مامەڵەکردن بە کچان و ژنانەوە لە فۆرمێکی نوێدا

10:13 - 2024-11-04
پرژە زاهیر جەلال
162 خوێندراوەتەوە

  پرژە زاهیر جەلال 

ئەو تەکتیکە نوێیەی کە (دەڵاڵ) ەکە بەکاری دەهێنێت بۆ فریودانی کچان، زۆر راستەقینە دەردەکەوێت، لە شێوەی کەسێکی قوربانیدا رۆڵ دەگێڕێت بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی بەرامبەر تا ئەو کاتەی نێچیرەکەی خۆی راو دەکات


شێوازێکی دیکەی مامەڵەکردن بە کچان و ژنانەوە لە فۆرمێکی نوێدا دەرکەوتووە، کە بێ ئەندازه مەترسیدارە، بە تایبەت بۆ ئەو خانمانەی لە دەرەوە کار دەکەن، پێویستە خوێنەری ئەم بابەتە گرنگە بن، چونکە ئەو تەکتیکە نوێیەی کە (دەڵاڵ) ەکە بەکاری دەهێنێت بۆ فریودانی کچان زۆر راستەقینە دەردەکەوێت، لە شێوەی کەسێکی قوربانیدا رۆڵ دەگێڕێت، بۆ وروژاندنی هەست و سۆزی بەرامبەر تا ئەو کاتەی نێچیرەکەی خۆی راو دەکات. 
هاوڕێیەکم رووداوەکەی بۆ باسکردم  وەک خۆی بۆتان دەگێڕمەوە تا ئاگاداری ئەو مەترسییە بن.

کاری فرۆشیاریی
 چەند مانگێک بەر لە ئێستا سەردانی کچێکی هاوڕێم  کرد بۆ شوێنی کارەکەی کە لە دوکانێکی پۆشاکی خانمان کاری فرۆشیاریی دەکات، گێڕایەوە، وتی: رۆژێک ژنێکی قەڵەوی لەچک بەسەر، چاکەتێکی درێژ و جانتایەکی کۆنی بە شانەوە بووە خۆی کرد بەژووردا، سەیری پۆشاکەکانی کرد، پاش بەخێرهاتن لە نرخی هەندێک پۆشاکی پرسی و بەگشتی سەیری پۆشاکەکانی دەکرد. وەک باسی کرد کەمێک تەمەنی هەبووە، بەڵام هیچی نەکڕیووە و لە ناوی هاوڕێکەمی پرسیووە و هەندێک پرسیاری تایبەتی لێ کردووە کە ئایا شووی کردووە؟ پاش ئەوەی ئەڵقەکەی پەنجەی بینیووە دڵنیا بووە هاوسەری هەیە، بۆیە دیسان دەستی کردۆتەوە بە پرسیار، ئایا منداڵی هەیە؟ تەمەنی چەندە؟ چەندێکە شووی کردووە؟ بێگومان هاوڕێکەم خۆی لە وەڵامە تایبەتییەکان دزیبووە وە ئەوەشی وەڵامی دابووەوە دوور بووە لە راستییەوە.  ئەو وتی: بەدەم ئەو پرسیارانەوە پێدەکەنی و نزیکدەبۆوە بە شێوەیەک دەستی لە قژم دەدا و وەسفی دەکردم، منیش کەمێک چوومە دواوە، چونکە هەستێکی خراپم هەبوو بەرامبەری، لێی پرسیم دەتوانم دابنیشم؟ منیش فەرمووم لێکرد، داوای پەرداخێک ئاوی کرد، زوو پەرداخە ئاوەکەم پێدا، بەڵکو زووتر بڕوا، بەڵام زیاتر جێی خۆش کرد. 

