مرۆڤ لە پیشەدا خانەنشین دەبێت، نەک لە هزر و رۆڵدا

09:41 - 2024-08-19
هیوا محەمەد
387 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد


هەندێک کەس، پرۆسەی (خانەنشینبوون) بە پیر بوون دەزانن، بەڵام لە راستیدا وانییە، لە ئەوروپا زۆرێک لە خانەنشینان بە خۆبەخش کار دەکەن، بەتایبەتی لەناو رێکخراوە مرۆییە خێرخوازییەکاندا



ژیری ئەو کۆمەڵە هێزەیە کە خۆی لە هەستپێکردندا دەبینێتەوە و بریتی دەبێت لە هۆشیاری، زانیاری، بیرکردنەوە، بڕیاردان، یادکردنەوە. 
ژیری دەتوانێت هەڵسەنگاندن بکات جیاوازییەکان ببینێت، نەخشە دابنێت، هەڵە و راستییەکان لەیەک جیادەکاتەوە و هتد.. هەموو ئەمە لە ناو کەللەسەری هەر بوونەوەرێکدا هەیە و کۆنتڕۆلی خۆی پێدەکات.
مرۆڤ یەک لەو بوونەوەرانەیە و گەشەکردنی هزر تارادەی داهێنان و کاری باش کە لە خزمەت مرۆڤایەتی و ئەم گێتییەدابن، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر جیاوازە، هەر لەبەر ئەمەشە کە زاناکان و داهێنەرە جیهانییەکان کەمن، بەتایبەتی لەوانەی لە سەدەی رابردوودا وەک شۆرشێک بەدوای یەکدا هەندێک شتیان داهێنا و جیهانی مرۆڤایەتییان پێ پێشخست لەوانە کارەبا و رووناکی، تەلەفۆن و ئامێرکانی تری پەیوەندییەکان، تەلەفزیۆن، چارەسەری نەخۆشییە درمەکان و هتد... 
لەدوای ئەمانەوە داهێنانەکانی تر پشتبەست بوون بەو داهێنانە سەرەکییانە.

گەڕان بە شوێن نادیارەکاندا
ئەمانە هەموو مرۆڤ کردویەتی و دەیکات، کەواتە هزری ناو مێشکی مرۆڤەکان لە جووڵەی بەردەوامدایە و بەشوێن خاڵە ونەکاندا دەگەڕێت و لێیان دەکۆڵێتەوە تا دەستکەوتێکی نوێیان لگ بەرهەم دەهێنێت کە خزمەتێک بە مرۆڤایەتی دەکات.
ئەمە پەیوەست نییە بە پیشەی مرۆڤەوە، واتا مرۆڤێکی ئاسنگەر دەتوانێت لە بوارەکانی دیکەشدا بیربکاتەوە و شارەزایی هەبێت. مامۆستایەکی خوێندنگە دەتوانێت وێڕای وانە وتنەوە لە پیشە و بواری دیکەشدا شارەزایی هەبێت، هەروا ئەندازیارێک دەکرێت شارەزاییەکانی لە چەندین بواردا بێت وەک زانیاری گشتی. 

رێز لە تەمەنیان دەگیرێت تا پشوو بدەن
مرۆڤەکان کاتێک خانەنشین دەکرێن لەسەر کارەکەیان، بەپێی ئەو یاسایە دەبێت کە لە وڵاتەکەیدا دانراوە و وەک رێزگرتن لە ماندوو بوونی و دیارکردنی تەمەنێک بۆ ئیشکردن و ماندوو بوونی، لەسەر شوێنی کارەکەی خانەنشین دەکرێت، واتا دەتوانێت بەردەوام نەبێت لەسەر کار و خۆرەنجاندن و مووچەیەکیش لەوەی خۆی کەمتر وەردەگرێت و پشوو دەدات.
خانەنشینکراوەکان، لەهەر جێیەکی جیهان بن، خۆیان بە پیشەی ترەوە خەریک دەکەن، هەندێکیان لەبەر ئەوەی بجوڵێن و دانەنیشن و تەندروستییان خراپ بێت، هەندێکیش لەبەر ئەوەی داهاتێکی زیاتریان دەست بکەوێت، ئەمەش ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە ئەوان وەک پیشەکە خانەنشین دەکرێن، بەڵام هزریان بەردەوام لە جووڵەدایە و بیردەکاتەوە و بە شوێن خاڵە باشەکاندا دەگەڕێت.

خانەنشینکراوەکان دەتوانن  چالاکیی سیاسییان هەبێت
بەشداریی سیاسیی مرۆڤ لە کۆمەڵگەدا، بۆتە دیاردە، زۆرێک لەو خانەنشینکراوانە، کاتێک لە پیشەکەیان خانەنشین دەکرێن، ئیتر دەکشێنە دواوە لە پرۆسەی سیاسی، ئەمەش بەو واتایە دێت کە ئەو لە بیرکردنەوە و هەڵسەنگاندن و نەخشەدانان خانەنشین کراوە، ئەمە لەکاتێکدا راست نییە و پێویستە هەر خانەنشین کراوێک، پێش بڕیاری خانەنشینکردنەکەی، چ رۆڵێکی بینیوە لە بەشداریی سیاسی ناو کۆمەڵگەکە، لەدوای ئەوەش هەر ئەو رۆڵە بگێڕیت، بە پێچەوانەوە دەبێت زیاتر بێت، چونکە ئەو لە پیشە و بەرپرسیارێتیی پیشەکەی خانەنشین بووە نەک لە هزر و بیرکردنەوە.
هەندێک کەس، پرۆسەی (خانەنشینبوون) بە پیر بوون سەیر دەکەن، بەڵام ئەمە راست نییە، لە ئەوروپا زۆرێک لە خانەنشینان بە خۆبەخش کار دەکەن، بەتایبەتی لەناو رێکخراوە مرۆڤدۆستی و خێرخوازییەکاندا، لەوانەی کاری خێرخوازی و هاوکاری دەکەن، ئەوان لەوێدا بەشداریی پلاندانان دەکەن و بەشدارن لە چالاکییەکاندا، ئەگەرچی تەنها مووچەی خانەنشینییەکەشیان وەردەگرن.
ئەم بۆچوونە یان ئەم حاڵەتە لای ئەوان، لەوەوە دێت کە ئەوان نایانەوێت لە بنیاتنانی کۆمەڵگەکەیان داببڕێن، چونکە خستنەڕووی هەنگاوە باشەکان، هزرە بە سوودەکان لەلایەن تاکەکانی کۆمەڵگەوە لە هەر شوێن و کاتێکدا بێت هەر پێویستە و جێگەی خۆی دەگرێت.
پێویستە خانەنشینانی ئێمەش هەر وابیربکەنەوە، یەکەم لە پێناوی پاراستنی تەندروستی خۆیان و دوورکەوتنەوەیان لە گۆشەی ماڵەوە، دووەم لەروانگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی وەک تاکێکی بەشدار لە بنیاتنان و گەشەسەندنی کۆمەڵگەدا بە خۆبەش لە شوێنە کۆمەڵایەتییەکاندا کار بکەن و رۆڵیان هەبێت. 

وتارەکانی نوسەر