سەتڵی خۆڵ پێداویستییە گرنگەکە

09:43 - 2025-05-20
عوسمان ساوجی
22 خوێندراوەتەوە

سەتڵی خۆڵ، یەکێک لە کاڵا پەراوێزخراوەکانی زۆربەی ماڵان، لە هیچ کون و قوژبنێکی ماڵە چەند سەد مەترییەکەدا چەند سانتیمەترێک جێگەی پێ رەوا نابینرێت، لەبەرئەوە دەخرێتە بەردەم دەرگای دەرەوە، ئیتر بە ناچاریی دەبێت بەرگەی سەرمای زستان و گەرمای هاوین بگرێت، بەوەش جوانیی و درەوشاوەییەکەی کاڵدەبێتەوە تا دەگاتە دۆخێک ئیتر کەس نازانێت رەنگی چۆن بووە، وەک دەزانین گەرمای هاوین یەکێکە لە دوژمنەکانی پلاستیک، سەتڵی خۆڵیش کە لە پلاستیک دروستکراوە دوای ماوەیەک گەرما لاشەکەی دەسوتێنێت، وردە وردە دەسک و سەرقاپەکەی دەشکێن و ئیتر دیوی ناوەوەشی دەکەوێتە بەرچاوان.  
شێوازی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی شارەکان ئێستا بریتییە لەوەی بەیانیان ئۆتۆمبێلێک بە خێراییەکی دیاریکراو بە کۆڵانەکاندا دەگەڕێت و دوو ژینگەپارێزیش بە نیمچەڕاکردن بە دوای دەکەون و خاشاکەکە فڕێ دەدەنە ناوی، رۆیشتنی ئۆتۆمبێلەکان بە جۆرێکە ژینگەپارێزەکان بەهیچ جۆرێک کورد وتەنی دەرفەتی ئەوەیان نییە سەری خۆیان بخورێنن نەک ئەوەی سەتڵەکان بخەنەوە شوێنی خۆیان،  لەبەرئەوە ئەو سەتڵانەی راستەوخۆ چێشت و خواردن و حەفازەی منداڵان و پاشماوەکانی دیکەیان تێکراوە، بەشێکی بە رێگەوە دەڕژێتە سەرشەقامەکان و بەشێکی دیکەش کاتێک سەتڵەکە بە بەتاڵی فڕێ دەدرێت دەڕژێت، بەوەش بێجگە لە سیمای ناشیرین و بڵاوبوونەوەی پاشماوەکان بەسەر شەقامەکاندا و ئەو بۆنە ناخۆشەی لەم وەرزەدا دروست دەبێت، سەتڵە شکاو و چڵکن و پیسەکان لە ناوەڕاستی شەقامەکاندا دەکەون و چەند سەعاتێك دواتر ئەگەر کابانی ماڵ یان کەسێکی دیکە ئیشێکی دەرەوەی هەبێت سەتڵەکە دەبەنەوە بۆ لای ماڵی خۆیان، ئەگینا دەبنە ئاستەنگ لە بەردەم هاتوچۆی شۆفێراندا.
سەتڵە خۆڵەکان وەک خانەی کۆکردنەوەی پاشماوەکان و پێویستییەک بۆ خاوێن راگرتنی ماڵ و گەڕەک و شار ناکرێت هێندە بێ بایەخ سەیر بکرێن، لە کاتێکدا ئەم سەتڵانە رۆژانە لەگەڵ چەند کەسێکدا بەریەک کەوتنیان دەبێت لەوانە:
یەکەم/ ژینگە پارێزان: بەشێکیان بەبێ دەستکێش و دەمامک ئەم سەتڵانە تاوتوێ دەکەن و پاک رانەگرتنیان مەترسیی بۆ سەر تەندروستییان دروست دەکات.
دووەم/ رێبواران: ئەوانەی بەیانیان بۆ کار و کاسبی بە کۆڵانەکاندا گوزەر دەکەن یان خوێندکاران کە دەچن بۆ خوێندن دەیان سەتڵی لاشکاو و چڵک گرتوو لەسەر جادەکان دەبینن.
سێیەم/ کابان و ئەندامانی دیکەی خێزان: هەر رۆژێک کابانی ماڵ یان ئەندامانی دیکەی خێزان چەند جارێک پاشماوەی ژەمەکان دەخەنە ناو سەتڵەکان و ئەم دیمەنە نەشیاوە دێتە پێشچاویان، سەرباری بۆنی ناخۆش و کۆبوونەوەی مێش لە سەریان.
لە کۆتاییدا دەکرێت سەتڵی خۆڵ بایەخی پێ بدرێت و پاک رابگێرێت و شوێنەکەی پارێزراوبێت، بۆئەوەی بۆ ماوەیەکی زیاتر بەکاربهێنرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە کیسی تایبەت بەخۆی تێهەڵکێشرێت و گرێ بدرێت، بۆئەوەی ژینگەپارێزان بتوانن بەئاسانی بیگوازنەوە بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکان بەبێ ئەوەی جلوبەرگ و شەقامەکان پیس بکەن، لە راستیدا ئەمە تێچوویەکی زۆری ناوێت، بەڵکو پێویستی بە هۆشیاریی خانمان و گرنگیدانیان بە ژینگە و تەندروستی خۆیان و خێزان و کۆمەڵگە هەیە.

وتارەکانی نوسەر