کاروانی خەباتی مەدەنی

09:47 - 2024-10-06
عوسمان ساوجی
135 خوێندراوەتەوە

لەم رۆژانەدا کە هەرێمی کوردستان  بەرەو هەڵبژاردن دەچێت و پرۆسەی بانگەشە بەهەموو شێوازەکانییەوە بەتایبەت کۆبوونەوەی جەماوەری بەگەرمی بەڕێوەدەچێت، دەکرێت ئەمە بە یەکێک لە باوترین خەباتی مەدەنی هەژمار بکرێت لە پێناوی گۆڕانکاری لە سیستمی حوکمڕانی و راستکردنەوەی ئەو هەڵە و کەموکۆڕییە سیاسیی و ئابووریی و کارگێڕیانەی ماوەی سێ دەیەیە حوکمی خۆماڵی گیرۆدەیان بووە.
 خەباتی مەدەنی لەشۆڕشی نوێدا و لە سەردەمی شاخدا هاوشانی خەباتی چەکداری پێگە و رۆڵێکی زۆر کاریگەر و بەهێزی هەبووە، کە خۆی لە دەرکردنی نامیلکە و رۆژنامە و رادیۆ و کۆبوونەوە جەماوەرییەکان لە مزگەوتەکاندا بەرجەستە کردووە، لەهەموویان گرنگتر کۆبوونەوە جەماوەریەکەی ساڵی 1984ی سەرۆک مام جەلال لە سورداش بۆ روونکردنەوەی پەیامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەبارەی دانوستان و سیاسەتی رژێم و دۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی.
ئەمانە بەڵگەی ئەوەن کە شۆڕشی نوێ بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، سەرەڕای ئەو فیداکاری و بەرگرییە شۆڕشگێڕییەی لە دژی رژێمی لەناوچووی بەعس بەڕێوەی بردووە، لەپاڵ ئەوەدا کاروانێکی درێژی خەباتی مەدەنی رێکخستووە بۆ بەدەستهێنانەوەی مافە زەوتکراوەکانی گەلی کورد، کە تا ئەمڕۆش بەردەوامە،  ئەم پرۆسەیەش دەتوانین ناو بنێین تێکۆشانی مەدەنی لە سورداشەوە بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، لە دۆخە جیاوازەکاندا بە پرەنسیپیێکی نەگۆڕ.

وتارەکانی نوسەر