دڵه‌ڕا‌وكێی قوتابخانه‌....

چۆن ترسی منداڵه‌كانمان بڕه‌وێنینه‌وه‌

11:17 - 2024-09-09
د. عومەر عەلی ئەحمەد
134 خوێندراوەتەوە

واده‌ی كردنه‌وه‌ی قوتابخانه ‌و خوێندنگه‌كان نزیكه‌، منداڵه‌كان به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌شبوون، به‌ره‌ی یار، ئه‌وانه‌ن به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ چاوه‌ڕێی كردنه‌وه‌ی ده‌رگای خوێندنگه‌كانن، لێ ئه‌مانه‌ ژماره‌ییان ئێجگار كه‌مه‌، به‌ڵام به‌ره‌ی نه‌یار و ئه‌غیار، ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ خۆشحاڵ نین و به‌ ده‌ستدرێژی راسته‌خۆی ده‌زانن بۆسه‌ر ئازادی یارییكردن و ئایپاد و كۆڵان و كاتی پشووییان.

ترس لە شکست یه‌كێكی تره‌ له‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات منداڵ‌ له‌ قوتابخانه‌ بترسێت، هه‌روه‌ها قسەی ناشیرین و به ‌كه‌م سه‌یركردنی تواناكانی

دڵه‌ڕاوكێ، ئەزموونێکی هه‌ڵچوونی ناخۆشە کە تاک بەدەستییەوە دەناڵێنێت کاتێک هەست بە ترس یان هەڕەشە لە شتێک دەکات بەبێ ئەوەی بتوانێت بە روونی پێناسەی بکات، ئەم دۆخه‌ زۆرجار لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاریی فیسیۆلۆژیدا دەبێت وەک زیادبوونی ژمارەی لێدانی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. سکچوون، نەمانی ئارەزووی خواردن، پاشان زیادبوونی رێژەی هەناسەدان، هەستکردن به‌ خنکان، نەتوانینی خەوتن. سەبارەت بە زاراوەی (دۆخی دەروونی) زۆر جیاوازە لە نەخۆشی دەروونی، چونكه‌ هەموو مرۆڤێک بە حاڵەتە دەروونییەکاندا تێدەپەڕێت، ئاسوودەیی حاڵەتێکی دەروونییە، دڵەڕاوکێ حاڵەتێکی دەروونییە، بەڵام ئەگەر سنوورەکەی تێپەڕێنێت، حاڵەتەکە دەگۆڕێت بۆ نەخۆشی. 
وه‌كو چاوه‌ڕوانكراوه‌، منداڵه‌كانمان له‌سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ تووشی نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌بن، به‌ڵام ئێمه‌ چۆن بتوانین کۆنتڕۆڵی سترێسی منداڵەکانمان بکەین و رۆڵی قوتابخانە لەم کارەدا چییە؟ چۆن نزیکبوونەوە لە منداڵەکانمان و باوەشپیاکردنیان و قسەکردن لەگەڵیان یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی فشاره‌ ده‌روونییه‌كانییان؟
دڵەڕاوکێی جیابوونەوە له ‌دایك و باوك،  یەکێکە لەو هۆکارە سەرەکییانەی کە دەبێتە هۆی ترسی منداڵ لە چوونە قوتابخانە، کە ترسی جیابوونەوەیە لە ماڵەوە، بە گشتیی و لە سەرپەرشتیارەکانی بەتایبەتی. ئه‌م حاڵه‌ته‌ کێشەیەکە لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا تووشی منداڵ دەبێت، لە تەمەنی لە شیربڕینه‌وه‌ تاوه‌كو تەمەنی پێش خوێندن، كه‌ منداڵەکە دڵەڕاوکێ و گرژییەکی زۆر دەردەخات بەهۆی ئەوەی دایک و باوکی لێی دوورن، به‌ڵام لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکە و بەردەوامبوونی ئەم کێشەیە پەیوەندیی بە زیادبوونی زۆر گەورەوە هەیە لە ئەگەری تووشبوونی بە فۆبیای قوتابخانە، بەو پێیەی
75 %ی ئەو منداڵانەی کە تووشی فۆبیای قوتابخانە بوون، لە تەمەنی پێشوویاندا تووشی دڵەڕاوکێی جیابوونەوە بوون. ترس لە شکست یه‌كێكی تره‌ له‌و هۆكارانه‌ی واده‌كات منداڵ‌ له‌ قوتابخانه‌ بترسێت، هه‌روه‌ها قسەی ناشیرین و به ‌كه‌م سه‌یركردنی تواناكانی. 

