ئــەخـــــــلاق

09:58 - 2024-09-29
شوان کەریم کابان
109 خوێندراوەتەوە

ئەخلاق پێناسەی زۆری بۆ کراوە لە مێژوودا، بەڵام لە هەموو پێناسەکاندا لەسەر ئەوە کۆکن کە کۆی ئەو بنەما و هەڵسوکەوت و جموجۆڵەی تاکەکانە کە ژیانی مرۆڤەکان رێکدەخات لە نێو کۆمەڵگەدا. 
بە درێژایی مێژووش، هەم پەیامهێنەر و پەیامبەرەکان، هەم فەیلەسوفەکان، هەم کەسایەتییە گەورەکان لە رووی سەنگی کۆمەڵایەتییەوە گرنگی و ئاماژەی زۆریان بە ئەخلاق داوە. 
لە کتێبە ئاسمانییە پیرۆزەکاندا، بەشی هەرەزۆری تەرکیز لەسەر پابەندبوونی مرۆڤەکان دەکات بە کۆمەڵێک بنەماوە کە باشە و چاکە چوارچێوە سەرەکییەکەیەتی و هەمووشیان پێویستیی پابەندبوونی مرۆڤەکانیان بە ئەرکێکی سەرەکی زانیوە.

 

ئەوەی سەیر و چاوەڕوان نەکراوە یەکێک داوا لە خەڵکی تر بکات بە ئەخلاق بن، کە خۆی هیچ سیفەتێک و ئاکارێکی باشی نەبێت

 

لەلای ئەوانی تریش، زۆر قسە لەسەر ئەخلاق- رەوشت - کراوە و بەشێکی زۆری بەرهەمی نووسین و گوتەکانیان بۆ ئەم وشە گرنگە تەرخان کردووە کە چەند هەزار ساڵێکە قسەی زۆری لەسەر دەکرێ و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر لەیەک تێگەیشتن و مانا و شیکردنەوەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە کۆمەڵگە خۆرهەڵاتی و ئیسلامییەکاندا، جۆرێک هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و سیفەتەکانی جیاوازن، لە بەشەکانی تری وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئاسیا جیاوازە، لە خۆرئاواش جیاوازتر، بەڵام هەموویان لە کۆمەڵێک سیفاتدا هاوبەشن. 
لەلای ئێمەی کورد، ئەخلاق - رەوشت - جگە لە مانا کۆمەڵایەتی و تەقلیدییەکەی! کۆمەڵێک سیفەت و ئاکار دەگرێتەوە، لەوانە: راستگۆیی، پاراستنی ئەمانەت، لێبوردەیی، بەخشندەیی، ئارامگرتن، دان بەخۆداگرتن، ئازایەتی، مرۆڤ دۆستی، چاکەکردن، دەستپاکی، راستگۆیی، داوێنپاکی، دەمپاکی، رێزگرتن، هاوکاری، داکۆکی لە راستی و کۆمەڵێک سیفەتی تر. 
هەموو ئەوانە بە درێژایی مێژوو، قسەی زۆریان لەسەر کراوە و لەسەر وتراوە و گرنگی پابەندبوون پێیانەوە وەک پێویستییەکی بێ چەند و چۆن تەئکیدی لێکراوەتەوە و هەمیشە ئەو کەسانە زۆر سوور بوون و داوایان لە مرۆڤەکانی تر کردووە کە پابەندی ئەو سیفەت و ئاکارانە بن کە خۆیان هەڵگریان بوون و نموونەی مرۆڤە چاک و باشەکان بوون، بەڵام ئەوەی سەیر و چاوەڕوان نەکراوە، یەکێک داوا لە خەڵکی تر بکات کە بە ئەخلاق بێت و بە خەڵکیش بڵێت بێ ئەخلاق کە خۆی هیچ سیفەتێک و ئاکارێکی باشی نەبێت لەوانەی سەرەوە کە ئاماژەمان پێدان! مەخابن.

وتارەکانی نوسەر