خوێندن بۆ بڕوانامە و خۆدۆزینەوە لە پیشەیەکدا

09:48 - 2024-08-21
رێبین محەمەد سەعید
118 خوێندراوەتەوە

رێبین محەمەد 

 

ئەو باوەڕبوونە بە بڕوانامە کە زیاتر لە نیوسەدە تەمەنی هەیە، ئێستا، پێویستی بە یەک سەدە ئەزموون هەیە، تا هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عیراق، باوەڕبوونیان بە «پیشەگەری» بگەڕێتەوە

 

عیراق لەگەڵ دامەزراندنی سیستمی پاشایی و خۆبەڕێوەبەریدا، پێویستی بە ژمارەیەکی زۆر خاوەن بڕوانامە هەبوو بۆ دانانیان لە وەزیفەی حکومەتدا، تا حکومەت دروست بکات و دامەزراوەکانی وڵاتەکە بەڕێوەبەرن. 
ئەم پرۆسەیە ماوەی 40 ساڵ لە ساڵی 1950ەوە تا 1990 بەردەوامبوو، لە شارە گەورەکاندا، تا ئەم ساڵە بەنزیکەیی عیراق توانی پێداویستییەکانی پڕبکاتەوە، بەڵام، لە قەزا و ناحیەکاندا، بۆی پڕنەکرایەوە، لە شارەکانەوە خەڵکی خاوەن بڕوانامە دەچوونە قەزاکان و وەزیفەی فەرمانبەری و مامۆستاییان دەکرد. 
لە تەقینەوەی ژمارەی دانیشتوان و گۆڕانی دۆخی ژیان کۆچ لە گوندەکان بۆ شارە بچووکەکان بەتایبەتی قەزاکان و ناحیەکان، دەرەنجامی تێکچوونی ژیانی ئابووری عیراق و بێ بەهابوونی خۆبژێوی گوندەکان،  لە ساڵانی 2000 تا 2010، بەتایبەتی لە کوردستان، ئەم بۆشاییە پڕکرایەوە، ئیدی، بڕوانامە پێویست نەما بۆ حکومەت و پڕکردنەوەی وەزیفەی حکومەت. 
واتە لە ماوەی 60 ساڵدا، کەلتوری هاووڵاتی عیراقی بەشێوەیەک ئاراستە کراوە بڕۆ بڕوانامە بە دەستبهێنە، بێ ئەوەی هیچ لێهاتووییەکت هەبێت، لە وەزیفەیەکی حکومەت دەست بەکارکردن بکە. 
ئێستا ئەم چارەسەرەی بۆ ژیانی هاووڵاتی عیراقی بە 60 ساڵ کارکردن و گۆڕانکاری و قەناعەت کردن دروست بووە، پێویستی بە کاتە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاسایی کە پشت بە حکومەت نەبەستن. 
زۆر گرانە هاووڵاتی عیراقی (هەرێمی کوردستان لەناویدا) چارەسەری دیکە وەربگرێت ئەوەش بریتیە لە « منداڵەکەت بەزۆر بنێرە بەرخوێندن، بۆ ئەوەی خوێندنی بنەڕەتی تەواو بکات، پاشان، بەدوای لێهاتووی و شارەزاییدا بگەڕێ، نەک بڕوانامە».
لە پاڵ پاشخانێکی 60 ساڵیدا، کە باوەڕبوونی بە بڕوانامە دروست کردووە، کێ ئێستا بوێری ئەوەی هەیە و بڕوا بەخۆی بهێنێت، بڵێت « من منداڵەکەم لە قوتابخانە دەردەکەم بۆ ئەوەی فێری پیشەیەک ببێت، بۆ ئەوەی ژیانی مسۆگەر بکات» .
ئەو باوەڕبوونە بە بڕوانامە کە زیاتر لە نیوسەدە تەمەنی هەیە، ئێستا، پێویستی بە یەک سەدە ئەزموون هەیە، تا هاووڵاتی هەرێمی کوردستان و عیراق، باوەڕبوونیان بە «پیشەگەری» بگەڕێتەوە. 
هەڵئاوسانی بڕوانامە، کەڵەکەبوونی زانکۆی ئاکادیمی، بە لێشاو دەرچوون لە پۆلی 12 بۆ زانکۆ، نان و ژیان بۆ کەمینەک پەیدا دەکەن، زۆرینە بێکار و دەستەوەستان و مەحرومن لە ژیان. 
لە ئێستاوە کاتی ئەوەیە، ئێمە کاربکەین بۆ بە پیشەییکردنی کۆمەڵگە، لێهاتوویی کۆمەڵایەتی و یەکتر قبووڵکردن و پێکەوە مامەڵەکردن و لێزانی لەکار و هەماهەنگی و کارکردنی بە کۆمەڵ، زیاد بکرێت. 
ئەرکی راگەیاندنەکان، نووسەر و میدیاکار، مامۆستای ئاینی، وەزارەتەکانی کاروباری کۆمەڵایەتی و پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەوەیە، راستییەکان بە خەڵک بڵێن، چی دیکە مۆدێلی بڕوانامەیەکی بێ کارامەیی پیشەیی، سوودی نەماوە، تەنها لۆگۆیەکی جوانە لەسەر دیواری ماڵەکەتان هەڵدەواسرێت. 

وتارەکانی نوسەر