لەساڵیادی شۆڕشی ساڵی (1920)ی خورماتوو دا

10:10 - 2024-08-27
حەسەن بارام
84 خوێندراوەتەوە

جەنگی جیهانی یەکەم لەگەڵ خویدا، کۆمەڵێک گۆڕانکاری سیاسیی و جوگرافی و ئابووری ھێنایە گۆڕێ و بووە مایەی ھەڵوەشاندنەوەی چەندین دەوڵەتی گەورە و دابەشکردنی جوگرافیاکان، سەرئەنجامیش دروستکردنی چەندین دەوڵەتی نوێ، بەکورتی نەخشەی سیاسیی و جوگرافیی جیهانی بەگشتی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی بەتایبەتی گۆڕی، بەمەش زەمینە بۆ زۆر گەل و نەتەوە خوڵقا، تاکو دەوڵەت و کیانی خویان دروست بکەن، ھاوکات لە دژی کۆڵونیالیزم وھەروەھا بێ بەشکردنی چەندین نەتەوە لەدروستکردنی دەوڵەتی خۆی.

چەندین ناوچەی باشووری کوردستان دەستی دایە شۆڕش دژی ئەو ستەم و ناھەقییەی بەرانبەرى دەکرا، لەخورماتووی بوکی حەمرینیش، شۆڕش دژ بە سوپای ئینگلیز دەستی پێکرد

بێ بەش کردنی کورد
لەو ھەلومەرجە نوێیەدا نەتەوەی کورد بێبەش کرا لەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیی خۆی ھەبێت، ھەم لەبەر بێ کەسی و ھەڵەی کورد خۆی و ھەمیش لەبەر خاتری قازانج و بەرژەوەندیی زلهێزەکانی ئەو دەمەدا، ئەو دەرفەتە لە کیسی کورد چوو، بەڵکو کرایە قوربانی ئەو نەخشە نوێیە و ھەر پارچەیەکی لکێندرا بەدەوڵەتێکەوە، ئەم نادادی و ستەمە وای لەکورد کرد، دەست ببات بۆ چەک و بەرگری لە شوناس و مافەکانی بکات، بەڵام پەرتەوازەیی کورد و ستەمی زلهێزەکان و ھەڵپەی داگیرکەران وای کرد، ھەموو دەرگاکان بەڕووی ئەم نەتەوەیەدا دابخرین .
لێرەوە کورد لە باشووری کوردستان لە چەندین ناوچە دەستی دایە شۆڕش و راپەڕین لەدژی ئەو ستەم و ناھەقییەی بەرانبەرى دەکرێت، وەک چۆن لە سلێمانی و کفری و خانەقی شۆڕش و دەستبردن بۆ چەک لەدژی داگیرکەر کڵپەی سەند، ئاوھاش لەخورماتووی بوکی حەمرینەوە، دژ بە سوپای ئینگلیز شۆڕش دەستی پێکرد .

بەرپاکردنی شۆڕش
لە مانگی ئابی ساڵی 1920 دا جۆرێک لەگفتوگۆ و ھاریکاری لەنیوان ھەردوو کەسایەتی (ئیبراھیم خانی دەلۆ) و (رەفعەت سمایل بەگی داودە) دروست دەبێت بەئامانجی بەرپاکردنی شۆڕش، هەڵایسانی ئەو شۆڕشە لەپێناو ئەم دوو داواکارییەدا بووە:
یەکەم: دروستکردنی گوشار بۆ سەر ئینگلیز، تاکو شێخ مەحمودی حەفید ئازاد بکەن .
دووەم: تێکۆشان لەپێناو ئازادکردنی ناوچەکەیان و دروستکردنی حکومەتێکی ناوچەیی و دابینکردنی ماف و داخوازییەکانی کورد لەو سنوورە.
بۆ ئەو مەبەستەش رەفعەت سمایل بەگ، بەخۆی و ھۆزە ھاوپەیمانەکانییەوە لەگەڵ (فارس بەگ)ی سەرۆکی ھۆزی بەیات و ھەروەھا ھۆزەکانی (داودە و گلی و دەلۆ...ھتد) لە رۆژی (20/8/1920) ھێرش دەبەنە سەر ھێزەکانی ئینگلیز لەشاری خورماتوو، لەماوەیەکی کەمدا شارەکە ئازاد دەکەن و ئاڵای بەریتانیا دەھێننە خوارەوە .
پاشان شۆڕشگێڕان ئەنجومەنێک پێکدەھێنن و حکومەتێکی لۆکاڵی بۆ بەڕێوەبردنی شارەکە دروست دەکەن، کاتێک ھەواڵی ئەم شۆڕشە دەگاتە ئینگلیز، یەکسەر بەفەرماندەیی (مێجەر مۆلۆی) و بەھاوکاری چەکدارانی هەندێک لە ھۆزێکی کوردی سوپایەک پێکدەھێنن و روودەکەنە شاری خورماتوو بۆ لێدان و دەرپەڕاندنی شۆڕشگێڕان .

پەلاماردانی خورماتوو
سەرەتا ئینزاری شۆڕشگێڕان دەکەن کە بەرگری نەکەن و خۆیان بدەن بەدەستەوە، ھەرچی چەکدارانی کورد دەبێت ئەو داوایە رەتدەکەنەوە و بڕیاری بەرگری دەدەن، لەبەرانبەردا سوپای ئینگلیز بەھاوکاری چەکدارە کوردەکان لەچەندین قۆڵەوە پەلاماری خورماتوو دەدەن، لەئاسمانیشەوە بە فڕۆکەی جەنگی شۆڕشگێڕان بۆردومان دەکەن، دوای گەیاندنی زیانی گیانی و مادیی زۆر بەگوندەکانی سلێمان بەگ و ئەلبو سەباح و خاسە دارلی و ناوەندی شارەکە، دوای بەرگرییەکی جوامێرانە، لەبەرئەنجامی نابەرابەری ھێز و دوای بەخشینی (40) شەھید، شۆڕشگێڕەکان لە شارەکە دەکشێنەوە و روودەکەنە ھەردە و ھەڵەتەکانی خورھەڵاتی خورماتوو، بەمەش خورماتوو لەلایەن سوپای ئینگلیزەوە داگیر دەکرێتەوە، پاشان باج و سەرانەی زۆر دەخەنە سەر ھۆزەکانی شارەکە، لێرەوە کۆتایی بەیەکێک لەو شۆڕشانە دێت، کە ئامانجی رزگاری و ئازادی خاکی کوردان بووە لەو سنوورەدا .
ئەوەی جێگای داخ و هەروەها سەرنجیشە، ئەم شۆڕش و راپەڕینە زۆر بەکەمی لەسەری نووسراوە و وتراوە، دڵنیام زۆر زانیاری و داتا لەم بارەیەوە ھەبوون، بەڵام پێش تۆمارکردنیان بزربوون .

سەرچاوە:
کتێبی چەردەیەک لە راپەڕین و داستانەکانی خورماتو، حسن بارام، چاپی یەکەم ـ 2009

وتارەکانی نوسەر