گرفت و رێگەچارە

گومانم لە هەموو كچێك هەیە

10:36 - 2024-09-30
پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی
129 خوێندراوەتەوە

پ.د. كەریم شەریف قەرەچەتانی

12

من وەكوو گەنجێك هەست دەكەم كێشەیەكی گەورەم هەیە، ئەویش ئەوەیە كە ئێستا تەمەنم (38) ساڵە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەمتوانیوە زەماوەند بکەم، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە من متمانەم بە كچی ئێستا نییە و گومانم لێیان هەیە، دەترسم كەسێك بهێنم، دوایی دەركەوێت كە پەیوەندیی لەگەڵ كەسانیتر هەبووە، ئەو كات یان دەبێت ئەو بكوژم یان خۆم بكوژم، چونكە من لەو جۆرە كەسانەم و زۆر دڵم پیسە و بە گومانم، خۆشم حەز ناكەم بەو شێوە بم، بەڵام بە دەست خۆم نییە و زۆر شتم بیستووە، ئێستا لە ئوتێلێكیش كاردەكەم كە ئەو جۆرە كەسانە دێنە لامان، هەروەها كاتێكیش گەنج بووم، زۆر لەو كەسانەم بینیوە و ئەزموونی خراپم لەگەڵیاندا هەیە، ئێستا زۆر پەشیمانم، هەروەها ئەو رۆژە لە تیك تۆك گوێم لێ‌ بوو، كچە مۆدێلێك دەیگوت هەموو ئافرەتێك دۆستی هەیە، ئەوەش ئەوەندەیتر گومانەكانمی زیاتر كرد، ئیتر نازانم چی بكەم، تەمەنەكەشم گەورەیە و دایك و باوك و كەس و كاریش زۆر فشاریان خستۆتە سەرم و خۆشم حەز دەكەم وەك ئەو خەڵكە ماڵ و حاڵی خۆم هەبێت، بەڵام هەرچەند دەكەم ناتوانم بڕیار بدەم، خێرت دەگات ئەگەر رێنماییم بكەیت.

گشتاندن مەکە

بەڕێزەكەم، یەكێك لەو هۆكارانەی كە كێشە بۆ مرۆڤ دروست دەكات و لە رێگای راست لای دەدات، ئەو جۆرە گشتاندنەی بەڕێزتە، كە نابێت بەهۆی چەند كەسێكی كەمەوە تۆ گشتاندن بكەیت و هەموو ئافرەتانی هەرێمی كوردستان تاوانبار بكەیت، هەرچەندە دوژمنان لە هەوڵی ئەوەدابوون كە كۆمەڵگای كوردی تووشی چەندەها قەیران و كێشەی كۆمەڵایەتی بكەن و تاكەكانی بەرەو لادان ببەن، بەڵام سوپاس بۆ خودای گەورە و میهرەبان هێشتا زۆر باشین و رێژەیەكی زۆری تاكەكانی كۆمەڵگاكەمان مرۆڤی باشن و خاوەنی كۆمەڵێك بەهای ئەخلاقی رەسەنی كوردین، كەواتە نابێت تۆ بەهۆی چەند كەسێكی سۆزانی و دەروون نەخۆشەوە، هەموو كچانی كورد تاوانبار بكەیت. كەسانی باشی زۆر ماون، بەڵام تۆ رێكەوتت نەكردوون، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە رابردووی تۆ و پیشەی ئێستات تەنها رووبەڕووی ئەو جۆرە مرۆڤە دەروون نەخۆشانەی كردوویتەوە، بۆیە ئەو بۆچوونەت بۆ دروست بووە .

