29 پێشنیاز بۆ ئێستا و داهاتوویەکی باشتر

کەرکوک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغەکە

10:22 - 2024-09-04
گۆران سەلام محەمەد
408 خوێندراوەتەوە

گۆران سەلام محەمەد



پێویستە هەرچی زووە مۆڵەتی کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەڵبوەشێنرێتەوە، کە دەستیان لە بیناقاقای شارەکە گیر کردووە


1
بەپێی هەموو پێودانگ و بەڵگەنامە و سەرچاوە مێژووییەکان، شاری کەرکوک شوێنی نیشتەجێبوون و ژیار و شارستانییەتی یەکێک لە ڕەگەزە کۆنەکانی گەلی ئێستای کوردستانە، تەنانەت پایتەختی دەوڵەتی (گۆتی) بووە و قەڵای نوزی هەم لەلایەن ئەوانەوە دروستکراوە، هەم پایتەختیان بووە.

2
بەدرێژایی تەواوی قۆناغە مێژووییەکانی چەندین سەدەی رابردوو، شارەکە هەم ئاوەدان بووە، هەم مەڵبەندێکی گرینگی ستراتیژی و ئابووریی بووە، هەم وەک رێگایەکی گرینگی بازرگانی هەم وەک جوگرافیا ناوەندێکی کاریگەری فەرمانڕەوایەتیکردن بووە، ئەم گرینگییە لە سەردەمی دەسەڵاتدارییە یەک لە دوای یەکە ئیسلامییەکانی پازدە سەدەی رابردووش بە هەمان شێوە بووە.

3
له دوو سەدەی رابردوودا بە دیاریکراوی دوای هەژموونی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالیزمی رۆژئاوایی، شارەکە نەک هەر بایەخی جیۆپۆلەتیکی خۆی لە دەست نەدا، بەڵکو ناوی چووە نێو سەدان بەڵگەنامەی مێژوویی دام و دەزگا سیاسی و بازرگانی و هەواڵگرییەکانی بەریتانیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و روسیای قەیسەرییەوە، بە تایبەت دوای راکێشانی هێڵی ئاسنینی بەغداد - بەرلین بە ناوچەکەدا و پێویستی زۆری دەوڵەتانی بەرهەمهێن بە کەرەستەی خاو بۆ بەگەڕخستنی کارگە زەبەلاحەکانی ئەورووپی بە تایبەت بەهۆی شۆڕشی پیشەسازی و پێشبڕکێی خۆپڕچەککردنەوە، تەماع و چنگۆڵەی کۆڵۆنیالیزم و ئیمپریالزم وەکو تەونێک تاڵەکانی بە دەوری زەویدا بەخێرایی دەسووڕایەوە، بە تایبەت بە دەوری ئەو شوێنانەی کە پێویستیی ماددەی خاوی بۆ بەگەڕخستنی کارگەکان پڕ دەکردەوە.

4
دۆزینەوەی نەوت و بوونی بە پێویستییەکی جیهانی جارێکی دیکە شاری کەرکوکی کردەوە به ئامانجی زلهێزەکان، بە تایبەت بەریتانیا و فەڕەنسا، دواتریش ئەڵمانیا و روسیا، لە پاشاندا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەجۆرێک نەخشەی بیرە نەوتەکانی کەرکوک پێش 100 ساڵ لەلایەن بەریتانییەکانەوە دیزاین کراوە، لێرەوە شاری کەرکوک چووە سەر ئەو نەخشە جیهانییە کە دەست لێ هەڵگرتنی ئەستەم بوو، رۆژ لە دوای رۆژ ئەستەمتریش دەبێت و تا ئێستاش بەریتانییەکان خاوەندارێتییکردنی شارەکە بە بەشێک لە ستراتیژی خۆیانی دەزانن، دەستوەردانی راستەوخۆی بەریتانیا و ئەمریکا لە چەند ساڵی رابردوودا دوای گرێبەست لەگەڵ رۆزنەفتی روسی بەڵگەی ئەوە بوو.

