دوای ئەوەی رژێمی عیراق (بەعس) لە ناوەڕاستی مانگی دووی 1988 پەلاماری یەکەمی قۆناغی یەکەمی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالی دەست پێکرد و بەدڕندانەترین شێوە پەلاماری دۆڵی جافایەتی و دەوروبەریدا. دانیشتوانی ناوچەکە بوون بە دوو بەشەوە، بەشێکیان کەوتنە بەردەستی هێزە پەلاماردەرەکەی رژێم و لە گرتووخانەکان تووندکران و بێسەروشوێن و کۆمەڵکوژکران، بەشەکەی تریش بە دەم سەرما و بەفر و بارانەوە، (پیر و گەنج، ژن و مناڵ) ماڵ و حاڵی ئاسایی خۆیان جێهێڵا.
رێک لەم کاتەدا، هیچ دەرەتان و ئاسۆیەک لەبەردەم خەڵکدا نەبوو، جگە لەوەی بەهەرشێواز و رێگایەک بێت، خۆیان لەبەردەم هەڕەشەی مەرگ و لەناوچوون لەلایەن هێزەکانی بەعسدا، رزگار بکەن. ئەمەیان ئەو پەڕی ناچاری و هیچ رێگایەکی تر لەپێشیاندا نەبوو، تا پەنای بۆ ببەن.
ئەم هەوڵی خۆدەربازکردنە لە دۆڵی جافایەتی و دەوروبەری بە رێگای دۆڵی (شێخ محەمەد)دا، دەیان کیلۆمەتر مەوداکەی بوو، لەنێوان مەرگ و ژیاندا، بەرەو سنووری رۆژهەڵاتی کوردستان و بەدیاریکراوی سنووری شاری بانە (ئۆردگای هەوارە خۆڵە) و هاوتەریب لەم رێگایە دەیان کەس لە هاووڵاتی (ژن و مناڵ و پیر) بە هۆی سەرماوە رەقبوونەوە و گیانیان لەدەستدا.
پاش رێبڕین و ناڕەحەتی و مەینەتی زۆر، زۆرێک لەو خەڵکە گەیشتنە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستان، و بەسەر ماڵ و مزگەوت و کێڵگەی پەلەوەرەکانی شارەکانی (بانە، سەقز، سەردەشت)دا دابەشبوون و دواتر لەلایەن دەوڵەتی ئێران و بەچاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆردوگایان بۆ دروستکرا.
بەشێکمان لەو دەربازبووانە کە ژمارەمان نزیکەی (513) خێزان بووین، لە ئۆردگای هەوارەخۆڵە و لەژێر خێمە (چادر) گیرساینەوە و چەند مانگێک ژیانێکی سەخت و پڕمەینەتیمان بەڕێکرد و رۆژانەش هاووڵاتییان دەچوونە دەرەوەی ئۆردگاکە بۆ نێودارستانەکان و ئێواران دەگەڕانەوە، چونکە بەردەوام زەنگی مەترسیی لێدەدرا.
چیرۆک و ئازاری کیمیابارانکردنی هەوارەخۆڵە، یەکێکە لە وێستگە بە ئازارەکانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کە تا ئێستا وەک پێویست لاپەڕەی نهێنییەکانی هەڵنەدراوەتەوە
وەک پیشەی هەمیشەییان رژێمی بەعس، کاتژمێر حەوت و سی خولەکی بەرەبەیانی 10/7/1988 لەوەرزی هاویندا، لە رێگای هەشت فڕۆکەی شەڕکەرەوە ئۆردگاکەیان بە بۆمبی کیمیایی بۆردوومان کرد و ئاگریان لە ئۆردوگاکە بەردا. ئاگری سووتانی ئۆردگاکە و دووکەڵی رەشی کیمیاویی و قیژە و هاواری ژن و مناڵ ئاسمانی ئۆردگای هەوارە خۆڵەیان تەنیبوو، کەسیش بەهاواریانەوە نەدەهات.
رۆژی حەشر و نەشربوو، بەشێک لە خەڵک و بریندارەکان بەڕاکردن بۆ ناو چەم و ئاوەکان ڕایاندەکرد، و دواتر دەوڵەتی ئێران بریندارەکانی رەوانەی نەخۆشخانەی بانە و تەورێز و تاران و لەدوایشدا بۆ ئیتالیا بەڕێکران و بەشێکیان پاش چاکبوونەوە گەڕێنرانەوە بۆ نێو کەس و کاریان و بەشێکیش لەبەرسەختی برینەکانیان بوون بە قوربانی و گیانیان سپارد، کە ژمارەیان (٢٠) کەس دەبوون.
دوای کیمیابارانکردنەکە، چیتر نەمانتوانی بگەڕێینەوە ناو ئۆردوگا، هەرچی راخەر و پێداویستی ژیان بوو کە دەوڵەتی ئێران بۆی دابین کردین لەناوچوون، جارێکیتر بە سەڵتی و حەسرەتی کەسوکارە شەهید و بریندارەکانمانەوە گوێزراینەوە ئۆردوگای سەرای سەقز، روفاتی چەند شەهیدێک لە گۆڕستانی گوندی سەرچاوەی سەقز بە خاک سپێردران و تا ئێستا نەگەڕێنراونەتەوە زێدی خۆیان، تا ئێستاش هەندێک لە بریندارەکان ساڵانە بە کاریگەریی ئەو رووداوە شەهید دەبن و ئەوانەش کە لەژیاندا ماون شەو و رۆژ بە ئازار بەڕێ دەکەن.
چیرۆک و ئازاری کیمیابارانکردنی هەوارەخۆڵە، یەکێکە لە وێستگە تاڵ و تفت و بە ئازارەکانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفال، کە تا ئێستا وەک پێویست لاپەڕەی نهێنییەکانی هەڵنەدراوتەوە و گرنکە لە زمانی شاهیدحاڵەکانییەوە (تا زیندوون) کۆ بکرێنەوە و دۆکۆمێنت بکرێن.