یەکێتی و هەڵەبجە، دوانەیەکی گرێدراو

09:32 - 2024-10-08
سەركۆ یونس
164 خوێندراوەتەوە

هەڵەبجە و یەکێتی، مێژوویەکی دوور و درێژ و دوانەیەکی گرێدراوی یەکن، مێژوو شاهێدی یەکەم مەفرەزەی سەرەتایی و یەکەم تەقەی شۆڕش و یەکەمین شەهیدی شۆڕشی نوێییە.

بە هەوڵ و بڕیاری سیاسی یەکێتی، هەڵەبجە کرا بە پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان

هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور، پێکەوە بە شار و شاخ و دەشتەوە، هەمیشە و بەردەوام خزمەتی گەورەی بە خەباتی چەکداریی سەرجەم لایەنەکان بە گشتی و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەتایبەتی کردووە.

لە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا،  ئەوە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوور بووە، پشکی شێری لە پێشمەرگە و لە چالاکی چەکداریی و هەڵگیرسانەوەی شۆڕشی نوێدا بەرکەوتووە، راگواwwستنی دەیان گوند و لادێ و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و سووتاندنی رەز و باخەکان، دەرئەنجامی خەبات و تێکۆشانی خەڵک و خاکی ناوچەکەیە دژ بە سوپا و رژێمی گۆڕ بە گۆڕی بەعس.
لە دوای راپەڕینیش هەر یەکێتی بوو، دەستی ئاوەدانی و دووبارە ژیانەوەی گەڕاندەوە بۆ هەڵەبجەی پاش کارەساتی کیمیاباران و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، هەر لەسەر دەستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.
هەرچەندە تا پێش دووبارە ئازادکردنەوەی هەڵەبجە و هەورامان و بەشێک لە شارەزور، لە دوای ساڵی 2003 ەوە لە دەستی تاقمی ئەنسار ئیسلام و هەندێک لایەنی دژ بە دیموکراسی، ئینجا یەکێتی دووبارە بە فەرمانی راستەوخۆی جەنابی مام جەلال، دەستی ئاوەدانی و راکێشانی کارەبای نیشتمانی و رێگەوبان و سەرجەم پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی تری ژیان، بەبێ جیاوازیی بیروڕای سیاسی و حزبی، پێشکەش بە ناوچەکە کرد.
جارێکی تر و ساڵی 2014، بە هەوڵ و بڕیاری سیاسی یەکێتی، هەڵەبجە کرا بە پارێزگای چوارەمی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی لە هەرێم و دەرئەنجامی سیاسەتی هەڵەی ئابووری، هەرێم تووشی کۆمەڵێک کێشە و گرفتی دارایی گەورە بووەوە، بەڵام هەوڵەکانی یەکێتی و تیمەکەی لە حکومەت بەردەوام بوو بۆ دروستکردن و گەڕاندنەوەی سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و فەرمانگە و دامەزراوە فیدراڵییەکان لە شارەکەدا، خۆشبەخاتە ئێستا رێژەیەکی زۆری ئەو دامەزراوانە کراونەتەوە و خزمەت بە خەڵک و هاونیشتمانیانی پارێزگاکە دەکەن.
 لە کۆتا هەنگاودا، بە هەوڵی یەکێتی، بازنەی پارێزگای هەڵەبجە بۆ ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان لە سلێمانی جیاکرایەوە و سێ کورسی بۆ دانرا، سەردانی سەرۆکی یەکێتی، بۆ هەڵەبجە سەلمێنەری ئەو راستییەیە، کە هەڵەبجە بۆ یەکێتی گرنگییەکی تایبەتی هەیە  لە ئێستا و داهاتوودا، بۆیە هەموو ئەمانە، ئەوە دەسەلمێنن، یەکێتی و هەڵەبجە، دوانەیەکی پەیوەست و گرێدراون، هیوادارین جارێکی تر و لەم هەڵبژاردنەدا، ئەم پەیوەست بوونە نوێ بکرێتەوە.

وتارەکانی نوسەر