خۆزگەم بە خۆت کە کوردی!

10:52 - 2024-09-09
مەحمود شێرزاد
321 خوێندراوەتەوە

لە بەرنامەیەکی هونەرییدا بە ناوی (دەنگی تۆ) لە تەلەفیزیۆنێکی ئێراندا، یەکێک لە ئەندامانی لیژنەی هەڵسەنگاندنی دەنگەکان، بە کیژۆڵەیەکی لەبار و نەشمیلانی کوردی بەشداربووی بەرنامەکەی گوت: (خۆزگەم بە خۆت کە کوردی، ئێوە یەکێک لە جوانترین زمانەکانی دونیاتان هەیە). جارێکیتر لەسەردەمی داستانی کچانی رۆژاوا بە دژی داعشدا، شیعرێکی (سیمینی بێهبەهانی)م خوێندەوە تێدا گوتبووی: (کە سەیری ئێوە دەکەم خەجاڵەتی دەکێشم کە کورد نیم). بەهەرحاڵ دانیشتبووم سەیری بەرنامەی (دەنگی تۆ)م دەکرد، بە خۆم گوت، باشە ئەم بەڕێزە زمانی کوردی نازانێ، کەچی بۆی دەرکەوتووە کە زمانێکی جوانە، ئەرێ ئەوانەی خۆیان کوردن و دەیزانن، دەزانن زمانەکەیان یەکێکە لە زمانە جوانەکانی دونیا؟! لەڕاستیدا زمانی کوردی هەر جوان نییە، بەڵکوو دەوڵەمەند و زیندووشە، ئایا خۆمان دەزانین زمانێکی جوان و دەوڵەمەند و زیندوومان هەیە؟!  
دەڵێی تازە دەستم بە فێربوونی زمانی کوردی کردووە. هەست دەکەم رۆژ لە دوای رۆژ حەزم بۆ باشترفێربوونی زمانی کوردی زیاتر دەبێ، پێمخۆشە بە کوردییەکی پاراو بیر بکەمەوە و بنووسم و قسان بکەم. جگە لە زمانی کوردی، تاکە زمان کە دڵم بۆی لێدەدا و بە رۆحم ئاشنایە و رۆشنایی تێدا دەبینم، زمانی سانسکریتییە. بە هۆی یۆگا و نهێنییەکی شیرینی ناخەکییەوە وشەی زۆری لێ دەزانم، بەڵام بەهۆی سەرقاڵی رۆژانە و، هەروەها بەهۆی ئەوەی لە ژینگەی ئەودا نیم، تا ئێستا فێری نەبووم. لەولاشەوە هەرچەند زۆر تین بۆ خۆم دێنم، بە خۆم دەڵێم با لە کاروانی سەردەم بەجێ نەمێنی، خۆت فێری ئینگلیزی بکە، بەڵام حەزم بۆ ئینگلیزیی و ئەو زمانانە ناچێ کە لە ژیان و رەسەنایەتی دامدەبڕن، وای بۆ دەچم لە رۆح و چێژ و قووڵبوونەوە دامدەبڕن، نامهەوێ (ژیریی دەستکرد) جێ بە (ژیریی گەردوونی - خواییم) لەق بکا، هەربۆیەش ئاگادارانە و ناگادارانە بۆ ئەو زمانانە ناچم، کاتێ گوێم لێیان دەبێ، دڵم داناچڵەکێ و لەشم تەزوویەکی خۆشی تێناگەڕێ، لێرەوە دەنگێکی زوڵاڵ لە ناشوێنەوە پێم دەڵێ: (خەمت نەبێ ئەو کاروانی هاوچەرخە بە جێت بێڵێ، باری ئەو کاروانی سەردەمە، زیاتر کایە! بەڵام باری کاروانی رەسەنایەتی فرە رەهەندی خۆتان زیاتر زێڕ و زیوە، بەس داخی گرانم خۆتان زێڕ و زیوناس نین، خۆتان ناناسن، ناحەزانتان، داگیرکەری ئەقڵ و ئاوەدانییەکانتان، تاڵانکەری نان و ئاوتان، پێشێلکەری کەمال و کەرامەتتان پێیان گوتوون ئێوە هیچ نین، بەداخەوە ئێوەش باوەڕتان پێکردوون، رۆژ نییە هەزارجاران بە خۆتان نەڵێن، ئێمە هیچ نین و قەت نابین بە هیچ). لە دوای ئەم خۆدواندنەوە، بە قورگ و زارێکی موکریانییانە، بەڵام لە دڵی خۆمدا بەخۆم دەڵێم: (ماڵتە تۆش دواکەوتوویی! زۆربەی ئێواران لەگەڵ هەڵنیشتنی مریشکان دەخەوی، نوێژیان لەگەڵ مریشکەڕەشەکانی باخی گشتی و گەڕەکی (ئەقاریی) لە خەو هەڵدەستی، نەخوازەڵا بەرەو خۆرهەڵات دادەنیشی، پێش ئەوەی زەردە سەران بنگێوێ، بە گەروویەکی گڕی موکریانییانە بە ژیان دەڵێی: (ئەی گیانی گیان! تۆ نە قەت هەڵاتووی و نە قەت ئاوابووی، ئەوە منم دەمێک لێت هەڵدێم و ئانێک لێت ئاوا دەبم، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، خۆزگەم بە خۆم کە کوردم و بە زمانی جوانی کوردی دەدوێم و جل و بەرگی پڕ لە رەمز و رازیی کوردیی دەپۆشم!).

وتارەکانی نوسەر