دەڵاڵیی کردووە
هاوڕێکەم لە درێژەی قسەکانیدا وتی: کەوتە کۆمەڵێک قسەی زۆر سەیر و سەمەرە! ناوی خۆی بە(نازەنین) ناساند و راستەوخۆ باسی ژیانی هاوسەری خۆی کرد، وەک ئەوەی چەندین ساڵ بێت بیناسم! هاوڕێکەم لە نامۆیی بارودۆخەکەدا ئەو تەلەفزیۆنەی هەڵکردبوو کە کامێرای چاودێریی لەسەرە، تا نازەنین بیبینێت و بزانێ شوێنەکە بە تەواوی لەژێر چاودێریدایە، چونکە ترس و گومانەکانی زیاتر دەبوو، نازەنین لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە که بەزۆر بەشوو دراوە بە ئامۆزایەکی خۆی و هیچ خۆشی ناوێت، گوایە مێردەکەی کەسێکی ناساز و وشکە، بەڵام خۆی زۆر کۆمەڵایەتییە و خاوەنی پێنج منداڵە، هەموویان بڕوانامەی ئەندازیاری و پزیشک و پارێزەریان هەیە و هاوسەرگیرییان کردووە. پاش کەمێک لەم قسانە دەستی کردووە بە گریان ! هاوڕێکەم وتی نەمزانیوە دەبێت چی بکەم، پرسیومە خانم تەندروستیت باشە؟! بەڵام نازەنین وتویەتی زۆر دڵم پڕە، من چیرۆک دەنووسم و خۆم بە نووسەر دەزانم شتی زۆر جوان دەنووسم، بەڵام مێردەکەم رێگەم نادات بڵاویان بکەمەوە، تەنانەت رێگەی نەداوە مۆڵەتی شۆفێریم هەبێت، بەڵام بەگوێم نەکردووه، لەم قسانەدا بووە، تەلەفۆنەکەی نازەنین زەنگی لێداوە، وەڵامی داوەتەوە، ئەلو کاکە ئازاد چۆنیت، هاوڕێکەم بە بیستنی دەنگی ئەو پیاوە و قسەکانیان زانیویەتی کە شۆفێرێکی تەکسییە و بە نازەنینی وتووە کە ژنی بۆ بهێنێت، نازەنین لە وەڵامدا وتویەتی: ژنی چی؟ ئەی خۆ ساڵێک دەبێت ژنم بۆ هێنایت و مناڵێکیشتان هەیە، شۆفێرەکە پێی وتووە لێی بێزاربووم دانەیەکی ترم بۆ پەیدا بکە، هاوڕێکەم وتی بە بیستنی ئەم قسانە تووشی شۆک بووم، بەڵام هەرزوو تێگەشتم دەبێت چی بکەم، نازەنین وتبووی کاکە ئازاد ئێستا لە دوکانێکم کچێکی ئەوەندە باش و جوانی لێیە بەس وابزانم هاوسەری هەیە بەداخەوە لەدەست من و تۆ چوو، دیاربوو شۆفێرەکە پێی وتبوو  لە کوێی با بێم، بەڵام وتبوی کاتێکی تر، دواتر نازەنین بەڵێنی پێداوە ژنی بۆ پەیدا بکات و پەیوەندییەکەیان داخستبووەوە، هاوڕێکەم وتی: لەدوای ئەو پەیوەندییە تەواو دڵنیابوومەوە ئەمە تۆڕێکی دەڵاڵیە لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا لەژێر ناوی هاوسەرگیریی، کڕیارەکان پەیوەندی بە نازەنینەوە دەکەن.  بەڵام ئەو ژنە دیسان دەستی کردبۆوە بە قسەکردن و وتبوی یازدە ساڵە لە ڕقی مێردەکەی کاری دەڵاڵی دەکات، تا ئێستا هاوسەرگیریی بۆ دەیەها کەس رێکخستووە و ئەم کارە بۆ ئارەزووی خۆی دەکات وەک خێر و خۆبەخش، چونکە مێردەکەی پێی ناخۆشە، بەڵام هەر بەردەوام دەبێت. دواتر هاوڕێکەم وتبووی خانم کات درەنگە و دەبێت دوکان دابخرێت، ئاخۆ هیچ ناکڕیت، وتبووی نەخێر کاتێکی تر دێمەوە بۆلات بەس ژمارەکەت یاخود ئەکاونتێکی خۆتم بدەرێ تا پەیوەندیت پێوە بکەم، هاوڕێکەم وتی بە شێوەیەک توڕەبووم و رەتم کردەوە زیاتر بەرگەم نەگرت و فەرمووم لێ کرد که بچێتە دەرەوە، چونکە ئێرە شوێنی ئیشە و تەنیا وەک کڕیارێک پێشوازی لێ دەکرێت نەک دەڵاڵ.
ئەو کچە بە زیرەکی خۆی لەو رووداوە دەربازیبووە، بەڵام دەکرێت هەمووان رزگاریان نەبێت و ببنە نێچیری ئەو فێڵە مەترسیدارانە، لەبەرئەوە باشترین خۆپارێزی قسەنەکردن و بێدەنگییە لەگەڵ کڕیاردا دەربارەی زانیارییە کەسییەکانتان، پێویستە لەسەر هەر خانمێک کاتێک دێتە دنیای کاری ئازادەوە ناوێکی خوازراوی دوور لە ناسنامەی راستی هەبێت.

وتارەکانی نوسەر