یەکێتی لەهەرکوێ بێت، دادپەروەریی و ئارامی و ئاوەدانی و ئازادی لەوێیە

10:01 - 2024-09-30
شوان کەریم کابان
89 خوێندراوەتەوە

شوان کەریم کابان


لە رۆژانی سەختی خەباتیشدا و لە ساڵانی دوای هەرەس و نەهامەتی پاش 1975، یەکێتی لەهەر شوێنێکی کوردستان بووبێت، لەوێ ژیان جۆرێکی تربووە و  وێڕای دڕندەیی رژێمی بەعس و تاوانەکانی، بەڵام هەمیشە ئومێدێک هەبووە بە ئایندەیەکی باشتر و ئاسۆیەکی گەشتر. 
لەسەرەتای هەشتاکانەوە و پاش ئەوەی بازووی شۆڕش بەهێزتر بوو، بارودۆخی سیاسی و پێشمەرگایەتی ی.ن.ک سەقامگیرتر و باشتر بوو، ئەم حزبە لە پانتاییەکی گەورەی ناوچە رزگارکراوەکانی کوردستان جێگیربوو. 
کە تیایاندا بەسەرپەرشتی یەکێتی، ئەنجومەنی گوندەکان هەڵبژێردران وەک یەکەم تاقیکردنەوەی دیموکراسییەکی سەرەتایی بۆ بەڕێوەبردن و ئاسانکاریی کارەکان و چارەسەرکردنی کێشەی هاووڵاتیان.

 

پێش خیانەتی 31 ی ئاب کە یەکێتی لە هەولێر بوو، بەداهاتێکی زۆر کەم، هەم ژیانی خەڵک مسۆگەر بوو، هەم لەقەدەر داهاتی حکومەت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەبوو بێئەوەی نەوت و داهاتی گومرگیش هەبێت

 

 

لەهەر شوێنێک بارەگایەکی یەکێتیی لێ بووبێت، مزگەوت و کانیاوەکان نۆژەن دەکرانەوە، گەرماو و تەوالێت دروستدەکران و جۆگەی ئاوەکان پاکدەکرانەوە. رێگاوبانەکان لەقەدەر توانا چاکدەکرانەوە. بەهۆی ئەو کەشی ئازادییەی فەراهەم بوو، لە زۆر ناوچە، ئەدیبان و نووسەران و هونەرمەندان، نیشتەجێبوون و کارەکانی خۆیان بە هاوکاریی ماددی و مەعنەوی یەکێتی ئازادانە دەکرد، بێ سانسۆر و دەست تێوەردان و چەندین تیپی شانۆ و مۆسیقا دروستبووبوون و چەندین گۆڤاری ئەدەبی و هونەری دەردەچوێنران. 
لەهەر شوێنێکیش بارەگای یەکێتی لێبووبێت، یان ناوچەکە رزگار کراوبووبێت، پێشمەرگەکانی یەکێتی بەوپەڕی هێز و توانایانەوە داکۆکییان لێدەکرد، ئەگەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بە چڕی و بەرفراوانی نەبوایە لەلایەن رژێمی ئەوسای بەعسەوە، بە دڵنیایی نەیدەتوانی زەفەر بەهێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بەرێت. 

یەکێتی لەدوای راپەڕین چی کرد؟
لەپاش راپەڕینیش هەروابووە، دەکرێت هەندێک نموونە سەلمێنەرێ ئەو راستییەبن. پێش خیانەتی 31 ی ئاب کە یەکێتی لە هەولێر بوو، بەداهاتێکی زۆر کەم، هەم ژیانی خەڵک مسۆگەر بوو، هەم لەقەدەر داهاتی حکومەت، پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەبوو بێئەوەی نەوت و داهاتی گومرگیش هەبێت! 
لە دوو ئیدارەییشدا کە جگە لە داهاتی گومرگ هیچ داهاتێکی تر نەبوو، یەکێتی توانیبوی بژێوی خەڵک مسۆگەر بکات و لە سنووری دەسەڵاتی خۆی ئازادی فەراهەم بکات. 
لەدوای یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارە، یەکەم رۆژنامەی ئەهلی لە سنووری دەسەڵاتی یەکێتی دەرچوو، زۆرترین ئۆپۆزسیۆن هەر لەو سنوورە بوو بەئێستاشەوە، زۆربەی هەرەزۆری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە سنووری ئەودان، زۆرترین رۆژنامە و گۆڤار و کەناڵی میدیایی هەر لە سایەی یەکێتیدا بووە. سەبارەت بە دابینکردنی بژێوی خەڵکی کوردستان و جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری، دوو نموونەی زیندوو هەن، یەکەمیان، کاتێک کوردستان دوو ئیدارە بوو، یەکێتی بەداهاتێکی کەم و لەژێر ئابڵووقەی رژێم و پارتیدا، مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی دابیندەکرد و بەردەوامیش بوو لە جێبەجێکردنی پرۆژەی خزمەتگوزاری. 
دووەم، ساڵی 2009 سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران لای یەکێتی بوو، نەریتی بردنی بودجەی هەرێمی بۆ پەرلەمان داهێنا و بەمەش هەنگاوێکی گەورەی نا بەرەو شەفافییەت، لەهەمان کاتدا لە چوار ساڵدا لەنێو بودجەدا سەدان پرۆژە جێکرانەوە و پێشکەشکران. مانگانە و لەکاتی خۆیدا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەدرا، سلفەی هاوسەرگیری و عەقار و پیشەسازی هەبوو، قەرزی بچووک بە گەنجان دەدرا، تواناسازی داهێنرا کە خۆی لەناردنی خوێندکارە سەرکەوتووەکاندا دەبینییەوە بۆ دەرەوەی وڵات بۆ تەواوکردنی خوێندنی باڵا. 
ئەوانە و چەندین کاری تر کە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا بوون کران، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ی.ن.ک، بە هەموو هێز و توانایەکییەوە لەکاتی دروستبوونی مەترسییەکاندا، بەرگریی لە خاک و خەڵکی کوردستان کردووە. 
بەنموونە لەکاتی شەڕی داعشدا، لەدرێژترین بەرەی جەنگدا لە کەرکوکەوە تا خانەقین، رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش بووەوە و زۆرترین شەهیدی بەخشی. 
لەڕووی ئارامی و سەقامگیریشەوە، لەسنووری دەسەڵاتی خۆی، هەموو هەوڵێکی بۆ پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانە. 
ئێستا بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو دەنێیین، یەکێتی لەهەر چوار پارێزگاکەی کوردستان بۆ راستکردنەوەی رێڕەوی حوکومڕانی و بەدیهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار و نیشتمانی، بە لیستی ژمارە 129 بەشدارە، چاوەڕوانی هیمەتی خەڵکی کوردستانە متمانەی پێببەخشن تا بەهێزتر، بەتواناتر، باڵادەستتر، بێتەوە مەیدانی حکومڕانی و کوردستان و خەڵکەکەی لە تاکڕەوی و نادادیی و بێ مووچەیی و نەبوونی ئازادی و ئارامی رزگاربکات.

وتارەکانی نوسەر