تۆ تەنیا مامەڵەت لەگەڵ كەسانی نەخۆش و دەردەدار كردووە، بۆیە گەیشتوویتە ئەو بڕوایەی هەموو کەس وەك ئەوان دەردەدار و نەخۆشە


نێردراوی یەکەم

براكەم، با بەسەرهاتێكت بۆ بگێڕمەوە، دانیشتوانی گوندێك هیچ دەربارەی خەڵكی شار و ژیان و گوزەرانیان نازانن، بڕیار دەدەن دوو كەس لە دانیشتوانی گوندەكەیان بۆ شار بنێرن بۆ ئەوەی دەنگ و باس و ژیانی شاریان بۆ بهێننەوە، دوای چەند رۆژێك یەكێك لە نێردراوەكان دەگەڕێتەوە و خەڵكی گوند هەمووی لێی كۆ دەبنەوە بۆ ئەوەی باسی شاریان بۆ بكات، وتیان ئادەی شار چۆنە؟ خەڵكەكەی خەریكی چیین؟ خۆشە یان ناخۆشە؟ كابرا لە وەڵامدا وتی: وەڵڵا لەشار ئەخلاق هەر نەماوە، هەمووی خەریكی كاری خراپ و رابواردن و خواردنەوەن، تا بڵێی ناخۆشە، ئیتر خەڵكەكە كە ئەوەیان بیست هەریەكە لەبەر خۆیەوە وتی: لە خودا بەزیاد بێت، بەس نییە لای خۆمان ئەوانە نین، كەواتە هەر گوندەكەی خۆمان خۆشە و شار ماڵوێرانی لە دوایە و هەموویان لادەر و خوار و خێچن .

نێردراوی دووهەم
دوای ماوەیەكیتر نێردراوی دووهەم دێتەوە و داوا لە خەڵكەكە دەكات بێن كۆ ببنەوە بۆ ئەوەی باسی شاریان بۆ بكات، زۆربەیان وتیان پێویست ناكات نێردراوی یەكەم هەموو شتێكی بۆ باس كردین، ئێستا زانیمان هەموو خەڵكی شار خراپن و هەر خەریكی كاری نادروستن، نێردراوی دووهەم پێیان دەڵێت: ئەوە ئێوە باسی چی دەكەن، وەڵڵا هیچی راست نییە، بە پێچەوانەوە هەموویان هەر خەریكی خوداپەرستی و مزگەوت و كاری چاكە و هاوكارین و یەك كەسی خراپم نەبینی، ئیتر بەم شێوەیە لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو، دوای ئەوە خەڵكەكە كەوتنە گومانەوە لە قسەكانی ئەو دوو نێردراوە، دەبێت كامیان راست بكەن .

 چوون بۆ لای حەكیم
بۆ ئەوەی وەڵامی راستیان دەست بكەوێت، چوون بۆ لای حەكیم و شارەزای گوندەكەیان و قسەكانی هەردوو نێردراوەكەیان بۆ گێڕایەوە و وتیان ئێستا ئێمە نازانین بڕوا بە كامیان بكەین، حەكیم و زانای گوندەكەیان پێی وتن بڕوا بە هەردووكیان بكەن و هەردووكیان راستییان وتووە، خەڵكەكەش وتیان چۆن هەردووكیان راستییان وتووە، ئەوان قسەكانیان دژ بەیەك بوون، حەكیمەكەش پێی وتن: نێردراوی یەكەم هەموو شار نەگەڕاوە تەنها چووە بۆ ئەو شوێنانەی كە خۆی حەزی لێی بووە و حەزووئارەزووەكانی تێركردووە، كەواتە چووە بۆ نادی و ئەو شوێنانەی كە كاری خراپی تێدا دەكرێت و تەنها ئەوانەی بینیوە كە كەسانی دەروون نەخۆشن، ئیتر وای زانیوە هەموو خەڵكی شار بەو شێوەیەن، بەڵام نێردراوی دووهەم  چووە بۆ مزگەوت و بازاڕ و چێشتخانە و قوتابخانە و شوێنە گشتییەكان، تەنها ئەوانەی بینیوە كە روو لە چاكەن و كەسانی دەروون دروستن و وایزانیوە هەموو خەڵكی شار بەو شێوەیەن.

