رۆزا دڵشاد مەریوانی
31 ی تشرینی یەكەمی هەموو ساڵێك لە رۆژمێری نەتەوە یەكگرتووەكاندا بە رۆژی جیهانی شار دانراوە، 193 وڵاتی ئەندام لەو رێكخراوەدا ساڵی (2015) ئیمزایان لەسەر ئەوە كردووە شارەكانی دنیا بەرەو سیستمی گەشەپێدانی بەردەوام بەرن، ئەمساڵیش جەخت لەوە دەكرێتەوە چۆن گەنجان لە مەسەلەكانی گەشەپێدانی بەردەوام و گرنگیدان بە ژینگە بەشداری پێبكەن.
واتا رۆژی جیهانیی شار رۆژێكە بۆ پارێزگاریكردن لە شارستانییەت و لەمساڵدا پەیوەستكراوە بە بەكارهێنانی گەنجان لە دروستكردنی بڕیارەكاندا بۆ گەشەپێدانی شارستانییەت و مەسەلەكانی تایبەت بە ژینگەوە، چونكە بە پێی راپۆرتەكانی ئەو رێكخراوە بێت (70 ٪) ی دانیشتوانی گۆی زەوی بە گەیشتن بە ساڵی 2050 شارەكانی دنیا پڕدەكەنەوە، هاوكات وا چاوەڕوان دەكرێت بۆ ساڵی 2030 تەمەنی(60 ٪)ی خەڵكی ناوچە شارستانییەكان لە ژێر 18 ساڵەوە بێت، بۆیە دیاریكردنی رۆژێكی لەو جۆرە و بەستنەوەی بە گەنجانەوە بەشێكە لە پلانەكان بۆ مەسەلەی گەشەپێدانی بەردەوام. ئەمە لە كاتێكدایە هێشا زۆربەی شارەكانی دنیا بە تایبەتی لە ناوچەكانی باشووری جیهاندا بەدەست هەژاریی و نا عەدالەتیی كۆمەڵایەتی و دۆخی خراپی ژینگەوە دەناڵێنن.
بابەتی رۆژێك بۆ شار دەكرێت لەلای خۆشمان وەك بابەتێكی جددی تەماشا بكرێت، بۆ زیاتر بەكارهێنانی گەنجان لەو مەسەلانەی پەیوەندییان بە گەشەكردنی كۆمەڵگەوە هەیە، بەو پێیەی كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكی گەنجە و رێژەی گەنجان لەنێو پێكهاتەی كۆمەڵگەكەماندا زیاترە، بۆیە بەكارهێنانی توێژی گەنجان و بەشداریپێكردنیان لە هەموو ئەو بابەتانەی گرنگن بۆ وڵات و شار و كۆمەڵگەكەمان پیرۆزترین كارە بكرێت، زیاتر هانی گەنجان بدرێت بۆ كردنی ئەو كارانەی بۆ بەرژەوەندیی كۆمەڵگەن وەك ئەو خۆبەخشە گەنجانەی كاردەكەن لە پاككردنەوەی سروشتی وڵاتەكەماندا و ژینگەدۆستن، یان ئەوانەی لە بابەتی ئاژەڵە بێ لانەكاندا خۆبەخشانە كاردەكەن..هتد، بێگومان گرنگترین خاڵیش ئەوەیە دروستكەرانی بڕیار لەم وڵاتەدا زیاتر گەنجانی بەتوانا بهێننە پێشەوە و بەشدارییان پێبكەن لە مەسەلە گرنگەكانی پەیوەندییان بە داهاتووی وڵاتەكەوە هەیە، چ لەڕووی سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە چ لەڕووی ژینگەییەوە، بۆئەوەی هەوڵبدەین گەنجان و نەوەی داهاتوو تێبگەن لەوەی شار و وڵاتەكەمان، داروپەرتووی باڵەخانەكان نییە، شار تەنیا خاكێك نییە راگوزەر پێیدا تێپەڕبین، شار بەشێكە لەو نیشتمانەی ماڵی ئێمە و نەوەكانی دوای خۆمانە، بۆیە پێویستە ماڵێكی ئارام و سەلامەت بێت بۆ هەموان.