دەزگایەكی چاپی بەردینی گەورە بووە كە خەریتەی رەنگاو رەنگی گەورەی پێ چاپكردووە، لە نێویشیان نەخشەی رەنگاوڕەنگی نیمچەدورگەی عەرەب، دوانەكەی دیكەیشی دوو چاپخانەی پیشەیی گرنگ بوون. 
محەمەد ماجد رۆڵیكی گەورەی لە بزوتنەوەی ڕۆشنبیری لە حیجاز بەگشتی و مەككەدا بەتایبەت دا بینیووە. ناوبراو بە پێشەنگی چاپخانەی ئەهلی دادەنرێت وڵاتی حەرەمەینی شەریفەیندا.
3- چاپكراوەكانی چاپخانەی تەرەقی ماجدییە
چاپخانەكە گرنگی داوە بە چاپكردنی پەڕتووك و نامیلكە، تەنها لە ساڵی یەكەمی كاركردنیدا سی و یەك پەرتوك و نامیلكەی بە زمانی عەرەبی و جاوی چاپكردووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر توانای باشی چاپكردنی چاپخانەكە، سەبارەت بەو بابەتانەی چاپخانەكە چاپیكردوون، بریتییبوون لەو پەرتوك و نامیلكانەی لەمەر بابەتەكانی: فیقه، نەحو، رەوانێژی و لۆژیك كە لەلایەن زانایانی حەرەمەینەوە نووسراون، ئەوەش ئەوە نیشاندەدات كە دۆخی رۆشنبیری باو باڵی بەسەر فەزای چاپخانەكەدا كیشاوە، چاپخانەكە بایەخی بەچاپكردنی بەرهەمی ئەدەبی یان مێژووی نوێ نەداوە. 
لەم لایەنەوە چاپخانەی تەرەقی ماجدی بەهەمان شێوەی چاپخانەی میرییە ڕۆشنبیری سەدەكانی ناوەڕاستی بەسەردا زاڵبووە. لەو بارەیەوە ئەحمەد محەمەد زەبیب كە توێژینەوەی لە بارەی چاپكراوەكانی ئەو دوو چاپخانەوە كردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، بەڕوانین لە چاپكراوەكانی هەردوو چاپخانەكە، ئەوە رووندەبێتەوە كە بابەتەكانی: بابەتەكانی فیقه و مەناسك و نزاكان زۆرترین رەواجیان هەبووە لای خەڵكی مەككە، لەدوای ئەوانیش پەرتوكەكانی نەحو و سەرف و تەجوید و تەسەوف و لەدوای ئەوانیشەوە پەرتوكی جۆراوجۆری مێژوو و رەوانبێژی. 
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەتوانرێت بگوترێت چاپخانەی تەرەقی ماجدیە، گرنگترین رەگەز بووە لە رەگەزەكانی هاندانی بزوتنەوەی نووسین و بڵاوكردنەوە لە شاری مەككە لە چارەگی یەكەمی سەدەی بیستەمدا، شێخ محەمەد ماجد كوردی سووربووە لەسەر بڵاوكردنەوەی نووسین و دانراوی زانایانی هاوچەرخی حەرەمەینی شەریفەین، هەروەها ژمارەیەكی بەرچاو پەڕتووك و نامیلكەی لەسەر خەرجی خۆی لەم چاپخانە چاپكردووە. ماوەتەوە بڵێین ئەوەی شێخی كوردی بە تەنها خۆی لەم بوارەدا ئەنجامی داوە پشكدارییەكی گەورە بووە لە هاندانی ژیانی زانستی و گواستنەوەی بزاڤی چاپكردنە لە چوارچێوەی چاپخانەی حكومییەوە بۆ بواری چاپخانەی ئەهلی. 
4- سەرئەنجامی چاپخانەی تەرەقی ماجدیە: 
محەمەد ماجد كوردی تاوەكو كۆتایی ژیانی كاری لەو چاپخانەدا كردووە، دوای مردنی خۆیشی چاپخانەكەی بۆ نەوەكانی بەجێهێشتووە و كوڕەكانی بەردەوامیان بە كارپێكردنی چاپخانەكە داوە، كوڕەكەی (محەمەد تاهیر كوردی)ی كوڕی لە ساڵی 1365دا بووە بە بەڕێوەبەری چاپخانەكە.

ئەو سەرچاوانەی بۆ نووسینی ئەم وتارە سوودی لێوەرگیراوە BOA. DH.MKT. 2735. 70. 01. 
محمد علی مغربی، اعلام الحجاز فی القرن الرابع عشر للهجرة 1301-1400/ 1883-1980، الناشر تهامة، جدة المملكة العربیة السعودیة.   
د. سحر علی محمد دعدع، الطباعة في مكةالمكرمة خلال الفترة (1300-1373/ 1882-1953) مجلة المؤرخ العربي، المجلد الثاني، العدد(20)، 2022، 322- 364. 

وتارەکانی نوسەر