حكومەتی بەعس بە بەرنامەکی پێشوەختە داڕێژڕاو، لە ماوەی شەش مانگ و 13 رۆژدا تاوانی ئەنفالی لە كوردستاندا جێبەجێ كرد، رۆژی 22ی شوباتی 1988 لە سنووری دۆڵی جافایەتی و دەوروبەریەوە دەستیپێكرد، دواتر هەموو كوردستانی گرتەوە. سوپای رژێمی بەعس رۆژی 6ی ئەیلولی هەمان ساڵ لە سنووری بادینان كۆتایی بە پرۆسەكە هێنا.
خەڵكێكی زۆری گەرمیان دەستگیركران
شاڵاوەكانی ئەنفال چەند مانگێك بەردەوام بوو، بەڵام دیاریكردنی رۆژی 14ی نیسان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، زۆرترین هاووڵاتی لە گەرمیان لە ماوەی چەند سەعاتێكدا دەستگیركران و راپێچی زیندانەكانی كران و بەرەو چارەنووسێكی نادیاری بران، خەڵكێكی زۆری دێهاتەكانی باشووری گەرمیان دەستگیركران، كە بەشێكیان لە گوندەكانی ملەسوورە و كوڵەجۆی حاجی حەمەجان رۆژی 14/4/ 1988كۆكرانەوە، (بۆیە ئەم رۆژە كرا بە رۆژی یادكردنەوەی ئەنفال)، لەوێشەوە بە ئیڤای سەربازی رەوانەی قەڵای قۆرەتوو كران كە سەربازگەیەكی گەورە و سامناك و بارەگای فیرقەی 21 ی پیادەی سوپای عیراقی لێ بوو.
ئەو جۆرە قەڵایانەش لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی رابردوودا لەسەر نەخشەی ئەندازیاری سەربازیی قەڵاكانی یەكێتی سۆڤیەتی جاران دروستكرابوون، تا دوای راپەڕینیش پاشماوەی عارەبانەی تراكتۆر و جلوبەرگ و پێڵاوی ئەو كەسانەی ئەنفال كرابوون لەو قەڵایەدا مابوونەوە، بەشێكی زۆری خەڵكی ناوچەی داودەش لە بینایەكی چۆڵی لاوانی خورماتوو كۆكرابوونەوە.
خەڵكێكی زۆری دێهاتەكانی باشووری گەرمیان دەستگیركران، كە بەشێكیان لە گوندەكانی ملەسوورە و كوڵەجۆی حاجی حەمەجان رۆژی 14/4/ 1988 كۆكرانەوە
بەرنامەیەكی پێشوەختەی داڕشتبوو
حكومەتی عیراق بەپێی بەرنامەیەكی پێشوەختە كە داینابوو، دەستیكرد بە جیاكردنەوەی ئەنفالكراوان بەپێی تەمەن و رەگەز و لە یەکتریی دابڕین، هەموو ئەو كەلوپەلانەی پێیانبوو لە پارە و سەعات و زێڕ و ناسنامە لێیانسەندن، دواتر بە ئۆتۆمبێلی سەربازی داخراو و پارێزراو لە ژێر پاسەوانیی سەربازی و ئەمنیی چڕەوە هەندێکیان رەوانەی بەندیخانەی نوگرەسەلمان کران و بەشێکیشیان بەرەو بیابانەکانی خۆرئاوای عیراق و عەرعەری نزیك سنووری سعودیە كران، لەوێ دوور لە هەموو دابونەریتێكی مرۆڤانە، هەرچی شێوازی مرۆڤكوژی هەیە بەرامبەر بەو هاووڵاتییە مەدەنییانە جێبەجێیان کرد.
بە وتەی تاك و تەرای ئەو كەسانەی دەربازبوون و هێنا لە ژیاندا ماون، لە نوگرە سەلمان برسیكردن و تینوكردن و لێدانی بێڕەحمانەی ئەنفالكراوان و هەروەها زەبروزەنگ بەرامبەر بەو هاووڵاتییانە بەردەوام بووە و دواتر و هەندێکیش لە زیندانییەکان گولـلەباران كراون و پاشان تەرمەکانیان دەرخواردی سەگ دراوە.
بەرنامەی دڕندانەی بەعسییەكان لەلایەن كەسێكی دڵڕەق و نامرۆڤی تاوانبارەوە بە ناوی (حەجاج) كە ملازمێكی ئەمن و كەسێكی ترسناكی دڵڕەق و قێزەون بووە جێبەجێکراوە، وەكو هەندێك لە شایەتحاڵەكان دەیگێڕنەوە و دەڵێن: ئەو گەنجێكی كەچەڵی كەتەی زل بووە و سەربە بارەگای ئەمنی بەغدا بووە، جێگرەكەشی پیاوێكی ئەمن بوو بە ناوی شەمخی، مامێكی حەجاجیش كەناوی خەڵەف بووە یەكێك بووە لە پاسەوانەكانی بەندیخانەی نوگرە سەلمان.