5
بەئامانجگرتن و بەمەرجگرتنی باشووری کوردستان، (کوردستانی باشوور، کوردستانی عیراق)، بە گوزارشتی (باکووری عیراق) لەلایەن یەکەم مەلیکی عیراق دوای 1921 لە ژێر ناوی (ویلایەتی موسڵ)دا، بریتییە لە دەوڵەمەندیی شاری کەرکوک، کە وەک (سەر) بۆ دەوڵەتی داتاشرای عیراق لێکیداوەتەوە، دەوڵەمەندی عیراق و لە نێویشیدا شارەکە فاکتەرێکی بەهێزی مانەوەی ئینتیدابی بەریتانیا بوو تا ساڵی 1958 لە عیراقدا.

6
لەلایەکی دیکەوە کەرکوک وەک شارێکی رەسەنی گەلی کوردستان، لە سەد ساڵی رابردوودا هەمیشە جێگەی ناکۆکی بووە لە نێوان  شۆڕشی گەلی کوردستان و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عیراق و ئینتیدابی بەریتانیدا تاکو (شۆڕش - کودەتا)ی 14ـی تەمووزی 1958 بەردەوام بوو، لەو رێکەوتە بەدواوە شاری کەرکوک بووە باسی گەرمی شۆڕشی کوردستان و دانوستانەکانی نێوان کورد و عەرەب (دەوڵەت)، لە 1958-1963 شیوعییەکان و لە 1963-1968 ئەفسەرانی نەتەوەیی و دواتریش لە 1968-2003 لە سایەی ئایدۆژیای حزبی بەعسی عەرەبی ئیشتراکی بەردەوام بوو، لە ئۆتۆنۆمی دواتریش دانوستانی 1984 و نەخشەی راپەڕینی 1991 شارەکە مەرج و جێبایەخی شۆڕشی گەلی کوردستان بووە، لەو ماوەیەشدا سنووری پارێزگای کەرکوکی زۆرینە کورد دووچاری پاکتاوی رەگەزی و نەژادی و جینۆساید و ئەنفال و راگواستن و بەعەرەبکردن و بە بەعسیکردن بوویەوە. بەشێکی زۆری گوند و شارەدێ و شارۆچکەی لێ دابڕا، بە ئامانجی دەستکاریکردنی سەرژمێری شارەکە و لەدەستدانی زۆرینەی رەهای کورد. چونکە لە تەواوی سەرژمێرییەکانی سەد ساڵی رابردوودا کورد هەمیشە زۆرینە بووە، بە کۆتا دوو هەڵبژادنی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای دوای 2003شەوە.

7
دوای 2003 لە بری هەردوو ئاڕاستەی (کورد - عەرەب)، لێرەوە چوار رەوت ململانێ لەسەر کەرکوک دەکەن ئەوانیش:
یەکەم: پارتە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان. دووەم: فیدڕالیزمی دەوڵەتی (بەحاکمییەتی شیعی). سێیەم: ناسیۆنالیزمی پەڕگیری عەرەبی سوونی بەعسی (لە ناوەڕاستی عیراقدا). چوارەم:  ناسیۆنالیزمی تورکی - تورکمانی، بەدەسیسەی تورکیا، تێیدا جەبهەی تورکمانی بەگەڕخستووە.

8

بە پێی هەموو پێوەرەکانی مێژوو، ململانێکە درێژە دەکێشێت، شارەکە هەمیشە لە زیاندا بووە و بەم میکانیزمە زیانی دیکەش دەکات. ئایا یەکدی سڕینەوە چارەسەری کێشەی شارەکە دەکات؟ نەخێر! لەبەر ئەوەی هیچ لایەک توانای ئەم کارەیان نییە و هەرگیز نابێتە چارەسەر.  بۆ نموونە بەعس بە درێژایی 35 ساڵ سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو ئاگر و ئاسنی خۆی، کەچی لە توانەوەی کورد سەرکەوتوو نەبوو، دواجار دەسەڵاتی لە هەموو عیراق و لە شارەکە لە دەستدا.
کورد لە ساڵی 2003 - 2017 دا سەرەڕای بوونی دەسەڵاتی رەها لە شارەکەدا، کەچی لە توانەوەی ئەوانەی دیکەدا سەرکەوتوو نەبوو، دەسەڵاتی لە شارەکەدا لە دەستدا. عەرەبی سووننە جارێکی دیکە لە 2017 - 2024 سەرەڕای بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتێک و پەنابردنە بەر هەموو میکانیزمێک کەچی دەسەڵاتی لە شارەکەدا لە دەستدا.
ئەنجامی هاوکێشەی دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک روونە و ئەنجامەکەشی بریتی بوو لە دانانی پارێزگارێکی شەرعی کورد لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ شارەکە.

