رەهەندی کوشندەی بیرە نەرێنییەکان

10:07 - 2024-10-28
مەحمود شێرزاد
177 خوێندراوەتەوە

مەحمود شێرزاد


کاتی خۆی (بودا) گوتوویەتی: (ئەگەر کەسێک لە خۆیدا رق و کین و ئیرەیی و...هتد پەروەردە بکات، وەک ئەو کەسە وایە بە مەبەستی کوشتنی کەسێکیتر، خۆی ژەهرەکە بخواتەوە). یانی کاتێ ئێمە رقمان لە کەسێکی ترە، یان ئیرەیی پێدەبەین و حەز دەکەین شکست بخوا و...هتد، لە راستیدا ئەو کەسە بە هەستە نەرێنییەکەی ئێمە هیچی بەسەر نایە، بەڵام خۆمان زۆر شتمان بەسەر دێ، بۆ نموونە هەموو وزەکەمان بەو کارە دەسووتێ، تواناکانمان لاواز دەبن و بەلارێدا دەڕۆن و لە ژیان و کاروچالاکییەکانماندا یان شکست دەخۆین، یان سەرکەوتنێکی ئەوتۆ بەدەست ناهێنین. هەروەها لەڕووی جەستەیی و زەینییەوە تووشی لاوازیی و نەخۆشیی جۆراوجۆر دەبین.
بە گوێرەی لێکۆڵینەوەکانی زاناکانی زۆربەی زانکۆکانی جیهان، بۆ نموونە زانکۆی (ئایۆوا) هەستە نەرێنییەکانی وەک تووڕەبوون و ئیرەیی و رق و کین، نە تەنیا دەبنە هۆی دابەزاندنی توانای بەرگریی لەش و کەسەکە لەڕووی جەستەییەوە تووشی نەخۆشی دەبێ و زووتر دەمرێ، تەنانەت (DNA) کەسەکە زەربەی بەردەکەوێ، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووشی نەخۆشییەکانی وەک (MS) و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و ژانەسەر و...هتد ببێت. هەر بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانە، کاتێ کەسێک بە هۆی رق و کین و ئیرەیی و روانگەیەکی دیاریکراوی خۆیەوە تووڕە دەبێ، بۆ نموونە رێژەی هۆڕمۆنی (ئەدرنالین) و (کۆرتیزۆل) و (تستۆسترۆن) و...هتد لە خوێندا ئەوەندە بەرز دەبێتەوە، کیمیای خوێن دەگۆڕێ بۆ ژەهرێکی کوشندە، بۆیە بە گوێرەی ئەو لێکۆڵینەوانە ئەگەر خوێنی کەسێکی تووڕە، لەو کاتەدا کە تووڕەیە، بە دەرزی لە ئاژەڵێکی تر بدرێ، ئەگەری زۆرە ئاژەڵەکە بکوژێت.
مرۆڤ بە پەروەردەکردنی ناگایانەی بیرکردنەوە و هەستە نەرێنییەکان لە خۆیدا، لەهەموو روویەکەوە زەربەیەکی کوشندە لە خۆی دەدات، کەواتە باشتر وایە مرۆڤ ژیر و بە ئاگا بێ، بیر بکاتەوە، لە هەستە نەرێنییەکان و کاریگەریی ئەو هەستانە لەسەر خۆی بەئاگا بێ، بە خۆی بڵێ من بۆ بە دەستی خۆم، خۆم لاواز و نەخۆش بخەم؟ من ئەگەر ئیرەیی بە کەسێکی تر بەرم یان رقم لە کەسێکی تر بێ، بەو کارە جگە لە خۆم، کێ زەرەر دەکات؟
بیرکردنەوە و دنیابینی نەرێنی، سەرچاوەی هەستە نەرێنییەکانن، هەستە نەرێنییەکانیش سەرچاوەی جەستەیەکی نەخۆش و زەینێکی نائارام و دەروونێکی خەمۆک و رەشبینن. زانستی یۆگا رێگەچارەی زۆر کاریگەر و ئاسانی بۆ گۆڕینی بیر و دنیابینی نەرێنی بۆ ئەرێنی داناوە، یەکێک لە رێگاکان ئەوەیە کەسەکە هەوڵبدا چاوەدێری بیرکردنەوە و دنیابینییەکانی بکات، ئەگەر نەرێنی بوون، لە نەرێنیبوونەکەیان بەئاگا بێ، تەنیا لێیان بەئاگا بێ، یانی لەو ساتەدا بزانێت بیرکردنەوە و دنیابینییەکەی نەرێنییە. لە یۆگادا بەو حاڵەتە دەڵێن بینەربوون، تەنیا بینەر بی و بە باش و بە خراپ لێکدانەوە بۆ حاڵەتەکان نەکەی، بینەربوونی رووت توانای ئەوەی هەیە بیرکردنەوە و دنیابینی و هەستە نەرێنییەکان بۆ ئەرێنی بگۆڕێ، چونکە ئەوە بابەتێکی زانستییە، کاتێ ئێمە سەیری شتێک دەکەین، جەوهەری ئەو شتە گۆڕانی بەسەردا دێ. کاتێ دەبینە بینەری بیر و دنیابینی و هەستە نەرێنییەکانی خۆمان، ئەوان بە پێچەوانەوە دەگەڕێنەوە بۆ سەرچاوە و لەوێدا کۆتاییان پێدێ، بۆیە کەسەکە بە خێرایی ئارام دەبێتەوە، کەواتە تاقی بکەرەوە، ئەگەر بیرێکی نەرێنی، ئەگەر تووڕەبوونێک و...هتدت بۆ هات، هیچ مەکە، تەنیا لێی بەئاگا بەو بیبینە، هەموو جارێ لەو کاتانەدا ئەو کارە بکە، بە زوویی شتێک لە جەنابتدا روودەدات، لە خۆشیان شاگەشکە دەبیت.

وتارەکانی نوسەر