عیماد ئەحمەد
ئەمجارە بانگەشە و پڕۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بە بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی رابردوو، جیاواز بوو، بەتایبەتی کە بینیمان بانگەشەکە گەرموگوڕ و رێژەی بەشدارییش زۆر زیاتر بوو لە خولەکانی پێشوو، ھەروەک چۆن پرۆسەکەش بە کەمترین کەموکووڕی کۆتاییهات.
ئەمجارەیان پەیتا پەیتا بە شەوق و تاسەوە خەڵکی خانەقی بەگشتی و جەلەوە بەتایبەتی، خەڵکی گەڕەکە دڵڕفێنەکەی شارە بەھەشتییەکەی من لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدابوون لەگەڵم، لە دۆخی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دەپرسی، چ دۆخی ناوخۆیی یان قورسایی دەنگ و ئەگەرەکانی سەرکەوتنی لەناو کێشمەکێشی ئەم خولەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا.
دیسان کێبڕکێکە توندتر بۆتەوە لە نێوان لایەنگرانی زەرد و سەوزدا و زۆربەی خەڵکیش دابەشبوون بەسەر ئەم دوو بەرە جیاوازەدا
دەنگیان نەدا بەڵام دڵیان پێداین
ئەمان کە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافییەوە نەیانتوانی پەنجەمژەی خۆیان شینبکەن و بەشداربن لە کەرنەڤاڵی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی نەگۆڕیان بەردەوام بیر و هۆشیان لای کوردستان و یەکێتی بوو، بۆیە لەهەر پەیوەندییەکیاندا، لە هەڵوێست دەربرینیاندا بارانی وەفا و دڵسۆزییان دەباراند و خۆری ھیوایان لە قووڵایی ناخماندا پڕشنگدارتر دەکرد.
پشتیوانیی دەستەجەمعیی خەڵکی خانەقی بۆ یەکێتی، گوڵی یادەوەریی رۆژگاری سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردووی لە ناو ئینجانەی دەروونمدا رسکاندەوە، گەڕاندمییەوە بۆ ئەو ساتانەی کە زۆرجار تیایدا لاوان و گەنجان دابەش دەبوون بەسەر دوو بەرەدا:
بەرەیەک، حەزیان لە فیلمی کاوبۆی و تەقوتۆق و جەنگ و ململانێی توندوتیژ بوو، پاڵەوانی دڵخوازی ئەوان، کاری کۆپەر و جۆن واین و ئەستیف و پرت لانگستەر بوو.
بەرەکەی تر، حەزیان لە فیلمی سۆزداری و خۆشەوستی و دڵداری بوو ئەوەی لە خانەقین (پێیان دەوت عەشقبازیی)، پاڵەوانی دڵخوازی ئەو بەرەیەش، راج کابۆر و شامی کابۆر و دلیب کۆمار و دارا مندەر بوون.
بەندە بە حوکمی زۆر شت لە بەرەی یەکەم و لایەنگری پرت لانگستەر بووم!.
ئەگەرچی لەم ھەڵبژاردنەدا پێچەوانەی حەفتاکان، خانەقی یەک بەرە بوو ئەویش بەرەی یەکێتی بوو، بەڵام بانگەشەکە لەسەر ئاستی کوردستان زیاتر کێبرکێی نێوان دوو بەرە بوو، بەرەی سەوز و بەرەی زەرد، بەجۆرێک دەتوانین بڵێین جەنگە دیموکراسییەکە بەزەقی لە نێوان دوو رەنگی (سەوز و زەرد)دا بوو، باقی رەنگەکانی دیکە تا رادەیەک لە پەراوێزی تابلۆی ململانێی بانگەشەکەدا بوون.
ئەوکات یەک بەرەی کوردی هەبوو
لەرۆژگاری سەرەتای حەفتاکانی سەدەی رابردوودا کە کورد تەنها یەک حزبی ھەبوو لە خانەقی، دوو بەرە هەبوون:
بەرەیەک، کوردایەتی و بەرفراوان و خاوەن رەنگی زەرد بوو.
بەرەیەکی تر، بەرەی داگیرکەران بوو کە بەرەیەکی نامۆ و قێزەوەن و فاشستی بوو.
زۆر جار لە هاویناندا ئێمەی گەنجان و هەرزەکاران دەچووین بۆ شوێنی دۆندرمەخواردنی (حەکیم)، برای حاکم ئیبراهیمی کادری دیاری یەکێتی، لەوێ بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆمانی پیشان بدەین دۆندرمەی زەردمان داوا دەکرد و بە دەنگی بەرز هاوارمان دەکرد زەردمان بۆ بێنە. ئەگەرچی دوندرمەی زەرد تامی ترش بوو، هەندێکمان ھەر حەزمان لە تامی ترشیش نەبوو، بەڵام بە عەقڵی ئەوسامان، ئەمە جۆرێک لە کوردایەتی و تەحەدا و هەڵوێست دەربرین بوو بەرامبەر حزبی بەعس!
ئێستا دوای زیاتر لە 50 ساڵ لە ململانێی سیاسی لە کوردستانی باشووردا، رووخسارەکەی گۆڕاوە، بەتایبەتی دوای راپەڕین و سەردەمی ئازادی و فرەحزبی، بەڵام دیسان کێبڕکێکە توندتر بۆتەوە لە نێوان لایەنگرانی زەرد و سەوزدا و زۆربەی خەڵکیش دابەشبوون بەسەر ئەم دوو بەرە جیاوازەی کوردایەتیدا.
ئەمجارە و لەم دۆخە نوێیەی ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی ھەرێمدا، شارەکەم و گەڕەکەکەم سەوزپۆش و بێ دوو دڵی لایەنگری راستەقینەی یەکێتی بوون و دۆشاوی شیرینی خورمای سەرکەوتنی یەکێتی و کوردستانیان نۆشکرد و پەیام و روانگە و رێبازی یەکێتیی نشتمانیی کوردستانیان بە راست و گونجاو دەزانی بۆ ئەم قۆناغەی کوردایەتی و توانای گۆرانگارییان لە سیتمی دەسەڵات لە هەرێمدا، لە بازووی بەھێزی یەکێتیدا دەبینی، چونکە دەزانن تەنهائەو حزبەیە کە بتوانێت بێ جیاوازی، خەونی جەلەوە و خانەقی و ھەموو کورد لە گشت کونجێکی ئەم نیشتیمانەدا سەوز بکات و بێ جیاوازیی خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و رەنجدەرانی بیروبازوو بەتایبەتی بکات.
*ئەندامی(م.س)و لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری
دیمەنێکی شاری خانەقین