ئەگەر رۆڵ و هزری مام جەلال نەبوایە!
ئەگەر چاوێک بە مێژووی رابردووی مام جەلال بخشێنین، بۆمان دەردەکەوێت کە لە زۆرێک لە قۆناغەکانی پەیوەست بە شۆڕشی کورد و مەسەلە نەتەوەییەکەی، هەر رۆڵی راستکەرەوە یان دۆزەرەوەی رێگە راستەکانی هەبووە بۆ ئەوەی ئەم کاروانی خەباتە بگەیەنێتە ئامانجی خۆی.
مام جەلال لە زۆربەی ئەو دەرگایانەی داوە کە هەستی کردبێت تروسکاییەکی تێدایە و دەکرێت لێیەوە بیانکاتە پاڵپشت بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد
مام جەلال لە روویاندا وەستایەوە
ئەگەرچی دەستپێکی کاری سیاسی و رێکخستنی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا بووە کە ئەوکات وەک حزبێکی نەتەوەیی خۆی خستبووە روو لەڕێگەی دروشمە گڕدارە نەتەوەییەکانییەوە(بەڵام لە ناوەڕۆکدا حزبێک بوو دەبوا لەژێر فەرمان و بڕیار و نەخشەی سەرکردایەتی ئەو کاتی پارتیدا بوایە)، ئەگەر نەشیانتوانیبایە و کەسەکە جێیبهێشتنایە، ئەوا دژایەتییان تا خوێنڕشتنی دەکرد، وەک ئەوەی لە ساڵی 1964 بەرامبەر بە باڵی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە کردیان و دیارترینیان هەریەک لە ئیبراهیم ئەحمەد و مام جەلال بوو.
پارتی ئەوکات ناچاریکردن پەنا بۆ ئێران بەرن و ماوەیەک لەوێ بژین وەک دەستبەسەر لە زەمانی شادا.
سەرکردایەتیی پارتییش ئامادە بوو بۆ لەناوبردنیان و سەرهەڵنەدانەوەیان واز لە هەموو شت بێنن و دوژمن چی دەوێت بیانداتێ، چونکە ئەو سەردەمە ئەوان پەلاماری هەر کوردێکی دڵسۆزیان دەدا ئەگەر سەربە پارچەکانی دیکەی کوردستانیش بووبێت، دەیانووت پێشڕەوی کورد پارتیە و سەرۆکمان بارزانییە، ئیدی بەو واتایەی ئەوان درێژە پێدەری هەموو مێژووی کوردایەتی رابردوون و هەرکەس بیەوێت باسی کوردایەتی بکات دەبێت لەژێر رکێفی ئەواندا بێت و بۆی نییە سیاسەتی جیای هەبێت.
ئەوە تەنها مام جەلال بوو کە بۆیان ببووە کۆسپ و سەری بۆ سیاسەتی چەوت نەوی نەدەکرد و لە هەموو رووداو و قۆناغەکاندا قسە و رای خۆی هەبوو.
بەهێزیی دیپلۆماسیی مام جەلال
مام جەلال لە زۆربەی ئەو دەرگایانەی داوە کە هەستی کردبێت تروسکاییەکی تێدایە و دەکرێت لێیەوە بیانکاتە پاڵپشت بۆ دۆزی نەتەوەیی کورد، ئەگەرچی کێشەی کورد لەگەڵ عەرەب هەبووە، کەچی ئەو لەلایەن ناودارترین کەسایەتیی ئەوسەردەمەوە پێشوازی لێکراوە کە جەمال عەبدولناسڕ بووە و گوێی لە رێگە چارەسەر و پێشنیازەکانی گرتووە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە عیراق.
کەسایەتییەکی وەک تۆرگوت ئوزال نەک پێشوازی لێکردووە (بێ ئەوەی لەوکاتەدا مام جەلال هیچ پۆستێکی لە حکومڕانیدا هەبووبێت) بەڵکو گوێی لێگرتووە و ملیناوە بۆ ئاگربەست و چوونە دانوستانەوە لەگەڵ کورد لە تورکیا.
لەسەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران و نەمانی شا، مام جەلال هاوتای یاسر عەرەفات، لەلایەن رابەری شۆڕش ئیمام خومەینییەوە پێشوازی لێکرا و وەک کەسایەتییەکی بەتوانا و کاریگەری ناوچەکە دەبینرا.
مام جەلال چەند توانیبێتی، تا ئەوکاتانەی لەناو ریزەکانی پارتیدا کاری دەکرد و یەکێک لەسەرکردەکانی حزبەکە بوو، هەمیشە پێشنیازی گرنگی خستۆتەڕوو بۆ ئیدارەدانی شۆڕش و سیاسەتکردن و مامەڵە لەگەڵ دۆست و دوژمن، هەموو ئەو بیروبۆچوونانەشی لە خزمەتی گشتی نەتەوەی کورد و دۆزەکەیدا بووە، هەر ئەمەش وایکردووە کە دژایەتی بکرێت.
مام جەلال کاتێک زانی ناتوانێت قەناعەت بەو سەرکردە عیناد و تاکڕەوانەی پارتی بکات و لەبەر پاراستنی بەرژەوەندی کورد و درزتێنەخستنی، بڕیاریدا دوور بکەوێتەوە لەو حزبە و سیاسەتکردن لەگەڵی، ئەوە بوو خۆی خستە کەنار و تا لە ساڵی 1975 لەگەڵ راگەیاندنی نسۆکی شۆڕشی ئەیلوول، کەوتەوە جووڵە و بە دوایدا بەهاوکاری دەستەیەک لە تێکۆشەرانی دڵسۆز، بڕیاری دامەزارندنی حزبێکی فریادڕەسیاندا ئەویش یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو کە تا ئەمڕۆ لە ریزی پێشەوەی بەدەستهێنانی هەموو دەستکەوتەکانە و داکۆکیکەری مافەکانی کوردە و هەمیشە لەگەڵ نوێگەری و خۆگونجاندنە لەگەڵ رووداو و پێشهاتەکان.
مام جەلال حەوت ساڵ بەرلەئێستا جێیهێشتین، بەڵام رێباز و بیروبۆچونەکانی ئەو، هەڵوێستە ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستانەکانی، لای هەڤاڵانی ئەو لەناو ی.ن.ک دا کاریپێدەکرێت و بەرزڕادەگیرێت، هەزاران سڵاو لە رۆحی پاکی سەرۆک مام جەلال، ئەو کەسەی لە تەمەنێکی لاوییەوە دەستی بە خەبات کرد و دوای تێپەڕینی بە سەدان سەختیدا بە پلەی سەرۆک کۆماریی کۆچی دوایی کرد.