ئارام هەڵەدنی
دواى زیاتر لە 36 ساڵ لە کیمیابارانی هەڵەبجە، هێشتا کاریگهریى نەرێنی ئەم مادە ژەهراوییانە بەسهر شارەکەوە ماوه، بەشێکیان ههر له شوێنی خۆیاندا شەهید بوون و ئەوانەش کە هێشتا گیانیان تێدامابوو، لهلایهن تیمى پزیشکیی سەربازیی ئێرانهوه گوێزرانەوە بۆ شارهکانى ترى رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و دیمەنەکانیش لە میدیاکانی ئێران و ئاژانسەکانی هەواڵەوە گەیەنرانە رای گشتی بەڵام لهو کاتهدا بەهۆی بەرژەوەندیی ئابووریی زلهێزەکان و هەستی ناسیۆنالیستیی عەرەبییەوە کاردانهوهیهکى ئهوتۆی لە ناوچەکە و جیهاندا بەدوای خۆیدا نەهێنا. بۆیە جگە لە ئێران کە بۆخۆشی لە جەنگدا بوو لەگەڵ رژێم کەس بە فریای کوردەوە نەهات.
ئێستا کە زیاتر لە 36 ساڵ بەسەر ئەو تاوانەدا تێدەپەڕێت، هێشتا هەر ئێران لە هەموو جیهان زیاتر هاوکارە لە چارەسەری بریندارەکان و ئەو کەسانەی کە کاریگەریی ژەهرەکەیان لە جەستەدا ماوە.
ئەم تاوانە گەورەیە لەکاتی خۆیدا لەلایەن زلهێزەکانەوە فەرامۆشکرا، بەڵام لە دوای پەلاماردانی کوێتەوە لەلایەن رژێمەوە کۆمەڵی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رژێم ئەو تاوانەیان زەقکردەوە بەمەبەستی سوود لێوەرگرتنی بۆ رای گشتیی وڵاتەکانیان و شەرعییەتدان بە بەشداریکردن و ناردنی سوپا بۆ کەنداو لە پێناوی رزگارکردنی میرنشینی کوێتدا.
ئەگەرچی ئەم سوود وەرگرتنە لەلایەن ئەو زلهێزانەوە نەبووە پاڵنەرێک بۆ قەرەبووکردنەوەی بێدەنگەکردنی پێشتریان لە تاوانەکە و هیچ سزایەکی ئەو کەس و لایەنانەی بەدوادا نەهات کە چەکی کیمیاییان بە رژێم فرۆشتبوو و نەشبووە هاندەرێک کە چارەسەری بەشێک لە برینداران و زیانلێکەوتوانی چەکی کیمیایی بگرنە ئەستۆ، بەڵام لانیکەم لە دوای رووخانی رژێمەوە لە 2003 بووە دەرفەتێک بۆ ریسوابوونی سەرانی رژێم کە لە قۆناغێکی مێژووییدا چیان بەسەر گەلی کورددا هێناوە کە خۆیان ئیدیعای خاوەندارێتی دەکەن.
له کتێبی «سهدام بێرهدا تێپهڕی» ی نووسەر و رۆژنامەنووسی بەناوبانگ غهسان شهربل سهرنووسهری رۆژنامهی الحیاة- به زمانی عەلی حەسەن مەجیدی ئامۆزای سەدامەوە دهگێڕێتەوە که عەلی کیمیاوی وتوویهتی: «بڕیاری سهدامی له پشتهوهیه، بۆئهوهی که هێرشێکی تایبهتی بکرێته سهر شاری ههڵهبجه و ئهو شاره به شێوهیهک له بۆمبی کیمیاییدا نوقم بکهن، که سهرجهم تهرمهکان تێیادا سارد ببنهوه.
ئەوەبوو بەهۆی بوونی بەڵگەی دەنگی و بەڵگەنامە کاغەزییەکانی ئەو رۆژگارە لەبەر دەستی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق، عەلی کیمیاوی سەرەڕای هەوڵی زۆری بۆ خۆنیشاندان بە بێتاوان، بەڵام بەڵگە حاشا هەڵنەگرەکان لە بەڵگە زارەکییەکانی ئەو بەهێزتر بوون و دواجار دادگاکە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەکرد و دادگای تێهەڵچوونەوەش بڕیارەکەی پەسەند کرد و لە رۆژی 25 کانونی دووەمی 2010 دا وەک تاوانباری سەرەکیی کارەساتەکە له سێدارهدرا.