رووداو لێرە و لێدوان لەوێ

10:12 - 2024-08-25
هیوا محەمەد
274 خوێندراوەتەوە

نموونەیەک/ ناکرێت رووداوێک لە رانیە روو بدات و لێدوان و روونکردنەوەی پۆلیسی کەلار لەسەری پشتڕاستتر بێت لەوەی پۆلیسی رانیە، چونکە ئەوان لە نزیکەوە باشتر دەزانن و خۆشیان هەر لەو پارچە جوگرافیایەدا دەژین.
ئەوەی لە دەوروبەری هەریەک لە شارۆچکەکانی سەیدسادق و ماوەت لە چوار رۆژی رابردوودا روویدا، شایەتحاڵەکانی ئەو دەدەوروبەرە باشتر دەزانن چی بووە، لانیکەم ئەوان لە نزیکەوە چوونەتە سەر رووداوەکە، بۆیە هەر دەکرێت بڵێین لێدوانی ئەوان سەبارەت بەو رووداوە راستترە تا ئەوەی لایەنێکی ئەمنی لە جێگەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە دوور لە رووداوەکە و بێ هەبوونی زانیاریی لەبارەیەوە قسە بکات و پێشی وابێت زانیاری راستی داوە بە خەڵک، چونکە رۆژنامەنووسێک( ئەگەر لە حاڵەتێکدا سەر بە راگەیاندنی نزیک لەوانیشەوە بێت) لەگەڵ چەکدارێکی سەر بە پەکەکە وەک پیشە، جیاوازییان زۆرە.
هەموو ئەو هێڕشانەی دەکرێنە سەر ئەم دەڤەرە و لەرێگەی درۆن یان فڕۆکەی جەنگییەوە تێیدا کەسانێک دەکرێنە ئامانج کە پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە پەکەکەوە نییە و لە هەندێکیاندا هەر زۆریش دوورن لێیانەوە یان گەشتیارن.
لێدوانەکان بەپێی خواستی ئەوان
بەڵام ئەوەی جێگەی داخە لێدوانەکانی کە لە دەڤەری ژێردەستی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەردەچن، راستەوخۆ و یەکسەر بێ زانینی هیچ زانیارییەک وای باس دەکەن کە پەکەکە کراوەتە ئامانج، ئەمە هاوشانی ئەوەیە کە ئەوانیش وێڕای سوپای تورکیا و بۆ پشتڕاستکردنەوەی تۆمەتەکانی ئەوان، ئەم دەڤەرە بە داڵدەدانی پەکەکە دەناسێنن.
دیارە تورکیا بە شوێن شایەتحاڵی زۆردا دەگەڕێت، تا لای بەغدا بیسەلمێنن کە ئەو حزبەی ئەوان بە قەدەغەکراویان ناساندووە، ئەوەتا لە سلێمانی و دەوروبەری چالاکییان هەیە، بۆ ئەم سەلماندنەش پێویستی بە دوو شاهیدی هاوشێوەی ئەو لایەنە ئەمنییەی هەرێم هەیە.
لەناو جەنگی غەززەدا سەدان رۆژنامەنووسی سەر بە ئایینە جیاوازەکان لە جیهانەوە هەن، هیچکامیان لەسەر ئەوەی سەر بە فڵان مەزهەب و ئایینە یان وڵاتێکی دژ بە غەززە، ناکوژرێن، هەرواش لەو چەندانە لە ناو ئیسرائیلیش هەن، پەیامنێری وا دەبینیت لە بەردەم دەرگای مزگەوتی ئەقسا لە قودسەوە هێرش دەکاتە سەر هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل و پەردە لەسەر تاوانەکانیان هەڵدەداتەوە بێ ئەوەی رێگریی لێبکرێت یان بە درۆن بکوژرێت.
دەڵێن دار کرمی لەخۆی نەبێت تەمەنی درێژ دەبێت، لەسەردەمی رژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ، ئەگەر ئەو کوردە خۆفرۆشانە نەبوایە کە دەستیان لەگەڵیان تێکەڵاو دەکرد، ئەوا ئەمنێکی خەڵکی خواروو یان ناوەڕاستی عیراق نەیدەتوانی کۆڵان و گەڕەکەکانی سلێمانی بگەڕێت و چاودێریی ماڵ بە ماڵ بکات، هەر بۆیە ئەوەش کە ئێستا روودەدات و لەپڕ گرتە ڤیدیۆیەک بڵاودەبێتەوە کە دیمەنی پێشتەقینەوەکە و کاتی تەقینەوەکەیە، پێمان دەڵێت کەسانێک هەن لە رێگەی پەیوەندیکردنی زیرەکەوە ئاسانکاریی بۆ هێرشەکانی تورکیا دەکەن.
بێدەنگیی حکومەتی عیراق واتای چی؟
پێویستە حکومەتی عیراق وەک سەرۆک وەزیران، بێتە سەرخەت و چیدی نەهێڵدرێت تورکیا بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ ئەم دەڤەرە بکات،  دەڵێم سەرۆک وەزیران، لەبەرئەوەیە کە وەزیری دەرەوە لەبەر دۆستایەتی خۆی و حزبەکەی لەگەڵ تورکیا، چاوەڕوانیی ئەوەی لێناکرێت هەڵوێستی یەکلاکەرەوەی هەبێت بۆ راگرتنی ئەو هێرشە ناڕەوایانە.
پێویستە خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان لەسەر ئاستی هەموو عیراق، تا سیاسییەکانی بەغدا ناچار بکەن بە وەرگرتنی هەڵوێست، چونکە ئەو هەرێمەی کە ئەوان پێیدەڵێن بەشێکی دانەبڕاوی خاکی عیراقە، ئێستا زیاتر لە 650 گوند و ناحیەی کەوتۆتە ژێر رەحمی سوپای تورکیا و هێزە بە کرێگرتەکانی ئەوەوە، ئەی ئەگەر ئەمە داگیرکردنی خاکی عیراق نەبێت چییە؟

 

رووداوی بەئامانجکردنی دوو کچە رۆژنامەنووسەکە

وتارەکانی نوسەر