9
چارەسەر چییە؟ خەباتی ناسیۆنالیزم و یەکدی سڕینەوە و زەقکردنەوەی جیاوازی رەگەزی چیدیکە لەسەر ئاستی وێنە گەورەکە و لەسەر ئاستی شارەکەش  قبوڵکراو نییە و ئەنجامەکەشی بە پێی پەند و وانەی مێژوو دیارە چی دەبێت.
10
 چی بکرێت؟ لە ئێستا پۆستی پارێزگاری شارەکە لەلایەن کوردێک لە پشکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوەدەبرێت، بۆ ئەوەی وەکو خوودی پارێزگار و وەکو ئیدارەکەی کورد لە شارەکە، هەروەها بۆ هەڵبژاردنی داهاتووش جارێکی دیکە کورد و خوودی حزبەکەی پارێزگاریش سەرکەوتوو بێت، پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان چەندین رێگا و رێکار و میکانیزم و تاکتیک و ستراتیژێک بگرێته بەر، کە گرنگترینیان بریتییە لەمانەی خوارەوە:
یەکەم: بە پێوەری سڕینەوەی ئەوانەی دیکە واتە تەواوی پێکهاتەکان بیر نەکاتەوە و سیاسەت نەکات. دووەم:  پەیڕەویی لە سیستەمێکی هاوسەنگی پاداشت و سزا بکات لە نێوان فەرمانبەران و کاربەدەستانی شارەکە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە. سێیەم:  پەیڕەویی لە سیستەمێکی هاوسەنگی ئاوەدانکردنەوەی بێ جیاوازیی بکات لە سەرجەم گەڕەک و شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکانی سنووری پارێزگاکەدا. چوارەم:  پێویستە بانگەوازی ئاشتەوایی و ئاشتکردنەوەی نێوان سەرجەم پێکهاتەکان رابگەیەنێت. پێنجەم: پێویسته بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان و رێکخراوە مەدەنییەکانی شارەکەدا زۆرترین چالاکی و کۆڕ و سیمینار و دیدار و پانێڵ و کۆنفڕاس و فێستیڤاڵی لەپێناو ئاشتی و پێکەوە ژیان و یەکدی قبوڵکردن، بۆ کاڵکردنەوەی توندوتیژی و کەمکردنەوەی جیاوازییەکان بکات. شەشەم:  پێویستە جوڵانەوەیەکی ئاوەدانیی بە پێوەرێکی هاوسەنگ لە کۆی ئەو داهاتانەی کە هەیە لە شارەکەدا بگرێتەبەر، بەجۆرێک دوای تەواوبوونی ئەم خولەی پارێزگای هەست بە گۆڕانکاری گەورە و دادپەروەریی بەرچاو بکرێت. حەوتەم:  پێویستە پارێزگار هەرچی زووە رێگر بێت لەو زیادەڕەوییە کە سیمای شاری بە گەڕەکە نوێیەکانیشەوە تێکداوە. هەشتەم: پێویستە هەرچی زووە مۆڵەتی کۆمپانیا قۆرخکارەکان هەڵبوەشێنرێتەوە، کە دەستیان لە بیناقاقای شارەکە گیر کردووە. نۆیەم: پێویستە سزای ئەو کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانە بدرێت کە کەمتەرخەم و گەندەڵ بوون لەو پڕۆژانەی پێیان دراوە. دەیەم: پێویستە هەرچی زووە کار بۆ پاککردنەوەی ژینگەی شارەکە بکرێت. یازدەیەم: پێویسته کار بۆ دروستکردنی ماستەرپلانی شارەکە بکرێت. دوازدەیەم: پێویستە کار بۆ دروستکردنی شەقامێکی 100 مەتری بکرێت بە دەوری سەنتەری شاری کەرکوکدا. سیانزدەیەم: پێویسته کار بۆ دروستکردنی پشتێنەیەکی سەوزایی بکرێت بە دەوری شارەکەدا. چواردەیەم: پێویستە سیستەمێکی ئاودێری گرنگ بۆ ناوچە کشتوکاییەکانی سنووری پارێزگاکە دابمەزرێنرێت. پانزدەیەم: پێویستە کار بۆ زیادکردنی داهاتی شارەکە بکرێت لە بودجەی پترۆدولار و بخرێتەوە خزمەتی شارەکە. شانزدەیەم: پێویسته بە یاسا رێگە بگیرێت لە هێنانی ماڵی عەرەب بۆ شارەکە. حەڤدەیەم: پێویسته کار بکرێت بۆ گواستنەوەی موچەی تەواوی فەرمانبەرانی شارەکە بۆ سەر ناوەند. هەژدەیەم: پێویستە سیمای بەسەربازگەکردنی شارەکە نەهێڵرێت و بدرێتە دەست پۆلیسی خۆجێیی. نۆزدەیەم: پێویستە بە دادپەروەری ژمارەیەک خوێندنگەی هاوچەرخ لە سنووری پارێزگاکە دابمەزرێنرێت. بیستەم: پێویسته ژمارەیەک نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستی بە دادپەروەریی دابمەزرێنرێن. بیست و یەک: پێویسته سەنتەرێکی ئاشتی بۆ پێکەوەژیان دابمەزرێت. بیست و دوو: پێویسته سیستەمێکی گرنگی هاتووچۆ و ژمارەیەک ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس بە هاوسەنگی دروست بکرێن. بیست و سێ: پێویستە دادپەروەریی لە دامەزراندنی دەچووانی سەرجەم پێکهاتەکان بێتە کایەوە. بیست وچوار: پێویسته وەبەرهێنەران ناچار بکرێن پڕۆژەی ستراتیژی بۆ شارەکە بکەن. بیست و پێنج: پێویسته کار بۆ بنبڕکردنی دیاردەی بەرتیل لە فەرمانگەکانی شارەکەدا بکرێت کە تا بیناقاقای شارەکە هاتووە. بیست و شەش: پێویستە سایلۆی کەرکوک بە دادپەروەریی گەنمی جوتیارانی سنووری پارێزگاکە وەربگرێت. بیست و حەوت: پێویستە دابەشکردنی پۆستە کارگێڕییەکانی شارەکە بە پێی قەبارە و ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. بیست و هەشت: پێویستە سیمایەکی شارستانیانە بدرێت بە بازگەکانی سنووری پارێزگای کەرکوک. بیست و نۆ: پێویستە زنجیرەیەک پارک و شاری یاری و شوێنی پشوودان بۆ هاووڵاتییانی شارەکە بە دادپەروەریی دروست بکرێن.

