قەزای خورماتوو یەکێکە لە قەزا گەورە و گرنگەکانی کوردستان، لە رووی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە، هاوسنووری بەشە عەرەبەکەی عیراقە و بە سروشت ناوچەیەکی گرنگ و دەوڵەمەندە و لە رووی مێژووییشەوە دەڤەرێکی هێجگار دێرینی کوردستانە.
لەگەڵ ئەوەی زیانی گیانی و ماددیی هێجگار زۆر بوو، لە خورماتوو، بەڵام خەڵکی شار و پێشمەرگە، بەو راپەڕین و قوربانیدان و گیانفیداییە، داستان و مێژووییەکی گەورەی پڕ سەروەریان بۆ کوردستان و خورماتوو تۆمار کرد
پشکی شێریان بەرکەوتووە لە شۆڕشەکاندا
ئەم قەزایە و دانیشتوانەکەی، لە سەرجەم شۆڕش و بەرخودانەکاندا پشکی شێریان بەرکەوتووە، و بەشداری و قوربانی زۆریان لە پێناو ئازادی و سەرفرازیدا پێشکەش بەگەل ومێژووەکەیان کردووە، ژمارەی بەشداربوونەکانیان، ژمارەی شەهید و ئەنفالەکانیان، ژمارەی شەڕ و داستانەکانی ئەو سنوورە، باشترین گەواهین بۆ ئەو راستیانەی سەرەوە، هەر ئەمەش وایکردبوو لەسەد ساڵی رابوردوودا، زۆرترین زیانی گیانی و ماددیی لەلایەن داگیرکەران و دووژمنانەوە بەر دانیشتوانی ئەم سنوورە بکەوێت.
کاتێکیش سەدام و رژێمەکەی بەردەوامبوون لە ملهوڕی و سەرەڕۆیی و پەلاماری وڵاتی کوێتیان دا، ئیتر ئەم رژێمە سەرکوتکارە و چنگ بە خوێنە، کەوتە بەر هەڕەشە و پەلاماری هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش زەمینەیەکی لەباری بۆ شۆڕش و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رەخساند، راپەڕینی جەماوەری سەرتاسەری لە شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەرپا ببێت، هەربۆیە جەماوەری خورماتووی مەڵبەندی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە گەیشتنی مەفرەزە پارتیزانەکانی (ی. ن. ک) بە سەرپەرشتی شەهیدی فەرماندە (حمە رەش) بۆ دەوروبەری شار، لە بەرواری (1991/3/10) یەکەم چەخماخەی راپەڕین لەو سنوورە لێدرا و جەماوەر و شانە و مەفرەزە نهێنییەکانی ناوشار و پێشمەرگە، ئاوێتەی یەک بوون و هەڵمەتی راماڵینی سوپا و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعس دەستی پێکرد و شار هەوای ئازادی هەڵمژی، و زەماوەندی سەرکەوتنی راپەڕین تەواوی کوچە و کۆڵان و گەڕەکەکانی شاری گرتەوە، ئەگەر ئەم ئازادی و سەرکەوتن و راپەڕینە بۆ شار و شارۆچکەکانی کوردستان، جارێک خۆشی و سەرکەوتن و دەستکەوت بووبێت، ئەوا بۆ خورماتووی ئەنفالکراو و تەعریبکراو، سەدان جار مایەی دڵخۆشی و دەستکەوتێکی مێژوویی بوو .
لە چەندین قۆڵەوە لەلایەن بەعسەوە پەلامار دەدرا
بەڵام لەبەر ئەوەی ئەم قەزایە، لەگەڵ بەشە عەرەبەکەی عیراق هاوسنوور بوو، لە چەندین قۆڵەوە لەلایەن پاشماوەکانی سوپای بەعسەوە پەلامار دەدرا و هێرش دەکرایە سەر ناوەندی قەزاکە، لەگەڵ ئەوەشدا بوونی هێزەکانی بە ناو موجاهیدین خەڵقی ئۆپۆزسیونی ئێرانی لەو سنوورە، هاوشانی هێز و تۆپخانە وفڕۆکە جەنگییەکانی رژێمی بەعس لە چەندین بەرەوە بۆ ماوەی یازدە رۆژ پەلاماری سەنگەرەکانی پێشمەرگە و جەماوەری قەزاکەیان دەدا، کەچی جەماوەری ئازا و تینوی ئازادی و سەرفرازی، بۆ ماوەی (11) رۆژ، هاوشانی پێشمەرگە بەرگری و گیانفیداکارییان نواند، بەڵام بە هۆکارەکانی گۆڕانکاری لە هاوکێشە سیاسییەکان و نابەرابەری هێز و زۆربوونی شەهید و قوربانی و زیانی زۆری گیانی و ماددی، و زۆربوونی هێرش و پەلامارەکانی سوپا و جەیشی شەعبی و هێزەکانی موجاهیدی خەڵق بۆ سەر شارەکە، سەرباری یازدە رۆژ گیانفیدایی و بەرگری سەرسەختانە، دوای بەخشینی زیاتر لە (350) شەهید لە پێشمەرگە و هاووڵاتیانی شارەکە، سەرئەنجام قەزاکە لەلایەن هێزەکانی رژێم و موجاهیدینی خەڵقەوە داگیر کرا، و خەڵکەکەشی دووچاری کوشتار و ئاوارەبوون بوونەوە و هەرچی ماڵ و حاڵیان هەبوو تاڵان کران، زیاد لە چوارسەد خانووش تەقێنرانەوە و زیانەکان هێجگار بێ هەژمار بوون .
مێژووییەکی پڕ سەروەریان تۆمار کرد
ئەگەر بەراوردی ئەم شارە، لەگەڵ شارەکانی تری راپەڕیوی کوردستان بکەین، دەبینین زیانە گیانی و مادییەکانی هێجگار زۆر و بێ ئەندازە بوون، بەڵام خەڵکی شار و پێشمەرگە بەو راپەڕین و قوربانیدان و گیانفیداییە، داستان و سەروەری و مێژووییەکی گەورەی پڕ لە سەروەریان بۆ کوردستان و خورماتوو تۆمار کرد، کە تا دونیا دونیایە بۆ خەڵکی شار و بۆ گەلەکەمان شانازییەکی گەورەی پرشنگدارە، روحی شەهیدانی راپەڕین شاد و ئارام بێت، خورماتوو و خەڵکەکەی هەردەم جێی شانازی کورد و کوردستانن .