چاره‌سه‌ره‌ پێشنیازكراوه‌كان
1. رۆڵی دایک و باوک لە نەهێشتنی کێشەی ترسی منداڵان لە قوتابخانە جێگه‌ی بایه‌خه‌، چونكه‌ کاتێک دایک و باوک هەست بە ترس و فشاری زۆری منداڵەکە دەکەن کە پەیوەندیی بە قوتابخانەوە ده‌كه‌ن و هه‌وڵی چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی ده‌ده‌ن، دواتر به‌شدار ده‌بن له‌ پڕۆسه‌ی چاره‌سه‌ری كێشه‌كه‌دا. بۆیە دایک و باوک دەتوانن چەند هەنگاوێک پەیڕەو بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ترسی منداڵان لە قوتابخانە، پێش ئەوەی ببێتە کێشەیەکی دووبارە بۆوە.
2. خه‌وی ته‌ندروست: دکتۆر جودیس ئۆوێنز له‌ توێژینه‌وه‌یه‌كدا بە ئاژانسی رۆیتەرز هێڵتی راگەیاندووە، هیوادارن رۆشنایی بخەنە سەر گرنگی خەوی تەندروست. لە بابەتێکدا کە شانبەشانی توێژینەوەکە بڵاوکراوەتەوە، ئۆوێنز و هاوکارەکانی نووسیویانە، کەم خەوی پەیوەندی بە زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە خەمۆکی و دڵەڕاوکێ و قەڵەویی و رووداوەکانی رێگاوبانەوە هەیە. ئۆوێنز ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەوان بەڵگە کۆدەکەنەوە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کەمخەوی درێژخایەن، کاریگەریی زۆر بەرچاو لەسەر دەرئەنجامەکانی تەندروستی و ئەدای ئەکادیمی ده‌بێت.
3. گوێگرتن لە ترس و نیگەرانییە راستەقینەکانی منداڵەکەت سەبارەت بە چوون بۆ قوتابخانە، چاره‌سه‌ره‌.
4. هاندانی منداڵ بۆئەوەی بە بەردەوامی بچێتە قوتابخانە، بەبێ ئەوەی رۆژانی زۆر ئامادەنەبێت بەبێ پێویستییەکی روون یان هۆکارێکی بە پەلە، یارمەتیدەرە بۆ تێپەڕاندنی کێشەی فۆبیای قوتابخانە. 
5. ماوەی ماڵئاواییکردن لە منداڵەکە درێژ مەکەرەوە بۆ ئەوەی وابەستەیییەکەی زیاد نەکات، هەروەها ئەگەر بتوانرێت کەسێکی تر جگە لە دایک و باوکەکە منداڵەکە ببات بۆ قوتابخانە، وەک پاسی قوتابخانە، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی کە چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی بكات.
لەم چوارچێوەیەدا ماڵپەڕی «Learning the Power of the Classroom» باسی لەو شتانە کرد کە دەبێت ئەنجام بدرێت بۆ گەڕانەوە بۆ قوتابخانە وەک: دانان و رێکخستنی جلوبەرگی قوتابخانە شەوی پێشتر. کاتێکی بەتاڵ بۆ سەیرکردنی تەلەفزیۆن تەرخان بکەن. هه‌روه‌ها پابەند بە رۆتینی پێش خەوتن، خوێندنەوەی رۆژانە و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی قوتابخانە.

وتارەکانی نوسەر