1
جاف و حەمە پاشا و پرۆسەی نیشتەجێکردن
هۆزی گەورەی جاف یان راستتر بڵێین کۆنفیدراسیۆنی هۆزی جاف، کە لە سەدەی نۆزدەیەمی زاینییدا خاوەنی گەورەترین هێز و هەژموونی کۆمەڵایەتی و سەربازیی بووە لە باشووری کوردستاندا. لەلایەک سەرکەشی میر و سەرۆکی هۆزەکە، حیساب نەکردنی بۆ سنوور و ستاتوی هەردوو دەوڵەتی گەورەی ئێران و عوسمانی، بەردەوامبوون لە پرۆسەی قشلاق و ئیلاق و پەڕێنەوە بۆ لەوەڕگاکانی ئێران و زۆرجار زەربە و زیانگەیاندن بە هۆزەکانی سنووری ئێران، لەلایەکی تریش وەرگرتنی باج و سەرانە لەو ژمارە زەبەلاحە لە مەڕوماڵات و ئاژەڵ و پاتاڵ و ران و رەوەکانیان بە هۆی نیشتەجێ نەبوونیان گرفت و سەرئێشەی گەورەی بۆ هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی دروستکردبوو، بە تایبەت بۆ دەوڵەتی عوسمانی کە ئەم هۆزەی بە تەبەعەی خۆی دەزانی و ئامادە نەبوو دەستبەرداری توانایەکی ماددی و مرۆیی وەها گەورە ببێت.
لەو چوارچێوەدا دەوڵەتمەداری گەورەی عوسمانی و والی بەغدا مەدحەت پاشا (1869-1872) هەموو هەوڵێکی خۆی خستەگەڕ بۆ قوتاربوون لەو گرفت و سەرئێشەیە، بە تایبەتی لە سەردەمی سەرۆکی هۆزی جاف محەمەد پاشادا. حەمە پاشا کوڕی کەیخوسرەو بەگی کوڕی سڵێمان بەگی کوڕی زاهیر بەگ بووە لە (1814یان 1815) لە دایکبووە و (1881) کوژراوە، مەدحەت پاشا داوای لەناوبراو کردووە رازی بێت بە نیشتەجێکردنی جافەکان لەبەرامبەردا ژمارەیەکی بەرچاو ماف و ئیمتیازی پێدەدات، لەوەش زیاتر بۆ نیشاندانی جدییەتی لەوکارەیدا لە ئەیلولی 1869 دا بەڵێننامەیەکی (12) خاڵیشی لەگەڵدا مۆر دەکات، کە لە توێژینەوەیەکمدا هەم دەقی ماددەکانی بەڵێننامەکەمان خستۆتەڕوو و هەمیش بە درێژی لە سەری وەستاوم، بۆیە لێرەدا بە پێویستی نازانم دووبارەیان بکەمەوە، زۆر بە کورتی بەگوێرەی ئەوە بەڵگەنامە حەمەپاشا رازی دەبێت بە نیشتەجێکردنی جافەکان لەبەرامبەردا پلەی (میری میران)ی پێدەدرێت و ناوبراو بەبڕێ (5000) قروش دەکرێتە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر و تەواوی زەوییەکانی دەشتی شارەزوور و گوڵعەنبەری بە شێوەی تاپۆ پێدەبەخشرێت و کوڕەکەشی مەحمود بەگ پلەی (قاپوچی باشی) والی ویلایەتی بەغدای پێدەدرێت...هتد.
