هۆکاری تاوان بوونی چەکی بێ مۆڵەتە؟

07:51 - 2022-05-26
نێرگز قادر
978 خوێندراوەتەوە

چەند مانگێکە رێژەی کوشتن لە هەرێمی کوردستان رووی لە زیادبوون کردووە و رۆژانەش گوێمان لە چەندین کێشەی کۆمەڵایەتی دەبێت، دەرەنجامی کۆتایی کێشەکانیش بە کوشتن و چیرۆکی ناخ هەژێن دێت.
راستە تا ژیان بەردەوام بێت کێشە و گرفتیش لە ژیانی هەریەک لە ئێمە زیاتر دەبێت، بەڵام ئەوەی جێی سەرنج و پرسیارە ئەوەیە کە دۆخێکی خراپی کۆمەڵایەتی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەجۆرێک هاوسەرێک هاوبەشی 20 ساڵە و خوشک و براکانی دەکوژێت، برا خوشکەکەی دەکوژێت، یا کوڕ باوکی دەکوژێت و بەپێچەوانەشەوە، یاخود زۆرجار بەبیانووی کێشەیەکی بچووکی کۆمەڵایەتییەوە کۆشتارگەیەک دەخوڵقێنن.
ئەمە لە کاتیێکدایە ئێمە وڵاتەکەمان هەموو شتێکی بە یاسا رێکخستۆتەوە، کەچی رۆژ لە دوای رۆژ  دۆخی هەرێمەکە بەرەو خراپی دەچێت و یاسا نەک هەر سەروەر نییە، بەڵکو ئەسڵەن کەس گوێشی بۆ ناگرێت و فەرامۆش کراوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، ئایا یاسا رۆڵی خۆی نابینێت یاخود دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان کەمتەرخەمن لە بەرقەرارکرنی یاسا، یاخود یاساکەمان پێویستی بەهەموارکردنەوەیە، چونکە دەکرێت توێژینەوە لەسەر هۆکارەکانی زۆربوونی رووداوەکانی کوشتن بکرێت و
جارێکیتر بە یاساکاندا بچنەوە و بازاڕی فرۆشتنی چەک قەدەغه بكرێت و ئەو یاسایەی بۆی دانراوە جارێکیتر هەموار بکرێتەوە یاخود 
دەستکاریی بکرێت.
تا هەموو کەس زاتی ئەوە نەکات یا مافی ئەوەی نەبێت دەستی بە چەک بگات و چەک تەنها بەدەستی هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانی بەرپرسان و پاسەوانانی شوێنە گشتییەکانەوە بێت، ئەویش تەنها لە کاتی ئەرکدا.
لە رابردووشدا لە هەرێمی کوردستان یاسا بۆ ئەو مەبەستە دانراوەکە کە پێویستە پێداچوونەوەی پێدا بکرێت، لە حوكمی یاسای هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌بێ مۆڵه‌تدا هاتووە:
لە هەرێمی كوردستان هەڵگرتنی چەك لە یاسای چەكی ژمارە 16ی ساڵی 1993 رێكخستنی یاسایی بۆ كراوه ‌و جۆر و مەرجەكانی هەڵگرتن و سزاكانی سەرپێچی كردن دیاریكراون لەگەڵ چەند رێنماییەكی تری پەیوەست بە رێكخستنی یاسایی هەڵگرتن و مۆڵەت پێدانی چەك.
لە یاسای چەكی هه‌مواركراو (قانون الاسلحە)ی ژمارە (16)ی ساڵی 1993ی هەمواركراو، لە «مادەی (3)دا قەدەغەكراوە كەسێك چەك هەڵبگرێت بەبێ‌ مۆڵەت، لە مادەی(27) بڕگەی(3)دا هاتووە» هەركەسێك چەك هەڵبگرێت بەبێ‌ مۆڵەت، سزاكەی بەندكردنە بۆ ماوەیەك زیاتر نەبێت لە (7)ساڵ، واتە لە نێوان (پێنج ساڵ تا حەوت ساڵ) یاخود بەند دەكرێت بۆ ماوەیەك كەمتر نەبێت لە ساڵێك (لە نێوان یەك ساڵ تا پێنج ساڵ) و غەرامەكردنی تاوانبار بەبڕێك پارە كەمتر نەبێت لە پەنجا هەزار دینار و زیاتر نەبێت لەسەد هەزار دینار.
پێویستە ئەم یاسایە هەموار بکرێتەوە و سزای توند و قورستر بۆ هەڵگرانی چەکی بێ مۆڵەت و ئەنجامدەرانی تاوان لەژێر ئەم چەتر و سێبەرەی هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دابنرێت، تا ببن بە وانەیەک بۆ ئەوانەی دوای خۆیان دەیانەوێت وەها کارێک بکەن تا زاتی کردەوەی تاوانکاری و خوڵقاندنی کارەساتیان نەبێت و چیتر دایک و خوشک و خانەوادەکانی ئەم نیشتمانە جەرگ سووتاو نەکەن و هەندێکیشیان دوای تاوانەکان وەک بەرزەکی بانان بۆی دەرنەچن.

وتارەکانی نوسەر