حزب کاراکتەری مۆدێرنە و رەگەزێکی چالاکی بەڕێوەبردنی دەوڵەتە، وەک هەر کایەیەکی دیکە حزبە کوردییەکان، بەشێوەیەکی زانستی و بێ خەوش بەڕێوە ناچن، ژینگە و دۆخی کۆمەڵایەتی کوردستان کاریگەریی بۆ سەر ئەویش هەیە، ئەمەش ئەرکی حزبی قورس کردووە کە ناتوانن وەک پێویست گۆڕانکاری لەناوەڕۆکی کارەکانیان بکەن بەپێی ستانداردی خوازراوی وڵاتێکی مۆدێرن و دیموکراسی.
ئەگەر تەماشای نەریتی حزبە دیموکراسی و باشەکانی جیهان بکەین، زۆر جیاوازی دەبینین لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا، کەلێنی نازانستی و نا لۆژیکی دروستکردووە.
هەرچەندە حزبی باش و هۆشیار، کاریگەریی لەسەر ژینگەی دەوروبەری دروستدەکات و گۆڕانکاری بە شێوەی ئەرێنی بۆ راستکردنەوەی حوکمڕانی دروست دەکات، بەڵام هەنگاوەکان خێرا نین و بەربەستەکان زۆرن، هۆکاریش هۆشیاریی سیاسی لای تاک و ئەو کەسانەی سەرقاڵن بە کاروباری رامیارییەوە، لەژێر شەپۆلی رای زۆرینەدا، چەماونەتەوە.
حزب و هەڵبژاردن
بنەمای یەکەمی حزب بریتیە لە بەشداریکردنی هەڵبژاردن و بردنەوەی کورسیی پەرلەمان و دواتریش گەیشتن بە دەسەڵات، ئەگەر حزب بۆ یەک خولیش نەیتوانی لەم پرۆسەیەدا، دەسەڵات مسۆگەر بکات پێویستە گۆڕانکاریی جددی تێدا رووبدات، بۆ خولی دواتر خۆی بگۆڕێت و بە شێوازێکی دیکە بەشداریی پرۆسەکە بکاتەوە.
لە هەرێمی کوردستان کاریگەریی کۆمەڵایەتی وایکردووە، ئەم بابەتە پێچەوانەکەی دەبینرێت، کەسەکان بە نوێنەرایەتی یەکە کۆمەڵایەتییەکان (بە تایبە خوێن و خزم) دەمێننەوە، هەرچەند حزبەکان بچووک بێتەوە، ئەوان دەیانەوێت لە پێگەی خۆیاندا بمێننەوە و بەردەوامبن، چونکە حزب وەک دەستکەوت و رێڕەوێک بۆ بژێوی ژیان و دەوڵەمەند بوون تەماشا دەکەن، کۆتاییەکەی بریتیە لە ئیفلیجبوونی حزب و مانەوەی لە قەوارەیەکی دیاریکراودا.
لە کۆی 100 کورسی پەرلەمان، هەندێکیان یەک کورسی بە دەستناهێین و هەندێکیشیان لە کورسییەک و دوو تا سێ کورسی خۆیان دەبیننەوە.
لە بانگەشەی هەڵبژاردندا، ژمارەیەک خەڵک کە توانایەکی باشیان هەیە، لەناو خەڵکدا خوازراون و توانای بە دەستهێنانی دەنگ و کۆکردنەوەی خەڵکیان هەیە، واتە کەسایەتی سیاسی راستەقینەی کاریگەرن، دەخرێنە ناو لیستەکانەوە و دەنگیان پێ کۆدەکرێتەوە، پرۆسەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت، ئەوا، دەکرێت ئەم کەسانە پێگەی حزبی و حوکمیان بۆ ماوەی ئەو چوار ساڵە پێ پڕ بکرێتەوە دەرفەتیان پێبدرێت کاربکەن.
ناکرێت کەسێک لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا ماندوو بکرێت و کاریگەر بێت و دواتر، کەسانی دیکە بێنە سەر سفرە و نیعمەتی دەنگی ئەمان.
ئەوە متمانەی دەنگدەر لاواز دەکات، دەنگدەر لەگەڵ ئەو کەسانە پەیوەندییان دەبێت لە هەڵبژاردن دەنگیان پێداون، وادە و بەڵێن لەنێوان هەیە، کەسی سێیەمی نەناسراو، بە حوکمی پێگەی کۆمەڵایەتی یان ئابووری یان هەر پێگەیەکی دیکە، لەنێو ئەو وادە و بەڵێنەدا نییە و رۆڵی حزب لەناو جەماوەردا لاواز دەکات.
پیویستە سەرپەرشتیارانی هەڵبژاردنەکان لە گوندێکەوە بۆ پارێزگایەک، دەسەڵاتی بڕیاردانیان بخرێتە بەردەست و داواکاری جەماوەر جێبەجێ بکەن.
دابەزینی ئاستی بەشداریکردنی سیاسی، لەماوەی دەنگدانەکانی رابردوودا، پەیوەندی بەم کێشەیەوە هەیە و متمانەی جەماوەر بە حزب بەرەو داکشان چووبوو، تا ئەم جارە سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی بافڵ تاڵەبانی وتی کە بە گۆڕینی جۆری بانگەشەکەی، وزەی بۆ دەنگدەر گەڕاندەوە.
بەڵام، بەردەوامیدان بە بەشداریی سیاسی و متمانە بەردەوامیدانە بەو کەسانەی سەرپەرشتیی بانگەشە دەکەن.
حزب دەبێت پشت بە زانست و لۆژیک و داتا ببەستێت بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە، حزب دەبێت دەیان هەنگاو لەپێش بیرکردنەوەی کۆمەڵگە بێت بۆ ئەوەی بەشداریی سیاسی کۆتایی نەیەت و خەڵک تامەزرۆبێت کە تێکۆشانی بۆ بکات.