11
جێبەجێکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوە دەبێتە هۆی:

یەکەم: وێنەی حکومڕانی کورد لە شارەکە بەبەرچاوی هاوپەیمانان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گەشاوە دەکات. دووەم: وێنەی حکومڕانی کورد لەسەر ئاستی دەوڵەتی عیراق و حکومەت و پەرلەمان و دادگای فیدڕاڵی باشتر دەکات. سێیەم: وێنەی حکومڕانی کورد لەلای پێکهاتەکانی شارەکە جوان دەکات. چوارەم: ئەم سیاسەتە گەرەنتی بردنەوەیەکی دیکە دەکات بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگا لە شارەکە. پێنجەم: سەرنجی پێکهاتەکانی دیکه بەلای دەنگدان بە دەنگدان بە ئیدارەی شارەکە رادەکێشێت تاکو ئەم ئیدارەیە بۆ جارێکی دیکە هەڵبژێرنەوە. شەشەم: دەستوەردانی هەرێمی لە شارەکە بێ کاریگەر دەکات. حەوتەم: هێزی نەژادی و رەگەزی رەوتە ناسیۆنالیستەکانی عەرەب و تورکمان لاواز دەکات.

*خوێندکاری دکتۆرا

 

 

وێنەیەکی دەیەی شەستی سەدەی رابردووی کەرکوک

وتارەکانی نوسەر