بە هۆی دروستبوونی ئاڵۆزی لە ناوچەکە بڕیاردەدرێت کە پرۆسەی نیشتەجێبوون بۆ ساڵی داهاتوو هەڵپەسێردرێت، بەڵام دەرکەوتووە ساڵی داهاتووش پاشای ناوبراو کار ناکات بۆ نیشتەجێکردنی هۆزەکەی، ئەگەرچی والی ناوبرا نامەیەکی هەڕەشە ئامێزی سەرکۆنەکردنی بۆ ناردوە، بەڵام وەک لەبەڵگەنامەیەکدا هاتووە پاشای ناوبراو بە بیانووی بێ بنەما وەڵامی والی ناوبراوی داوەتەوە و درێژەی بە کات کوشتن داوە، ئەوەبوو والی مەدحەت پاشا فەرمانێکی بۆ ناردووە، پێی راگەیاندووە ئەگەر بەندەکانی پەیماننامەکە بۆ نیشتەجێکردن جێبەجێنەکات ئەوا پلەکەی لێدەسەنرێتەوە و لە پۆستی قایمقامی لادەدرێت، ئەگەرچی حەمە پاشا گوێی بەم فەرمانەش نەداوە، بەڵام لە چانسی حەمە پاشا، لە ساڵی 1872دا مەدحەت پاشا لە پۆستی والییەتی بەغدا لادراوە و لە جێگەی رەوف پاشا دانراوە، بەم هۆیەوە ئەو فەرمانە جێبەجێ نەکرا و دۆخەکە بەو جۆرە ماوەتەوە. کەواتە بە هۆی بەجێنەگەیاندنی بەرپرسیارێتییەکانی سەرشانیان لەمەڕ پرۆسەی نیشتەجێکردن لەلایەن سەرۆکی جافەکانەوە و لەهەمانکاتدا گۆڕینی والی بەغدا کە لایەنی یەکەمی جێبەجێکردنی پرۆسەکە بوو ماددەکانی پەیماننامەکە وەک خۆی جێبەجێنەکراوە.
وەک دەردەکەوێت حەمە پاشا دەستی دەستی بە والییەکانی بەغدا کردووە و نەیویستووە جافەکان نیشتەجێ بن، پێیوابووە نیشتەجێکردنی جافەکان، دیلکردنی ئەو و بچووکردنەوەی سنوری ژێر هەژموونی ئەوە، هەتا بە روونی لەکاتی گفتوگۆی لەگەڵ عومەر پاشا، ئەوەی راگەیاندووە: ئێمە وەک بازێکی سەربەستین، کوێمان بوێت لەوێ دەنیشینەوە، بە موڵکی خۆمانی دەزانین.» بەم جۆرە دوای رازینەبوونی بە نیشتەجێکردنی جافەکان و فشاری دەوڵەتی عوسمانی و والی بەغدا بۆ نیشتەجێبوون و دەستبەرداربوون لە گەرمیان و کوێستان و پەڕینەوە بۆ ئێران، لە ساڵی 1873 لەگەڵ چەند سەد ماڵێکی جافدا دەپەڕێتەوە بۆ ئێران و هانا بۆ ئێران دەبات.
لە بەڵگەنامەکەی سەفارەتی دەوڵەتی عوسمانی و نووسراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عوسمانیدا بەڕوون و راشکاوی دەرکەوت حەمە پاشا لەلایەن ئێرانەوە بە «پەنابەری سیاسی» قبوڵکراوە
2
حەمە پاشا وەک پەنابەرێکی سیاسی لە ئێران
وەک ئاماژەمان پێکرد، دوای فشاری یەک لە دوای یەکی والییەکانی بەغدا بۆ ناچارکردن حەمە پاشا بە رازیبوون بە نیشتەجێبوون و وازهێنان لە پەڕینەوە بۆ ئێران، ناوبرا بڕیاری داوە دەوڵەتی عوسمانی جێبهێڵێت و پەنا بباتەبەر ئێران، ئەوەبوە لە ساڵی 1873 چووەتە ئێران و چەند ساڵێک لە ئێران ماوەتەوە لەو ماوەی لە ئێران بووە دەوڵەتی عوسمانی لە رێگەی سەفارەتی عوسمانی لە تاران فشار و داوای لە حکومەتی ئێران کردووە کە ناوبراو بگەڕێننەوە بۆیان. لێ ئێران بەداواکارییەکەیان رازی نەبووە. ئەوەتا لە تەلەگرافێکی سەفارەتی دەوڵەتی عوسمانی لە تارانەوە کە لە 13ی ئاداری 