هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، وەکو هەموو وڵاتانی جیهان دوای هەڵبژاردن ئیتر نۆرەی دەستپێکردنی گفتوگۆکانە بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بۆ ئەو هەرێم و وڵاتانەی هیچ هێزێکی سیاسی بەتەنها توانای پێکهێنانی حکومەتی نەبێت و ناچار بێت بەوەی لەگەڵ هێزەکانی دیکە یان لانیکەم هێزێک، بکەوێتە دانوستانەوە بۆ ئەوەی پێکەوە حکومەتێکی هاوبەش پێکبهێنن.
پێویستە هێزی سیاسیی کوردستانی پاراستن و بەرەوپێشبردنی هەرێـم بکاتە ئەولەویەتی ستراتیژ و سیاسەت و جیهانبینیی خۆی
ئێستا هەرێمی کوردستان پێدەنێتە بارودۆخێکەوە کە پێویستی بە حکومەتێکی نوێ دەبێت، بۆ ئەوەی بەڵێنەکانی هەڵبژاردن بکەنە بەرنامەی کاری حکومەت و خزمەتی هاووڵاتییانی پێبکەن، ئەوە هەم ئاسانە و هەم قورسە.
ئاسانە بۆ هێزی بەرپرسیار بەرامبەر خەڵک و خاک و خزمەتکردنی هاووڵاتییان، قورسیشە، ئەگەر ئیرادەی نیشتمانی زاڵ نەبێت بەسەر بەرژەوەندییە حزبی و تەسکەکان و هەر حزبە و بۆ لای خۆی چمکی بەڕەی بەرژەوەندیی رابکێشێت، جا لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان بەرگەی کێشمەکێشی زۆر ناگرێت، بۆیە باشترە هێزەکان بەرپرسیارانە بجووڵێنەوە و هەرچی زووترە حکومەتی نوێ پێکبهێنن.
هەرێمی کوردستان بارودۆخەکەی جیاوازە لە هەر شوێنێکی دیکە، قەیرانی زۆری ناوخۆیی هەیە، مەترسیی گەورەشی لەسەرە، هاووڵاتییانیشی چاوەڕوانی چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوە چەند ساڵەییەکانن و دەیانەوێت ئیتر تامی پشووی دوای قەیرانی دارایی و سیاسی بکەن و وەکو هەر مرۆڤێکی ئاسایی بەختەوەرانە بژین و دەسەڵاتیش خزمەتی پێویستیان بکات.
ناکرێت هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان تەنها باڵانسی دەنگیان بکرێتە پێوەر بۆ پێکهێنانی حکومەت، بەڵکو دەبێت کۆک بن لەسەر ئەوەی (حکومەتی هاووڵاتی) دروستبکەن و ئەوەی ویستی خزمەتی هەیە و ئیرادەی کۆڵنەدانی بۆ پاراستنی کوردستان هەیە بەشداری پێبکەن، لەگەڵ ئەوەشدا باکگراوندی مێژوویی هێزی سیاسی و کەسایەتیی کاریگەر لە کۆمەڵگەدا گرنگن بۆ ئەوەی وەکو پێوەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
هەرێمی کوردستان یەکەم دەسەڵاتی خۆیی تەمەن درێژە لە مێژوودا و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستانی گەورە، بەشی هەموو کوردێکی تێدایە و هەر کوردێکی دڵسۆز خۆی بە خاوەنی دەزانێت، هێزی بەرپرسیار دەبێت رەچاوی ئەوە بکات کە پێشخستن و پاراستنی هەرێمی کوردستان لەسەرووی هەموو شتێکەوەیە، راستە حزب بۆ ئەوە خەبات دەکات کە حوکمڕان بێت و بەسەر رکابەرەکانیدا سەرکەوێ و مێژوو بۆ خۆی بنووسێتەوە، بەڵام ئەو ئامانج و پێوەرە بۆ هەرێمی کوردستان تەواو راست نییە، چونکە ئەزموونی کوردستان دەورەدراوە بە مەترسیی گەورە و پێویستە هێزی سیاسیی کوردستانی پاراستن و بەرەوپێشبردنی هەرێـم بکاتە ئەولەویەتی ستراتیژ و سیاسەت و جیهانبینیی خۆی.