هەڤاڵان؛ وەرن بۆ سەرام

05:36 - 2024-10-12
عیماد ئەحمەد
260 خوێندراوەتەوە

عیماد ئەحمەد

زۆرمان نەماوە بۆ گەیشتن بە رۆژی دەنگدان 20 / 10 / 2024. ئاشکرایە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و سندوقەکانی دەنگدان سەنگ و قورسایی لایەنە سیاسییەکانی سەر گۆرەپانەکە و شێوازی نوێی حکومڕانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەخات. 

کورد وتەنی ئەمجارە مانگەشەو سەر لە ئێوارەوە دیارە، پشت بەخوا چاوەڕوانکراوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنێت، بەجۆرێک دۆستەکان دڵخۆش و نەیارەکانی توشی شۆک بکات. بەمەش یەکەمین چرکەساتی گۆڕینی سیستمی دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان دەبینن.
 پشتیوانی ئەمجارەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ئیرادەی پۆڵاینی یەکێتییەکان وادەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەوڵی یەکلاکەرەوە بدات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسی و داراییەکانی هەرێم کە لە سۆنگەی حوکمڕانیی خراپ و خۆسەپێنەوە رووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە، بەمەش وا چاوەڕواندەکرێت جارێکی دیکە لە سەردەستی یەکێتی، هەرێمی کوردستان بۆ کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و دادپەروەری و  بەردەوامیی دیموکراسیی بڕوات.

یەکێتیی نیشتمانی لە رۆژی دامەزراندنییەوە تاکو رۆژگاری ئەمڕۆ وەکو داربەڕوویەکی پتەو کە رەگی داکوتاوە لەسەر شاخەکانی کوردستان، وەکو دارخورما کە لە ناوچەی گەرمەسێردا، راست و باڵا بەرز، سێبەر و بەرهەمی خەباتی پیرۆز و شیرینی خۆی بۆ هەموان دابین دەکات.
بەندە رۆژانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەم وەرزە دیموکراسییە، وەک وەرزی پێگەیشتنی خورما وەک ساتەوەختی (سەرام) و (زگاری) باخەکانی خانەقی و گەڕەکی جەلەوە و دنیا تایبەتەکەی خۆم دەبینم، وەکو کەرنەڤاڵی نیشتمانیی دەیبینم کە پێکەوە بە هۆشیاریی نیشتیمانی و بە خۆشەویستیی یەکێتی و بۆ سەرکەوتنی کوردستان ئەنجامی دەدەین. 
هیوادارین ئەم کەرنەڤاڵە دیموکراسی و ئەم پڕۆسە سیاسییە گرنگە بەبێ کێشە و کەموکوڕی بەرێوەبچێت و هۆکارێک بێت بۆ ئەوەی هەرێمەکەمان لە مەترسی و پیلانگێریی رزگار بکات و متمانەی خەڵکی کوردستانیش بۆ نوێنەر و قەوارە سیاسییە راستەقینەکانی بگەڕێنێتەوە.

هەڤاڵانم ...وەرن بۆ سەرام، وەرن وا، وادەی لێکردنەوە و تەکاندنی خۆشە خورمای دارخورماکانە. وەرن بۆ زگار و هەرەوەرزی خورمای دیموکراسی حزبەکەتان. وەرن بۆ کۆکردنەوەی خورمای هەڵڕژاوی دەنگەکانی ژێر دارخورماکانی یەکێتییەکەتان، کە بە فکر و تێکۆشانی سەرۆکی رەوانشاد مام جەلال و بەخوێنی شەهیدان و رەنج و ئارەقەی تێکۆشەران و کۆششی ئێستای گەنجان و ژنان و زۆرینەی خەڵکی کوردستان ئاودراوە. 
هەڤاڵان ..، هیمەت بکەن، ئێستا وادەی سەرام و زگاری و چنینەوەی بەرهەمی پڕ خێر و بەرەکەتی خەباتی راست و رەوای یەکێتیی نشتمانیی کوردستانە بۆ هەموان.

یەکێتیی نشتمانیی کوردستان لە خەباتی دوور و درێژی پڕ لە شانازیی شاخ و شاری خۆیدا، هەوراز و نشێوی زۆری بینیوە بەڵام  سوپاس بۆ خودا، کە بەردەوام دەرفەتی پێدراوەتەوە سەربەرزانە درێژە بە خەباتی نەپساوەی خۆی بدات، لەپێناوی هێنانەدی ئامانجە باڵاکانی گەلی کوردستان.

بێگومان لەم پڕۆسە و دەورانەشدا دڵنیاین، بەهیمەتی شێلگیرانەی یەکێتییەکان و پشت ئەستور بە رێبازی راست و دروستی مام جەلال و پشتیوانیی کۆمەڵانی خەڵک، یەکێتیی دەتوانێت مەڵۆیەکی دیکەی مایەی هیوا بخاتە سەر خەرمانی خزمەت و چاکسازیی و بنیاتنانی حوکمڕانیی رەشید لە کوردستاندا.

هەڤاڵان ... وەرن بۆ نێو ریزەکانی یەکێتی وەرن بۆ سەرام، ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە، چونکە بێ دوو دڵی لەگەڵ یەکەمین چرکەساتەکانی سەرکەوتندا و دوای دەرکەوتنی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمجارە، یەکێتی هەڵسەنگاندنێکی واقیعی و زانستی بۆ گشت دامودەزگاکانی خۆی دەکات و رێسای رەوای پاداشت و سزاش دەخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و خەڵکی دڵسۆز و بەوەفا و ماندونەناس لەگەڵ خەڵکی مشەخۆر و بێباک ناخاتە یەک تای تەرازوو، بەمەش یەکێتی زیاتر خۆی نوێدەکاتەوە و دەرفەتی دەبێت کەسانی شیاو لە شوێنی شیاو دابنێت و وەک هێزی هیوا بەردەوامیی بە خەباتی راست و رەوای خۆی دەدات لە پێناوی ئێستایەکی باشتر بۆ  گەل و داهاتوویەکی شایستەتر بۆ  نیشتمان.

وتارەکانی نوسەر