1874دا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی خۆی نێردراوە، هاتووە:» گەرچی چەند جارێک داوای گێڕانەوەی میری ناوبراو لە وەزارەتی دەرەوە (ئێران) کراوە قبوڵیان نەکردووە، ئەویان بە «پولتیقە ملتجیسی- پەنابەری سیاسی داناوە» بە روونی لە بەڵگەنامەکەدا دیارە ئێران حەمە پاشای جافی خستۆتە چوارچێوەی ماددەی پەنابەری سیاسییەوە و بەو بیانووە ئامادە نەبووە رادەستی بکاتەوە. لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستەدا دەوڵەتی عوسمانی وێڕای نیشاندانی ئەو پەڕی سەرسوڕمانی خۆی لەم هەڵوێستەی دەوڵەتی ئێران، لە رێگەی سەفارەتەکەیان لە تاران بەمجۆرە وەڵامی داونەتەوە: «ئەوەی کە ناوی محەمەد بەگیان بە «پەنابەری سیاسی» زۆر توشی سەرسوڕمانی کردین، چونکە ناوبراو (تۆمەتبارێک کە بە کەیفی خۆی شەڕی کردبێت و چووبێتە ئەوێ لە چوارچێوەی ماددەی پەیوەندیدار بە پەنابەری سیاسیدا جێنابێتەوە) چەند دەستەیەک لە عەشائیری عوسمانی بە فێڵ و تەڵەکە پەڕاندۆتەوە بەری ئەوبەر ( خاکی ئێران)، لەلایەک ئەو دۆخە ناوبراو بەتەواوی لە ماددەی «پەنابەری سیاسی» دەکاتە دەرەوە، لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ئەو پەیماننامەی لە نێوانماندا هەیە لەبارەی قبوڵنەکردنی عەشائیری یەکتری لەکاتی پەنابردندا، داواکردنەوەی میری ناوبراو لە ماف و سەڵاحییەتی ئێمە دایە. ئەگەرنا لە راستییدا «پەنابەری سیاسی» بوایە بابی عالی (دەوڵەتی عوسمانی) بۆ داواکردنەوەی ئەو تەنازولی نەدەکرد، ئەگەر ئێران ناوبراو هەم رادەست نەکاتەوە و هەمیش لە نزیک سنووری خاقانییە نیشتەجێی بکات ئەوا دەوڵەتی ئێرانی بە «رعایەتسز» دەدەینە قەڵەم و دەناسێنین، ئەگەر ئەمە ئاوا بە ساردی تەماشا بکرێت، ئەوا بابی عالی زۆر کاریگەر و توڕە دەبێت. بەهەرحاڵ یان رادەستکردنەوەی ناوبراو یان نیشتەجێکردنی لە جێگەیەکی دوور داواکاریی قەتعیمانە.
ماوەتەوە بڵێین بەوشێوەی کە لە بەڵگەنامەکەی سەفارەتی دەوڵەتی عوسمانی و نووسراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی عوسمانیدا بەڕوون و راشکاوی دەرکەوت حەمە پاشا لەلایەن ئێرانەوە بە «پەنابەری سیاسی» قبوڵکراوە و خراوەتە چوارچێوەی رێوشوێنە یاساییەکانی ئەو ماددە قانوونییەوە، بەمەش حەمە پاشا ئەگەر نەبێتە یەکەمین «پەنابەری سیاسی» لە مێژووی نوێی کوردا، ئەوا بێ گومان یەکێک دەبێت لە کوردە پەنابەرە سیاسییە یەکەمینەکان، ئەوەش رووداوێکی مێژووی سەرنجڕاکێش و گرنگە لە مێژووی نوی و هاوچەرخی کوردیدا.
سەرچاوەکان:
BOA.HR.MKT.824.51.01
د. سامان مستەفا رەشید، پرۆسەی نیشتەجێکردنی جافەکان لەسەردەمی حەمە پاشای جافدا (1869-1881)، لە پەرتووکی: ژ ئێکگرتن بۆ ژێگڤەبوون رۆلێ عەشیرەتان ل کوردستانێ 1514-1914، کۆمەکا ڤەکۆلەران، سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلین، زاخو-2024، ل ل 275-295.