بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەرەو دواوە، ئەوەمان پێدەڵێ کە کورد و کوردستان، هەمیشە ئامانجی کۆمەڵکوژکردن (جینۆساید)ی وڵاتە داگیرکەرەکانیان بوون، بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجەیان، بەردەوام پیلان و نەخشەی جۆراوجۆریان داناوە و تا لەتوانا و تاقەتیاندا بووە یان هەیە کاریان بۆ کردووە.
دەبێت دانی پێدا بنێم لەم رۆژانەدا و کەمێک بە درەنگەوە بیرەوەرییەکانی (موسا عەنتەر)م دەخوێندەوە، لاپەڕە دوای لاپەڕە و رووداو دوای رووداو، پەلکێشیان دەکردم و هەرجارە و لەبەردەم ناونیشانێکدا و دواجاریش ناوەڕۆکی ناونیشانەکە، بەسەر مێژووی تاوانێکی چەپەڵ و دژی تێکڕای بەها مرۆییەکاندا دەکەوتم.
خوێندنەوەی بیرەوەرییەکانی موسا عەنتەر تەنیا بیرەوەرییەکی (موجەڕەد) نییە؛ بەڵکو بنکۆڵکردنی مێژووی نیشتمان و نەتەوەیەکی جینۆسایدکراوە و یەک و دوو وێستگە نییە، لە زمان و ناسنامە و ژینگە و خاک و کەلتورەوە بیگرە تا مرۆڤ، دەبێتە ئامانجی ئەم تاوانەی داگیرکەران لەو بەشەی کوردستان (باکوور) کە شوێنی نیشتەجێبوونەکەی (موسا) تیایدا (نوسەیبین)ە.
با بگەڕێمەوە لای بنەچەی بیرۆکە و پێشنیازەکەم، کە (موسا عەنتەر) لەمەیاندا بوو بە رێپیشاندەرم، ئەویش ئەوەیە لە هەموو بەشەکانی کوردستان، تاوانی جینۆسایدی کورد و کوردستان، لە ستراتیژ و فەلسەفە و سیاسەت و کەڵچەری حکومەتەکاندا هەیە و بەدرێژایی مێژووش بە ئاشکرا و نهێنی ئەمەیان نەشاردووەتەوە و لەبواری کردەییشدا سەدان وێستگەی تاوانەکە و دەیان هەزار بەڵگەنامە و سەدان هەزار قوربانی شاهیدن.
ئەم بیرۆکە و پێشنیازە (دروستکردن و دانانی رۆژژمێری جینۆسایدکردنی گەلی کورد و کوردستان) تەنیا بۆ بەشێک لە خاکی دابەشکراوی کوردستان نییە، بەڵکو بۆ کوردستانی گەورەیە (باشوور، باکوور، رۆژئاوا، رۆژهەڵات)و باوەڕی تەواویشم بەوە هەیە (رۆژژمێری جینۆسایدکردنی کوردستان) دەبێتە یەکێک لە سەرچاوە دەگمەن و ناوازەکان، بۆ شارەزایی و نەوە دوای نەوەی کوردستان.
هەروەک زۆر گرنگ و پڕبایەخ و یەکێکە لە پێویستییە بنەڕەتییەکان.
ئەم رۆژژمێرە لەیەک کاتدا وەربگێڕدرێ بۆ سەر زۆربەی زمانە زیندووەکانی جیهان، ئەمەش وەک هەوڵ و هەنگاوێک بۆ دەربازبوون لە گوتاری ناڕوون و گریمانەیی، لە چوارچێوەی ناساندنی تاوانەکانی جینۆسایدکردنماندا بە جیهان و گەل و نەتەوە جیاوازەکانی جیهان.
بە کردارکردنی بیرۆکە و پێشنیازەکە ئاسانە (دروستکردنی لیژنەیەکی ئەکادیمی و مێژووناس و شارەزا) و پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەکادیمی و شارەزاکانی پارچەکانی کوردستان و شوێنی جێبەجێکردنیش با یەکێک لە زانکۆکانی باشووری کوردستان یان ناوەندێکی دانپێدانراوی لێکۆڵینەوەی مێژوویی بێت.
نموونەی سامپڵی رۆژژمێرەکە (مێژووی تاوانەکانی جینۆساید، مێژووی تاوانەکانی کیمیاباران، مێژووی راگواستن وەک بەشێک لە کردەی جینۆساید، مێژووی جینۆسایدی کەلتوری لە هەرچوار پارچەی کوردستان، مێژووی جینۆسایدەکانی ژینگە لە کوردستان، ژمارەی کۆمەڵکوژکراوەکانی تاوانی جینۆساید، رەگەزی نێر و مێ، ژمارەی منداڵ، ساڵ و مانگ و رۆژی تاوانەکان، ژمارەی شار و شارۆچکە و گوندی جینۆسایدکراو، ژمارەی قوتابخانە و مزگەوت و کانی و رەز و زەوی و سەرچاوەی ئاوی جینۆسایدکراو) و... هتد.