کڕین و فرۆشتنی کورسیی پەرلەمان

09:50 - 2024-10-09
هیوا محەمەد
791 خوێندراوەتەوە

هیوا محەمەد



گەمەیەک هەیە پێویستە هەموو کەس بیزانێت، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە هیچ حزبێک نین یان خۆیان یەکلایی نەکردۆتەوە یان تازە دەبنە 18 ساڵ و دەتوانن دەنگ بدەن، بۆ ئەوانەش کە بە خۆشباوەڕییەوە دەڕواننە بەڵێنە درۆکانی هەندێک کەس و لایەن، ئەویش بەدەستهێنانی کورسیی پەرلەمانە و دواتر فرۆشتنەوەیەتی.
هەندێک کەس و لایەن دێن خۆیان یان چەند کاندیدێک لە خۆیان دەخەنە روو و بەشدارییان پێدەکەن لە هەڵبژاردندا، لە بانگەشەدا دەکەونە تۆمەت بەخشینەوە و ئاوەژووکردنەوەی واقیعە تێپەڕیوەکە و ئایندەش لای خەڵک دەشێوێنن بۆ ئەوەی لەسەر حسابی ئەمە دەنگ بهێنن، کاتێکیش دەچنە پەرلەمان بەئاسانی کورسییەکەیان دەفرۆشنەوە بەو لایەنەی زۆرتریان دەداتێ.

 

ئەگەر دەتانەوێت دەسەڵاتی پارتی کەمبکەنەوە، دەنگ بە یەکێتی بدەن، نەک بەوانەی لە رێی دەنگی ئێوەوە، بە بەڵێنی درۆ و فریودان، کورسیی بەدەستبهێینن و دواتر بیفرۆشنەوە بە پارتی

 

پارتی ئێستا تەنها حزبە کە هەموو کەس و لایەن و حزبەکانی تر دەیانەوێت ئەو رەوتی حکومڕانییەی لەدەستی ئەواندایە بیگۆڕن
( بەڵام هەندێکیان تەنها بۆ گەورەکردنی قەوارەی خۆیانە و دەیانەوێت لە ئێستاوە پارتی، پارەکانیان بۆ بژمێرێت و نرخی هەر کورسییەکیان بۆ دابنێت، چونکە چەندە توند بن بەرامبەر بە پارتی، نرخیان زیاتر دەچێتەسەر). 
پارتی ئێستا لە هەوڵی خستنەگەڕی پلانی کڕینی ئەو کاندیدانەدایە کە دەردەچن و دەنگی پێویست دێنن. 
بۆ ئەمەش پارەیەکی زۆری خەزنکراوی لە پاشەکەوتی مووچە و زۆر رێگەی تر، کە دەستی کەوتووە و چەند ساڵێکە بیانوو بە بەغدا دەگرێت و دواکەوتن و نەبوونی مووچەی خستۆتە ملی بەغدا، بەڵام دەرکەوت کە تا ئێستاش لەلایەن سەرۆکی حکومەتی کاربەرێکەر و وەزارەتی داراییەوە، دەیان هەزار کەس لە لیستی مووچەدا هەبوون و پارەکانیان وەرگیراوە بێ ئەوەی هەبن، ئێستا پارتی ئەو پارانە بەکاردەهێنێت و دەچێتە بازاڕی مامەڵەوە لەگەڵ ئەو کاندیدە ناسیاسی و قومارچییانەوە کە دەنگ دەهێنن و بڕە پارەکان دەخاتە بەردەستیان تا بتوانێت زۆرینەی ناو پەرلەمان بەدەست بهێنێت، هەر وەک لە رابردوودا لە بەغدا بینیمان.

چۆن رێگریی لێبکەین؟
ئەگەر دەتانەوێت دەسەڵاتی پارتی کەمبکەنەوە، دەنگ بە یەکێتی بدەن، نەک بەوانەی لە رێی دەنگی ئێوەوە، بە بەڵێنی درۆ و فریودان، کورسیی بەدەستبهێینن تا دواتر بە ملیۆنان دۆلار بیفرۆشنەوە بە پارتی. 
پێویستە خەڵکی دڵسۆز بەم وڵاتە و ئەوانەی دەیانەوێت بەراستی گۆرانکاریی لە خزمەتی خەڵک بێتەدی، دەنگ بدەن بەو لیستەی ١٢٩ ی یەکێتی تا بتوانێت وەک حزب گۆرانکاریی بێنێتەدی نەک وەک تاک و گروپ کە دڵنیان هێندە دەنگ ناهێنن تا ببنە رەقەم و کاریگەرییان هەبێت لەسەر گۆڕینی رەوتی حکومەتی تاکڕەو.
دەنگدان بە کاندیدەکانی یەکێتی، رێگە لە دەرچوونی ئەو کاندیدانەش دەگرێت کە هەڵپەیانە بۆ دەرچوون، تا هەرچی زۆرتر پارە بەدەستبێنن بۆ فرۆشتنی کورسییەکەیان.
رێگرییکردن لێیان، هەم دەستی پارتی کورت دەکاتەوە لە حکومرانیی تاکڕەودا، هەمیش دیاردەی کورسی و ویژدان فرۆشتن ناهێڵێت و مەرامەکانیان لە گۆڕ دەنێت کە ئەمە دیاردەیەکی ناشیرینە و کاریگەریی خراپی دەبێت بۆ سەر رەوشی سیاسیی کۆمەڵگەکەمان و ئایندەی نەوەکانمان.

وتارەکانی نوسەر