رایت مێلز و خەیاڵیی‌ سۆسیۆلۆجی

11:03 - 2024-10-29
د. عومەر عەلی ئەحمەد
139 خوێندراوەتەوە

رایت مێلز جیاوازە لە کۆمەڵناسەکانی‌ پێشخۆی، چونکە پێی وایە نوخبەی ئەکادیمی لە کۆمەڵگەدا، ئەرکێکی ئەخلاقیی لەسەرە 

کۆمەڵناسیی نوێ دەگەڕێتەوە بۆ رەخنە کۆمەڵایەتییەکانی‌ کۆمەڵناسیی ئەمریکی‌(رایت مێلز)، کۆمەڵناسیی نوێ زیندووکردنەوەی کۆمەڵگەیە. لەگەڵ ئەوەشدا تایبەتمەندییە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵناسیی نوێ ئەوەیە، کە پێویستە کۆمەڵناس، مێژوو لە خۆبگرێت و رێبازێکی گشتگیر بگرێتەبەر، هاوکات پێویستە کۆمەڵناس، خەمی پرسە کۆمەڵایەتییە جەوهەرییەکانی‌ هەبێت و نابێت کۆمەڵناسی مامەڵە لەگەڵ بونیاتی‌ کۆمەڵایەتیی ئایدیالیستی‌ بکات، کە نەچێتە چوارچێوەی‌ رەخنەگرتنەوە و دواجار پێویستە کۆمەڵناس خەیاڵی‌ سۆسیۆلۆجی هەبێت.
هەندێک لە شرۆڤەکاران کۆمەڵناسیی نوێ وەک فۆرمێک لە نیومارکسیزم و هەندێکی تریش بە پێچەوانەوە تەماشی‌ دەکەن، بەڵام بەزۆری بە کۆمەڵناسیی رادیکاڵ ناوزەندی‌ دەکەن. لە بنەڕەتدا رێبازەکە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە نەزۆکی بونیادی‌ ئەرکگەرایی لە ساڵانی 1950دا پەرەیسەند و داوای گەڕانەوەی کۆمەڵناسی دەکرد، بۆ دیدگایەکی‌ فراوانتر و پڕداهێنان لە دیدگا کۆنەکەی‌ دامەزرێنەرەکانی‌. هەربۆیە کۆمەڵناسیی نوێ ئەرکی وەرگرتنەوە و زیندووکردنەوەی رووخساری کۆمەڵایەتیی گشتییە بۆ کۆمەڵناسی، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ داڕشتنی (کۆمەڵگەیەکیی دیموکراسی).
کۆمەڵناسیی نوێ رەخنە لە کۆمەڵناسیی کۆن دەگرێت و بەوە تاوانباری دەکات کە شکستی هێناوە لە بەرپرسیارێتی خۆی بەرامبەر بە پاراستنی کۆمەڵگەیەکیی دیموکراسی کە تێیدا (راستی و دادپەروەری) بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک بنەمای‌ گفتوگۆی‌ ئازاد لەخۆ ناگرێت. هاوکات لەو باوەڕەدایە کۆمەڵناسیی کۆن، پابەندە بە بەها کۆمەڵایەتییە بۆرجوازییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی، ئەقڵانییەتی ئامرازی، تەکنۆکراتی، ئاسوودەیی و پارە. لە بەرامبەردا کۆمەڵناسیی نوێ ئەرکی ئەوە بۆ خۆی دادەنێت، کە کۆمەڵناسییەکی‌ گشتی بێت، کە پابەندە بە بەها کلاسیکییەکانی هاووڵاتیبوون، ئازادی، کەرامەتی مرۆڤ، دیموکراسی و فەزیلەتی ئەخلاقی.
رایت مێلز جیاوازە لە کۆمەڵناسەکانی‌ پێشخۆی، چونکە پێی وایە نوخبەی ئەکادیمی لە کۆمەڵگەدا، ئەرکێکی ئەخلاقیی لەسەرە کە چاندنی بەهاکانە لە ناو جەماوەردا و پێشەوایەتی‌ ئەو رێگایە دەکات، کە کۆمەڵگە دەباتە دۆخێکی‌ باشترەوە، هەربۆیە مێلز لە ماوەی ژیانیدا هەڵوێستێکی گرتەبەر، کە رەنگە بە لیبڕالیی میللی‌ وەسف بکرێت نەک سۆشیالیستی. لەم سۆنگەوە لە ناو رۆشنبیرانی ئەمریکیدا ناوی مێلز بوو بە ھیمای سەربەخۆیی ئازایەتی‌.