ئەو كچە مۆدێلە چۆن زانیوێتی؟

كەواتە برا بەڕێزەكەم، تۆش وەك نێردراوی یەكەمی ئەو گوندە تەنها مامەڵەت لەگەڵ كەسانی نەخۆش و دەردەدار كردووە، بۆیە گەیشتوویتە ئەو بڕوایەی كە هەموو خەڵكی وەك ئەوان دەردەدار و نەخۆشن، نا براكەم تۆ هەڵەیت، بۆ نموونە باسی كچە مۆدێلێك دەكەیت، ئەو كچە مۆدێلە چۆن زانیوێتی هەموو ئافرەتێك دۆستێكی هەیە، ئایا ماڵ بە ماڵی شارەكانی كوردستان گەڕاوە و راپرسی كردووە، یان توێژینەوەیەكی زانستی كردووە و نموونەیەكی زۆری لە هەموو شارەكان وەرگرتووە تا بگاتە ئەو دەرئەنجامە، ئەگەر ئەوەشی كردبێ‌ (كە هیچ توێژەرێكیش ئەوەی نەكردووە نەك ئەو خاتوونە) چ كەسێك ئەگەر ناپاكی لە هاوسەر و دایك و باوكی بكات بە ئاشكرا دەڵێت من ناپاكیم كردووە؟! بەڕێزەكەم، ئەوە تەنها قسەیە و كردوویەتی، بەڵام دەبوایە لەسەر ئەو قسە بدرێت بە دادگا، چونكە ئەوە سووكایەتیكردنە بە هەموو ئافرەتانی كورد، لە پێشەوەی هەمووشیان خوشك و دایك و پورزا و ئامۆزا و ئافرەتەكانی خزمی خۆی، كە نابێت ئەوانیش بێدەنگ بن، چونكە ئەوانیشی تاوانبار كردووە و خودا خۆی دەزانێت چەندەها كەسی تری وەك تۆشی، تووشی گومان كردووە.
سەیرێكی خزم و كەسەكانی خۆت بكە
بەڕێزەكەم، ئەزموونی خراپی رابردووی خۆشت لەگەڵ ئافرەتانی لەشفرۆش و ئەو كارەی ئێستاشت ئەو هەموو گومانەی لا دروست كردوویت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە (3) ملیۆن ئافرەت هەیە، چۆن دەبێت بەهۆی دەیان یان سەدان ئافرەتی لەشفرۆش، تۆ ملیۆنەها كەس تاوانبار بكەیت، هیچ نەبێت سەیرێكی خزم و كەسەكانی خۆت بكە و دایك و خوشك و پورزا و ئامۆزا و برازا و خوشكەزاكانی خۆت بهێنەوە بەرچاوت، ئایا هیچ كەسێكی تۆ وەك ئەو ئافرەتە گوماناویانە وان كە تۆ بڕوات پێیان نییە؟.

دوای ئەوە بڕیاری كۆتایی بدە
براكەم، هەزاران ئافرەتی بەشەرەف و داوێن پاكمان هەن و خێزانەكانیان باش پەروەردەیان كردوون و لە خودا دەترسن، بەڵام تۆ نایانناسیت یان بە دوایاندا نەگەڕاویت، بە بڕوای من یەكەم شت كە پێویستە بیكەیت كارەكەت بگۆڕە، چونكە هەزاران ئوتێل و شوێنیتر هەن كە كەسانی بەڕێزی وەك خۆت روویان تێدەكات، بچۆ بۆ شوێنێك كە ئەو كەسانە سەردانی نەكەن، دوای ئەوە لە رێگای كەس و كارت بە دوای ئافرەتێكدا بگەڕێ‌ كە ئەو مەرجانەی تێدا بێت كە تۆ بۆ هاوسەری داهاتووت داناوە، من دڵنیام بە هەزاران كەس هەن، دوای ئەوە پرسیار لە رابردووی ئەو كەسە بكە و بزانە لە چ خێزانێكدا پەروەردە بووە، دوای ئەوەی دۆزیتەوە ماوەیەك با دەزگیرانت بێت و داوای لێبكە چ شتێكی نهێنی لە ژیانیدا هەیە بۆت باس بكات و دوای ئەوە بڕیاری كۆتایی بدە، ئەگەر هەر نەتتوانی بڕیار بدەیت پێویستت بەوە هەیە كە سەردانی چارەسەركارێكی دەروونی بكەیت بۆ ئەوەی بە چەند دانیشتنێك ئەو بۆچوونە نەرێنیانەت بگۆڕێت. 

 

وتارەکانی نوسەر