هیوا محەمەد
لە بناری گۆیژە دیتم، دوو کەس چەند سەگێک لێیان کۆببووەوە، هەندێکیان یارییان لەگەڵ کەسەکان دەکرد و هەندێکیشیان ئەو خواردنەیان دەخوارد کە بۆیان هێنابوون، یەکێک لەوان خەریکی ئاوتێکردنی گۆزەیەکی لە سەرەوە تا خوارەوە بە نیوەیی هەڵدڕاو بوو، سەگەکانیش لە تینوێتیدا لایەکیان لەسەر پاشماوەی مریشکەکان بوو لایەکیشیان لەسەر ئاوەکە بوو دیار بوو پێیان وابوو ئاو نامێنێ تا ئەمان خواردن دەخۆن.
ئاژەڵ دۆستی
چەند ساتێک روانیم لێیان، ئەوەی سەرنجی راکێشام یەکێک لەوان بە دەرزییەکەوە (سرنج) دوای سەگێکیان کەوتبوو، زۆری هێنا و برد تا توانی بیگرێت و سرنجەکەی کرد بە پەنا ملیدا. هاوڕێیەکم لەگەڵ بوو هەر دەیووت وازیان لێبێنە و سەیریان مەکە، خۆم بۆ نەگیرا چوومە لایان و سڵاوم لێکردن.
وتم: ئێوە خەریکی چین؟ یەکێکیان بە پەلە وتی، بۆ پرسیار دەکەیت؟ وتم: بمبوورن مەبەستم خراپ نییە و لێتان ناکۆڵمەوە و دەست ناخەمە کارەکەتانەوە، بەڵام هەر حەز دەکەم بزانم ئەوەی ئێوە دەیکەن چییە؟ ئێوە سەر بە رێکخراوێکن؟ کارمەندی ڤێتێرنەرین؟ ئەوی تریان وتی: نەخێر ئێمە ئاژەڵ دۆستین و خۆبەخشانە رۆژانە خواردن و ئاو دەدەین بەم سەگانە، وتم ئەی ئەو دەرزییە چی بوو کردت بە پەنا ملی سەگەکەدا؟ وتی: ئەوە نەخۆشە و عیلاجی هەیە دەبێت چەند رۆژێک ئەو دەرزییەی لێبدەم.
زۆریی سەگی بێخاوەن
کەوتینە باسی ئەوەی کە سەگی بێخاوەن لەم شارەدا زۆرن، ئەوان خێرا خستیانە ئەستۆی حکومەت و وتیان ناتوانن چارەسەری ئەمانە بکەن و کەمتەرخەمن.
وتم ئەرکی حکومەت نییە، بەڵکو کۆمەڵگەی ئێمە پابەندی ئایینە، لە ئایینی ئیسلامیشدا (سەگ بەخێو ناکرێت و گڵاوە)، هەربۆیە خەڵک بە گشتیی سەگەکان ناگرنە خۆیان و ئەوانیش کە بێخاوەنن زاوزێ دەکەن و تابێت زۆرتر دەبن.
یەکێکیان وتی: ئەی بۆچی لە ئەوروپا وانییە و سەگی بێخاوەن نییە؟ وتم لەوێ پابەندی ئەو بابەتە ئایینییە نین و ئەوان سەگ بە ئەندامی خێزان دەزانن و لە ماڵەوە زۆربەیان هەیانە، ئیتر لەبەر ئەمە سەگ نییە پێی بڵێن بێخاوەن، ئەگەر هەبێت و ون بووبێت و خاوەنی دیار نەبێت، یان بمرێت و کەسی نەبێت، لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت دەیگرێت و لە شوێنی تایبەت کە پێیدەڵێن پەناگە بەخێوی دەکەن تا خۆی لەناو دەچێت، ئەگەر هاریش بێت و نائاسایی بێت ئەوا دەیکوژن.
سەرچاوەیەکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی
لە درێژەی قسەکانمدا وتم، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە بەو چین و تایلەند و ڤێتنام و ئەو وڵاتانەی کە سەگ دەخۆن بڵێن بێن بە خۆڕایی کۆیان کەنەوە و بیان بەن بۆ خۆیان، ئیتر سەگی تیا نامێنێت، ئەوان ئەگەر ئەمە بکەن، ئیتر یەک دانە سەگی بێلانە و بێ خاوەن نامێنێت کە زیانی زۆریان بۆ پیسبوونی ژینگە هەیە و سەرچاوەیەکیشن بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.
یان دەتوانن لێرە ئەو پرۆسەیە بکەن و گۆشتەکانیان بەرنەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بۆئەوەی زۆر لە سەریان نەکەوێت، هەرچەندە نەریت و ئادابی کوردەواری و ئایینی خۆرهەڵاتی، رێگەیان پێ نادات ئەو کارە لەسەر خاکی ئێمە بکەن، واتا سەریانبڕن.
یەکێکیان داچڵەکی وتی، جا ئەوە کەی پێشنیازە؟ ئەوە کەی ئاژەڵ دۆستییە؟ ئێمە خزمەتیان دەکەین تۆ دەتەوێت بیانبەن سەریان ببڕن و بیانخۆن؟
وتم ئەی سەربڕینی ئەم هەموو ئاژەڵەی کە ئێمە وەک مانگا و گا و مەڕ و بزن و ئاسک، دەیانخۆین ئاژەڵ دۆستییە؟ جیاوازی ئەوەی ئێمە و ئەوان تەنها ئەوەیە کە ئێمە وەک نەریت، گۆشتی سەگ ناخۆین ئەوان دەیخۆن! هەر وەک ئەوەی زۆربەی جیهان گۆشتی بەراز دەخۆن، بەڵام لای ئێمە حەرامە!.
زۆریی سەگی بێخاوەن لەسەر شەقام و ناو کۆڵانەکاندا