کۆمەڵناسیی نوێ، کۆمەڵناسیی کۆن تاوانبار دەکات کە دانا و بەرپرسیار نەبووە لە توانا داهێنەرانەکەی بۆ بیناکردنی‌ کۆمەڵگە، چونکە لە ئاڕاستەکردنی‌ چالاکییەکانیدا بەدوای بەها گشتییەکاندا نەگەڕاوە. هەروەها بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەشداریی کردووە لە داڕشتنی جەماوەرێکی‌ بۆرجوازی. هۆکاری‌ ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ پابەندبوونی‌ بە تیۆرە گشتییەکان کە کۆمەڵگەی‌ پێدەخوێندەوە، لەگەڵ ئەو میتۆدە یەکگرتووەی‌ لە میتۆدۆلۆجیای‌ زانستییدا پەیڕەوی‌ دەکرد.
سەبارەت بە دەستەواژەی خەیاڵی سۆسیۆلۆجی، رایت مێلز وەک چوارچێوەیەکی وێنەیی و ئامرازێکی شیکاری پێناسەی کردووە بۆئەوەی بونیادی‌ کۆمەڵایەتی وەک راستییەکی مێژوویی سەربەخۆ هەست پێبکات، کە دەتوانرێت بەسەر کۆمەڵێک وردە سیستەمدا دابەشبکرێت و لە پەیوەندییدا بە بونیادی‌ توێژینەوەی‌ گشتگیر لێکۆڵینەوەی‌ لەسەر بکرێت. دەتوانین بڵێین توێژەری کۆمەڵناسی بەشێکە لەو کۆمەڵگەیەی کە لێی دەکۆڵێتەوە و لێکۆڵینەوەکانی لەم روانگەیەوە، پێویستی بە خەیاڵی سۆسیۆلۆجی هەیە بۆئەوەی لە رێگەی بارودۆخە کۆمەڵایەتییەکانی دەوروبەرییەوە تێبگات، کە هەموو مرۆڤێک دەبێت خاوەنی ئەم ئامرازە بێت و تایبەتمەند بێت بۆئەوەی بەسەر ئاستەنگی هۆشیاری ساختەدا زاڵ بێت، کە رەنگە هەرکەس لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی خۆیدا بکەوێتە ناویەوە. 
گرنگی خەیاڵی سۆسیۆلۆجی، بە بڕوای رایت میڵز، لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کە بۆتە یەکێک لەو شێوازە گرنگانەی کە زانایان پەنای بۆ دەبەن، چونکە توانای تێگەیشتنی‌ لە مرۆڤەکان لەناو کۆمەڵگەدا هەیە. هاوکات  یارمەتی توێژەر دەدات لەو واقیعە راستەقینەیە تێبگات، کە لێی دەکۆڵێتەوە و وامان لێدەکات ئاشنابین بە مێژوو و پرۆسەی ژیان و رادەی ئەو پەیوەندییەی کە هەریەکەمان بەیەکەوە دەبەستێتەوە. هەربۆیە دەتوانین بڵێین بە تەنها بۆ توێژەران نییە، بەڵکو چەکێکە کە خەڵکی گشتی بەکاریدەهێنن بۆئەوەی بتوانن کەسایەتی خۆیان وەک بەشێک لە چینێکی کۆمەڵایەتی بدۆزنەوە  بە مەبەستی گەیشتن بە گۆڕانکاری، لێرەوە خەیاڵ لە ئامرازێکی شیکارییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێک، کە ئەقڵ لە بڕیاردانی دروستدا سەبارەت بە ژیانی مرۆڤ بەکاری دەهێنێت، هەروەها یارمەتی‌ تاکی‌ داوە تاوەکو هۆشیاری ڕاستەقینەی خۆی پێکبهێنێت.
مێلز پێی وایە کە بنچینەی کۆمەڵناسی دەبێت بانگەشەی‌ گۆڕانی کۆمەڵایەتی بێت، ئەمەش وایلێکرد چەمکی ئەزموونگەرایی ئەبستراکت رەت بکاتەوە و بە بڕوای‌ ئەو، ئەم گۆڕانکارییە لە رێگەی توخمێکی چارەنووسسازەوە بەدەست دێت، کە بریتییە لە کۆزانین. کەواتە بۆچوونەکانی مێلز هەوڵێک بوو بۆئەوەی لەو قەیرانە ئەکادیمییە دەربچن کە زانستەکە و زاناکانی‌ تێی کەوتبوون.
*توێژەر و مامۆستای زانکۆ

وتارەکانی نوسەر