دەوڵەتانی زلهێزی جیهان تەنها لە بوارێکی دیاریکراودا پێش دەوڵەتان یان گەلانی تری جیهان نەکەوتوون، بەڵکو ئەوان توانیویانە لە زۆرێک لە بوارەکانی ژیاندا بەتەواوی دەوڵەتانی تر بەجێ بهێڵن و ئەگەر لە بوارێکیشدا هاوشان بن یان لە پێشبرکێدا بن، ئەوا بەردەوام هەوڵی بۆڕدانی نەیارەکانیان دەدەن و بەهەر رێگە و شێوازێک بێت، دەیانەوێت پێشکەوتوویی خۆیان و شوێنکەوتەیی ئەوانیتر بسەلمێنن.
بایەخدان بە ئایین
یەکێک لەو بوارانەی کە رەنگە مرۆڤ بە بیریدا نەیەت، وڵاتانی زلهێز بایەخی زۆری پێبدەن بریتییە لە ئایین، ئەوەش نەک لەبەرئەوەی خودی ئایین بابەتێکی بچوک بێت، نا بەڵکو لەبەرئەوەی ئەوان هێندە بانگەشەیان بۆ ئازادیی بیر و باوەڕ و چەسپاندنی پرەنسیپیی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت (عەلمانیەت) کردووە، ئیتر ئەوە بووە بە تێگەیشتنێکی یەکلابووەوە، کە ئایین لای دەوڵەتانی زلهێز و پێشکەوتوو، ئەو پێگەیەی نییە بەراورد بە وڵاتانی تر، بەتایبەتی وڵاتانی ئیسلامی، هەرچەندە لەم وڵاتانەدا جگە لە خراپ بەکارهێنانی ئایین و پێشاندانی وەک هۆکارێکی دواکەوتوویی و ناکۆکی و شەڕ و خوێنڕشتن، توانای دەوڵەتان و گەلانی ناوچەکەش لەو ئاستەدا نییە بەتەواوی سوود لە سامانی سروشتی و پێگەی جوگرافی و توانای مرۆییش وەربگرن، چ جای ئایین و ئاینزا و فرەیی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی.
هەڵبژاردنی پاپا
لێرەدا دەکرێت هەڵبژاردنی پاپای چواردەهەمینی کەنیسەی کاسۆلیکی، لە رۆژی 8/5/2025 وەک نموونەیەکی زیندوو ئاماژەی پێ بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی لە 4/21 پاپا فرانسیس لە تەمەنی (88) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، پاپا فرانسیس ئەگەرچی کەسایەتییەکی ناسراو و دیار بوو لەسەر ئاستی جیهان، بەهۆی ئەوەی لەلایەک لەسەر زۆربەی پرسە جیهانییەکانی وەک شەڕ و کارەساتە سروشتییەکان و مافی مرۆڤ و ئازادییەکان قسەی هەبووە و بەردەوام داوای ئاشتی کردووە، لەلایەکی تریشەوە بەخت یاوەری بوو کە لەسەردەمی تەکنۆلۆژیای نوێدا بوو بە پاپای کەنیسەی کاسۆلیک، بەڵام هێشتاش لای زۆربەمان رەنگە شوێنی لە دایکبوونی کە ئەرجەنتین بووە نەزانرابێت، یان گرنگی پێ نەدرابێت، کە دەکرێت یەکێک لەهۆکارەکان ئەوە بێت، کە گریمانەی ئەوەمان کردووە، پاپا خاوەن دەسەڵاتێکی سیاسی و سەربازی نییە، بەڵام ئەوەی چاودێر و چاوەڕوانی هەڵبژاردنی پاپای نوێ (رۆبێرت پریفۆست) بووبێت، درکی بەوە کردووە، کە وڵاتانی مەسیحی چەند بە بایەخەوە چاوەڕوانی ئەنجامی دەنگدانی کاردینالەکانیان کردووە، لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامەکەش دۆناڵدا ترامپی سەرۆکی ئەمریکا شاگەشکە بوو و لە خۆشیدا و لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: ئەمە شانازییەکی گەورەیە (Great honor) و چاوەڕیی دیداری پاپا دەکەم ئەوە ساتێکی مێژووییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی یەکەمجارە ئەمریکییەک دەبێتە پاپا.
بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتانی مەسیحی
کاردینال رۆبێرت لە دایکبووی شیکاگۆیە و خۆشحاڵی ترەمپ بۆ ئەو بابەتە پەیوەستە بە هەژموونە جیهانییەکەی ئەمریکاوە، ئەو دەزانێت دەوڵەتی زلهێز (super power)، ناکرێت تەنها پشت بە هێزی سەربازیی یان ئابووری ببەستێت، بەڵکو توانای دەوڵەت فرە رەهەندە و فەرامۆشکردنی هەر بوارێکیش کاریگەریی نەرێنی بەجێ دەهێڵێت، بەهۆی ئەوەی پاپای ڤاتیکان دەبێتە سەروەری شوێنکەوتوانی کەنیسەی کاسۆلیک کە بە (1.4) ملیار کەس مەزەندە دەکرێن و کاریگەریی دەبێت لەسەریان، بەوەش لەپاڵ جێبەجێکردنی ئەرکە ئاینییەکانی بێگومان وەک هەرتاکێک رەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتانی مەسیحی بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتی دەکات.
کەسایەتیی ئاینی کورد
لێرەدا چەندین پرسیار دێنە پێشەوە، بۆ نموونە، ئایا کورد دەتوانێت بەهەمان تێگەیشتنی دەوڵەتان لە پێگەی کەسایەتییە ئاینییەکان بڕوانێت؟ یان دەکرێت هەمان پرسیار بە دیوێکی تردا بکرێت و بپرسین، ئایا کەسایەتییە ئاینییەکانی کورد، کاتێک دەبنە خاوەنی پێگەی هەرێمی و نێودەوڵەتی، چۆن لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلەکەیان دەڕوانن؟
پاپای نوێی ڤاتیکان رۆبێرت پریفۆست