کۆمێنت

08:34 - 2022-05-26
شیرین. ک
460 خوێندراوەتەوە

(7)

بەهەشت

بەهەشت، یەكێكە لە رۆمانەكانی نووسەری ئەمریكی تۆنی مۆریسۆن، خاوەنی خەڵاتی پۆڵیتزەری ساڵی 1987 و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی ساڵی1993، یەكەم رۆمانی بە ناوی (چاوێكی زۆر شین)  ساڵی 1970 بڵاوكراوەتەوە، یەكەم نووسەری ئەمریكی رەشپێستە خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت، مۆریسۆن لەبارەی رۆمانەكەیەوە دەڵێ: (زۆر شتی دژبەیەك لەبارەی رۆمانەكەمەوە وتراوە، گوێیان پێنادەم، چونكە هەر ئەو ساتەی نووسەر قەڵەمەكەی دەگرێت بەدەستەوە و دەست بە نووسین دەكات، هەر لەو ساتەدا گیانبازی بە ژیانی خۆیەوە دەكات، گەلێك لە رەخنەگران پێیانوایە رۆمانەكەم لە ژنێتیدا نووقم بووە).
لەبارەی رۆمانی بەهەشت-ەوە لە دەفتەری ساڵی 2004 دا  نووسیوومە: (هەموو كاركتەرە سەرەكییەكانی رۆمانەكە ژنن، هەر فەسڵێك بە ناوی یەكێك لە ژنەكانەوە ناونراوە و بەسەرهاتی یەكێكیان دەگێڕێتەوە، پیاوانی ناو رۆمانەكە بەبێ یەكێك لەو ژنانە هیچ نین، هەر كاركتەرێكی پیاو بۆیە هەیە چونكە شتێكی یەكێك لەو ژنانەیە (هاوسەری، باوكی، كوڕی، دۆستی، برای..هتد)، لەگەڵ ئەوەشدا پیاوەكان جووڵێنەر و بزوێنەری رووداوەكان نین، زۆرجار وەكو سێبەر و باكگراوندی ژنەكان و رووداوەكان دەردەكەون، نموونەیەكی نێگەتیڤن، گەر لەوپەڕی هێز و ئازایەتیشدا بن، خوێنەر هەست بە هاوسۆزی ناكات لەگەڵیان، چونكە هەر یەكێك لەو ژنانە بەهۆی یەكێك لەو پیاوانەوە تووشی خەم و ئازار و گومڕایی بووە، بەهۆی پیاوێكەوە تووشی ئەو چارەنووسە رەشەی خۆی بووە.
رۆمانەكە بە كوشتن و دیارنەمانی ژنەكان كۆتایی دێت لە كەشێكدا كە واقیع و فەنتازیا تێكەڵ دەبن، خوێنەر نازانێ ژنەكان چەندیان كوژران و چەندیان ماون، ئەمە بەلای نووسەرەوە گرنگ نییە ئەوەی مەبەستێتی پێمان بڵێت ئەوەیە: ئەو ژنە تەنیا و بێ پشتوپەنایانە هەر لەبەرئەوەی دەسەڵاتی پیاویان رەتكردۆتەوە و بێ پیاو دەژیان، هەر لەبەر ئەوەی لە هەموو خەڵكەكەی تر جیاواز بوون،  دەبوایە نەمێنن، رۆمانەكە حیكایەتی پێكەوە هەڵنەكردنە، بەسەرهاتی یەكتری قبووڵ نەكردن و سڕینەوەی ئەو-ی ترە كە جیاوازە و لە ئێمە ناچێت!).

وتارەکانی نوسەر