سڕینەوەی بیری هەڵە

09:48 - 2024-08-19
مەحمود شێرزاد
158 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد

 

بەشێکی زۆر لە یۆگییەکان، دەروونزان و دەروونشیکارەکان بە دروستی بۆیان دەرکەوتووە، هەرچی بە باش یان خراپ لە ژیانی ئێمەدا روودەدا، هەمووی پەیوەندیی بە بیرکردنەوەی ئێمەوە هەیە. واتە ئەوە بیرەکانمانن دەبن بە واقیع و راستی لە ژیانی ئێمەدا. لە یۆگادا بەسەرهاتێک هەیە باسی کاریگەریی بیرەکان دەکات، ئەم بەسەرهاتە باس لەوە دەکات، ئەم ژیانە وەکو دارێکە بیرەکانی ئێمە دەکا بە میوە و بەر، ئەگەر بیرەکەت شیرین بێ، ئەو دەیکات بە میوە و بەرێکی شیرین و ئەگەر بیرەکەت تاڵ بێ، ئەو دەیکات بە میوە و بەرێکی تاڵ. لە بەسەرهاتەکەدا دەڵێ: (مرۆڤێک لە سەرەتای ژیانی مرۆیی لەسەر زەوی، بە ناو دەشت و دەردا دەگەڕا، دوای گەڕانێکی زۆر، رێی کەوتە سەر کانی و ئاوێک، چەند قومێکی لە ئاوەکە خواردەوە، بە خۆی گوت، با کەمێک لە ژێر سێبەری ئەم دارەدا پشوو بدەم، دوای حەسانەوە، هەستی بە برسێتی کرد، لە زەینی خۆیدا گوتی، خۆزگە ئێستا خۆراکێکی خۆشم پێ دەبوو، دەمودەست خۆراکەکە ئامادە بوو، خواردی، پاشان گوتی خۆزگە فڵان خواردنەوەشم لا دەبوو، دارەکە خواردنەوەکەشی گرت و خواردییەوە، وردە وردە سێبەری ئێوارەی بەسەردا کەوت و خۆر لە کەلان ئاوابوو، شەو داهات، بە خۆی گوت، خوایە گیان! بەم شەوە تاریکە لەم دەشت  و دەرە رۆح و جنم لێ پەیدا نەبن؟! یەکسەر چواردەوری هەمووی بوو بە رۆح و جنی جۆراوجۆر، زۆر ترسا، گوتی ئێستا ئەم دەعبا دڕندانە نەمکوژن! هەرچی رۆح و جنی ئەو ناوە بوو یەکسەر پەلاماریاندا و کوشتیان).

 

 

 هەرکەس بیەوێ ژیانی بگۆڕێ، دەبێ واز لە دەرەوە بێنێ و بگەڕێتەوە ناو زەینی و لەوێدا بۆ سەرچاوە و دەماری کێشەکەی بگەڕێ، بە دڵنیایەوە لەوێدا دەیدۆزێتەوە

ئەم بەسەرهاتە باسی ئەوە دەکا، ئەگەر ژیانی تاکەکەسی و خێزانی و کۆمەڵایەتییمان خۆش یان ناخۆشە، ئەوە بیرکردنەوەی خۆمانە. هەر کێشەیەکت لەگەڵ خۆت یان لەگەڵ خەڵکیتردا هەیە، ئەگەر دەتەوێ بە تەواوی چارەسەر بێت، واز لە دەرەوە بێنە و لەناو زەینتدا بۆ سەرچاوە و ریشەکەی بگەڕێ، بە دڵنیاییەوە لە زەینی خۆتدا دەیدۆزیتەوە و دەبینێ بیرێکە و بۆتە بەرنامەیەکی زەینی و کار دەکا. بە دڵنیاییەوە ژیان و بارودۆخی تاکەکەسی و خێزانی و نەتەوەیی و جیهانی بەمشێوەیە نیە کە ئێستا هەیە و ئێمە دەبینین، بەڵکوو ئەوە بیری مرۆڤەکانە بۆ واقیع و ئەم بارودۆخەی دروست کردووە. گەورەیی ئەم بوونە لەوەدایە کە بێ شکڵ و بێ تام و بۆنە، بیری خۆمان بیچم و تام و بۆنی پێدەدات. بۆیە هەرکەس بیەوێ ژیانی بگۆڕێ، دەبێ واز لە دەرەوەی زەینی بێنێ، بگەڕێتەوە ناو زەینی و لەوێدا بۆ سەرچاوە و دەماری کێشەکەی بگەڕێ، بە دڵنیایەوە لەوێدا دەیدۆزێتەوە و تێدەگا بیرێکە، دوای ئەوە گۆڕینی بیر ئاسانە! ئەمجارە فێر دەبێت لەبارەی خۆی و کەسەکان و شتەکانەوە بیری ئەرێنی هەبێت. هەرکەس زەینی لە بیری نەرێنی خاوێن بکاتەوە، کێشەکانی چارەسەر دەبن. 

وتارەکانی نوسەر