هیوا محەمەد
کەرکوک یەکێک لەو پارێزگایانەیە کە لای کورد هەمیشە مەرجی سەرەکی بووە لە قۆناغە جیاجیاکانی دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق، لەم پێناوەشدا چەندین جار دانوستانەکان بە بنبەست گەیشتوون و شەڕ و پێکدادان و ماڵوێرانی بەرۆکی گرتووینەتەوە، خۆ ئەگەر کەرکوک خاڵی ناکۆکیی نێوان کورد و بەغدا نەبوایە لە رێکەوتنی 11 ی ئازاری 1970 دا، ئەوا هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە لە ماوەی زیاتر لە 50 ساڵی رابردوودا بەسەرماندا هاتووە، نەمان دەبینی و ئێستا چ لە رووی دانیشتوانەوە و چ لە رووی پێشکەوتنەوە لە پلەیەکی باڵادا دەبووین، بۆ بەغداش هەر بەم شێوە دەبوو، چونکە ئەوانیش ململانێ و ناکۆکییەکانیان لەگەڵ کورد، کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر دواخستنیان و بردنیان بەرەو زەلکاوی گرفتە ئاڵۆزەکان.
پێکەوەژیان و یەکتر پەسەندکردن باشترین رێگەیە
لێرەوە دەبێت گرنگیی ئەم شارە تێبگەین، لەگەڵیشیدا بگەینە ئەو باوەڕەی کە رێچکەی پێکەوە ژیان و یەکتر پەسەندکردن کە سەرۆک مام جەلال تۆوەکەی رشت، باشترین رێگەچارەیە چ بۆ کورد و چ بۆ نەتەوەکانی تر لە عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان.
شارێکی وەک رۆتەردامی هۆڵەندە بە نموونە وەربگرین، ناتوانیت بڵێیت هۆڵەندییە ئەسڵییەکان زۆرینەی شارەکە پێکدەهێنن، چونکە ئەگەر بە یەکە ئیدارییەکاندا بچیتە خوارەوە و هەموو ئەوانەی بازاڕی شارەکە دەگێڕن و کۆنترۆڵیان کردووە، ژمارەی ئەو پۆلیسانەی کە خەڵکی هۆڵەندەنین لە بنەڕەتدا، بۆمان دەردەکەوێت کە رۆتەردام شارێک نییە زۆرینەی هۆڵەندی بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەکێکە لە بەندەرە هەرە گرنگەکانی ئەو وڵاتە و ئەوروپاش.
هەموو ئەوانەی لەوێ کارێکیان بەدەستە، بەکاریدەهێنن بۆ پێشخستن، پاراستن، گەشەکردنی شارەکە، کەس ناڵێت ئێمە زۆرینەین و پێشی دەوترێت شارێکی هۆڵەندی.
رێچکەی پێکەوە ژیان و یەکتر پەسەندکردن کە سەرۆک مام جەلال گرتیەبەر، باشترین رێگەچارەیە چ بۆ کورد و چ بۆ نەتەوەکانی تر لە عەرەب و تورکمان و مەسیحییەکان
حزبەکان یەک هەڵوێست نین
بە کەرکوک دەوترێت شارێکی عیراقی لەناو نەخشەی عیراقدا، ئەگەرچی دانیشتوانەکەی هەر لە ئەزەلەوە بە زۆرینە کوردە، بەڵام لەبەر بوونی کێشەی سیاسیی لەسەر ئەم شارە و تێکەڵکردنی بە شۆڕشەکانی کورد و بەهۆی ئینکارییکردنی رژێمەکانی عیراق لەوەی ئەم شارە کوردی بێت، لای کوردیشەوە پێداگریی لەسەر کراوە و بە شارێکی کوردستانی ناسێنراوە و هەرواشە.
ئەمە وایکردووە کە پرۆسەیەکی وەک هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بە ئاسانی تێنەپەڕێت، چونکە دەستی دەرەکی و دوژمنانی پێکەوە ژیان و برایەتیی پێکهاتەکانی شارەکە، بەردەوامن لە تێکدانی پرۆسەی رێککەوتن و پێکەوە ژیان.
پێکهاتەکانی ئەم شارە چەند حزبێک نوێنەرایەتییان دەکات، ئەونیش هەموو یەک هەڵوێست و یەک ڕا نین، هەروەک ئەوەی کوردیش ئەگەرچی جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە خاوەنی پێنج کورسیی ئەنجومەنەکەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش خاوەنی دوو کورسییە، بەڵام هاو هەڵوێست و هاوپەیمانی ی.ن.ک نییە.
تێڕوانینیمان بۆ ئەوانی تر گشتگیر نییە
لێرەوە ناکرێت تێڕوانینمان بۆ هەڵوێستەکانی عەرەبەکان یان تورکمانەکان گشتگیر بێت، ی.ن.ک دەستی پێکەوەکارکردن درێژ دەکات لەڕیگەی پارێزگارە نوێیەکەیەوە بۆ هەموو ئەوانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە بەڕێوەبردنی شارەکە بە دڵسۆزی.
بەرنامەی ی.ن.ک بە ئاشکرا دیار بووە بۆ ئەم شارە کە چی دەوێت بکات؟ ئێستاش کە پارێزگار دەستبەکار بووە، بۆ پیشاندانی نیاز پاکی و سیاسەتی دادپەروەریی و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان، بڕیاری دا بە بەکارهێنانی زمانی تورکمانی و سریانی لە شوێنە رەسمییەکاندا، ئەمە جگە لە فراوانکردنی ناوەندە جیاجیاکانی خوێندن و کەلتور و رۆشنبیریی و ئازادیی رادەربڕین و چالاکییەکانیان، کە پێشتر و بەتایبەتی لەسەردەمی رژێمی بەعسدا نەک نەیانبووە، بەڵکو هەر دانیشیان پیادا نەنراوە.
راستە ئەگەر بڵێین: تورکمان و عەرەب و هەر پێکهاتەیەکی تر لەم شارەدا دەتوانێت بە ئارامی بژی لەژێر سیاسەتی نوێی پارێزگار کە بە دەیان بەرنامەی جۆراوجۆرەوە دەستبەکاربووە و هەمووشی لەخزمەتی شارەکەدایە بێ جیاوازی.
پێویستە ئەوانەی باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە لەم شارەدا، بەدوور لە کارتێکەریی دەرەکی و ئەجێندای دژە کەرکوکییەکان، پێکەوە دەست بۆ ئەو دەستپێشخەرییەی پارێزگار رابکێشن و هەموان لە خزمەتی شارەکەیاندا بن و بیکەنە نموونەی پێکەوەژیان و رێز لە بوونی یەکتر، نەک هەر لەسەر ئاستی عیراق بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش.
زۆرێک لە عەرەبە رەسەنەکانی کەرکوک باوەڕیان بە پێکەوەژیان هەیە