بەهۆی ئەو بارودۆخە تایبەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل تیایدا دامەزرا کە بریتی بوو لە هاندانی گەلی جوو لە سەرتاسەری جیهانەوە بۆ کۆچکردن بەرەو ئەو خاکەی کە ئێستا ناونراوە ئیسرائیل، بە پاڵپشتیی بەریتانیا و پشتبەست بە تیۆری تیۆدۆر هەرتزل، دەوڵەتانی عەرەبی و ئیسلامی لەلایەک وەک ئەرکی ئایینی و نەتەوەیی و لەلایەکیش لە ترسی کاردانەوەی شەقامی وڵاتەکانیان بڕیاری ئەوەیاندا کە هیچ جۆرە پەیوەندییەک لەگەڵ ئەو دەوڵەتە نەبەستن و دانی پێدا نەنێن، ئەو بڕیارەش بۆ زۆربەیان، زیاتر لە 70 ساڵ بەردەوامی هەبوو.
گۆشەگیریی ئیسرائیل یەکێک لە خاڵە هەرە دیارەکانی لاوازیی ئەو وڵاتە بوو کە بەردەوام پێوەی ناڵاندوویەتی و کاریگەریی گەورەشی لەسەر پێگەی نێودەوڵەتی و ئاسایش هەبووە، لەبەرئەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی ناوچەکە، بەردەوام لە پێشینەی ئامانجەکانی بووە.
چەند رووداوێک کە روویاندا، دەرفەتی زێڕینیان بۆ رەخساند تا گەمارۆ ماددی و مەعنەوییەکانی دەوری تێکبشکێنێت و بە هێزێکی گەورەوە بچێتە ناو گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ئیقلیمییەوە.
یەکێک لەوانە گەڕانەوەی ترەمپ بوو بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، ترەمپ جگە لە هاوسۆزیی بۆ گەلی جوو، پەیوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ ناتانیاهۆدا هەیە و لەگەڕی یەکەمی دەسەڵاتەکەشیدا واژۆی لەسەر بە پایتەختکردنی ئۆرشەلیم (قودس) بۆ ئیسرائیل کرد.
یەکێکی تر لە رووداوە گرنگەکان رووخانی دەسەڵاتەکەی ئەسەد بوو، ئەگەرچی رژێمی بەعس زیاتر لە 10 ساڵ بوو زۆربەی خاکی سوریای لەدەستدابوو، بەڵام هێشتا لە دیمەشق و چەند پارێزگایەکی تر وەک دەسەڵاتی رەسمی و دەیتوانی درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و بە پشتگیریکردنی گروپە چەکدارەکانی نزیک لەخۆی، هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست بکات.
بەنەمانی دەسەڵاتی ئەسەد و بە کەڵک وەرگرتن لە پێکهاتەی ئایینی و ئایینزایی گەلانی سوریا لەژێر ناوی نەهێشتنی مەترسی و دابینکردنی ئاسایش، یان بەناوی بەهاناوە چوونی کەمینەکان، سوپای ئیسرائیل جگە لە جۆلان، پانتاییەکی فراوانی لە خاکی سوریا خستە ژێر رکێفی خۆی و بەوەش نەک دەرفەتی بۆ چالاکیی گروپە چەکدارەکان نەهێشتەوە، بەڵکو ژێرخانی سەربازیی سوریاشی بەتەواوی خاپوور کرد و هەژموونی خۆی بەسەر رۆژئاوای سوریادا بەتەواوی سەپاند و تەنانەت بواری بۆ هاوپەیمانە لەمێژینەکەی تورکیاش نەهێشتەوە کە چەند پێگەیەکی سەربازی دابمەزرێنێت.
ئێستا ئیسرائیل لەو پێگە بەهێزەوە کە بەدەستیهێناوە، دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی ئاسایی بکاتەوە و لەڕێگەی پلانی ئیبراهیمییەوە کرانەوەیەک بەڕووی گەلانی ناوچەکەدا لە بەرژەوەندیی خۆی بەدەستبهێنێت.
لە کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبیدا کە 17/5 لە بەغدا بەسترا، وەزیری دەرەوەی سوریا نەک وەک پێشوو هەڕەشەی لە ئیسرائیل نەکرد، بەڵکو زۆر بە سانایی باسی ئاشتیی لەگەڵ وڵاتان و سەروەریی وڵاتەکەی و کێشەکانی رۆژئاوای وڵاتەکەی و دەست تێوەردانی دەرەکی کرد، بەکورتی هاوکێشەکە هەڵگەڕانەوەی پێوە دیارە و ئیسرائیل دەیەوێت نەخشەی نوێی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە قەڵەمی ئەوان بکێشرێت و گرەنتی ئاسایش و بەرژەوەندییە سیاسی و ئابوورییەکانی خۆی بکات.